|
|
|
|
|
|
كوا ئاسووده‌یی منداڵه‌كانمان؟
ڕێناس ئه‌حمه‌د
شه‌ممه-05-حوزه‌یران(مانگی 6)-2010
پێویسته خێزان، كه بنكه‌یه‌كی كۆمهلاَیهتی و یه‌كه‌مین خانه‌ی كۆمه‌ڵگایه، ده‌بێت ژینگه‌یه‌كی سروشتی و ئاسایی تیادا خهملاَبێت.. كه خۆشگوزهرانیو ئاسووده‌یی بۆ ئه‌ندامه‌كان به‌گشتی و بۆ زارۆكه‌كانی به تایبه‌تی تیادا خۆشكرابێت، هه‌روه‌ها پاراستن و یارمه‌تی و هاریكاری و رێنوومایی به‌رده‌وامی ئه‌م خێزانه به به‌رده‌وامی ئه‌ركی حكومهتو دامودهزگاكانیهتی، بۆ ئه‌وه‌ی كه خێزان به ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی ئاسایی خۆی هه‌ستێت.. ده‌بێت خێزان، ئه‌و مافه به‌منداڵ ببه‌خشێ كه كه‌شوهه‌وایه‌كی پڕ له خۆشهویستیو شادی‌و ده‌رك پێكردن و سۆز و به‌زه‌یی پێشكه‌شكردنی بۆ فه‌راهه‌م بكات.. له‌مباره‌یه‌وه پێویسته په‌روه‌رده‌ی خێزانیی، یان كۆمهلاَیهتی میتۆدی زانستی‌و مۆدێرن به‌كاربێنێ بۆ نه‌هێشتنی جیاوازی ڕه‌گه‌زی، ره‌نگ، زایه‌ند، زمان، ئایین، نهتهوهییو جڤاكی‌و سامان و پله و پایه نه‌كرێته پێوه‌ر بۆ په‌روه‌رده‌كردن و گۆشكردنی منداڵ . هه‌روه‌ها ئه‌ركی باوان و ده‌وڵه‌ته كه مندالاَن له شه‌ڕو جه‌نگ به‌دوور بگرن و چاودێری تایبه‌تی بكرێن.. منداڵ لاوازترین و بێهێزترین ئاده‌میزادی كۆمه‌ڵگایه، بۆیه ده‌بێت پارێزگاری لێبكرێت، له‌كاتی نه‌خۆشیشدا، پاراستنی گیان و جه‌سته‌ی، دابینكردنی ده‌رمان و شوێنی حه‌واندنه‌وه، بیمه‌ی ته‌ندروستی و هاریكاری منداڵ له رووی ماددی و مه‌عنه‌ویه‌وه گرنگه.. منداڵ ده‌بێت خه‌رجی و نه‌فه‌قه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت و (ئه‌وه‌ش مافی منداڵه به‌پێی جاڕی گه‌ردوونی مافی منداڵ‌و مرۆڤ ).. هه‌روه‌ها نابێت سامان و كاروباری ئابووری منداڵ دووچاری ده‌ستێوه‌ردانی نایاسایی و ناشه‌رعی ببێته‌وه.. هه‌موو خێزانێك ده‌بێت ئه‌و راستییه بزانێت كه نابێت لێدان و سزادانی جه‌سته‌یی و ئازاردان و هه‌ره‌شه لێ‌كردن و هه‌راسانكردنی ده‌روونی وه‌كو ئامرازێكی په‌روه‌رده‌كردن و به‌خێوكردن به‌كاربێنێت، چونكه دواجار كاریگه‌ریی خراپ و نێگه‌تیڤی به‌سه‌ر لایه‌نی دهروونیو كۆمهلاَیهتی كه‌سایه‌تیی منداڵه‌وه جێدێڵێت.. پێویسته منداڵ پێش ئه‌وه‌ی بوونه‌وه‌رێكی بایۆلۆژی بێت، وه‌ك مروڤێك ته‌ماشا بكرێت و رێز له مرۆڤبوونی بگیرێت ، پێگه‌و به‌های كۆمهلاَیهتی ئه‌وتۆ و دیاری بۆ دابین بكرێت! مندالاَنی كه‌مئه‌ندام و هاندیكاپ و نه‌خۆش و شێت، پێویستی تایبه‌تییان به پاراستن و چاودێرێ هه‌یه، باوان و ده‌وڵه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی ده‌ستووری و یاسایی ئه‌م حاڵه‌تانه سیستماتیزه ده‌كه‌ن.. بۆ ئه‌وه‌ی له توندوتیژی و بێبه‌زه‌یی و گاڵته‌جاڕی كۆلاَن و شه‌قامه‌كان به‌دووربن و پارێزراو بن.. هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌موو خێزانێك ئه‌وه بزانێت كه ماف و هه‌قی منداڵه كه بخوێنێت و ده‌رفه‌تی فێربوونی زمان و زانیاری بۆ بڕه‌خسێ و هه‌تا وه‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌یه‌كی دیاریكراو كه به‌پێی یاسا، ئیلزامی كرابێت، ده‌بێت حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتی و چاودێری مندالاَن بكه‌ن له‌و وه‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی خوێندندا خێزانه‌كان ئاگادار بكه‌نه‌وه.. هه‌ر له‌مبواره‌وه، حكومه‌ت پێویسته (ماس میدیا) به‌گه‌ڕبخات بۆ وشیاركردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و زانیاری لای مندالاَنو خێزانه‌كان و له‌كایه‌ی فێركردن و رۆشنبیركردندا رۆڵی گرنگ بگێڕن، پێویسته وه‌زاره‌ته تایبه‌ته‌كان، لیژنه‌ی تایبه‌ت ته‌رخان بكات بۆ ئه‌وه‌ی بواره‌كانی ته‌ندروستی و وشیاری و زانستی و فراوانكردنی خه‌یاڵی و ئاكاری و رۆحی مندالاَن (به‌پێی میتۆدی زانستی‌و جیهانی) په‌ره پێبدات.. سوود گه‌یاندن به فه‌رهه‌نگی مندالاَن و خستنه به‌رده‌ستی كه‌ره‌سته سوودبه‌خشه‌كان و جیاكردنه‌وه‌ی له مادده زیانبه‌خشه‌كان ئه‌ركی یه‌كه‌می ده‌وڵه‌ته و پاشان ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان و دواجار خێزانه! پاراستن و وشیاركردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی كه‌سێتی منداڵ ئه‌ركی سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌كی و یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌ت و خێزانه و مافی سه‌ره‌تایی منداڵه! باخچه‌ی گیاندارانی منداڵ و مێردمناڵ و نه‌وجوانان له دونیادا جوانترین و ڕازاوه‌ترین شوێنن بۆ حه‌سانه‌وه، به‌ڵام له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌دا توێژی مناڵ و مێرد مناڵ(كچان وژنان) ههتیووترین و بێنه‌واترین و بێكه‌سترین توێژێكن كه مافه‌كانیان هه‌رگیز بۆ ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه و ته‌نها ئه‌ركێكی زۆریان به‌سه‌ردا ئه‌سه‌پێنن و وه‌كو مێگه‌ل و ئاژه‌ڵ ملكه‌چ و ترسنۆك و له‌رزۆك و نه‌زان وچاوچنۆك و جنێوفرۆش گۆش ئه‌كرێن، ئاستی زانستی ومهعریفیان زۆر نزمه وخاڵی و به‌تاڵن لهخولیاو ئاره‌زوو، مشه‌خۆر و ته‌مه‌ڵن نه‌ك به‌رهه‌م هێن و كارا، تاكو ئێستا هیچ به‌رنامه و پڕۆگرامێك له‌ئارادا نیه كه كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و شارستانی دابمه‌زرێنرێت مناڵانی كورد هیچ بڕیارێكی فه‌رمی و ده‌ستوریی و مه‌ده‌نی ئینسانی نایانگرێته‌وه! ئه‌و ده‌زگاو سه‌نته‌ر و دامه‌زراوانه‌ش كه لێره و له‌وێ بۆ مناڵ و گه‌نجان دامه‌زراون ناگه‌نه مه‌به‌ست و له ئاست خواست و پێداویستی ومافهكانیاندا نین، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ مافی مناڵانی جیهانیدا هاوتا و یه‌كسان ناوه‌ستنه‌وه، پابه‌ندیش نین به‌جاڕی گه‌ردوونی جیهانیه‌وه مافی ژیانی مناڵان (وه‌كو گه‌وره‌كان) له‌نێو خێزان وكۆڵان و شه‌قام و قوتابخانه‌كاندا له‌كۆمه‌ڵگه‌دا به‌گشتی نه‌پارێزراوه و دابین نه‌كراوه، ناتوانرێت به‌هیچ سه‌نته‌ر و دامه‌زراوه‌یه‌ك بوترێت مناڵ پارێز له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ما سه‌ره‌كی وگرنگه‌كانی پاراستنی مافی مناڵانی تیادا مه‌یسه‌ر نه‌كراوه، مناڵانی كورد لهبێنازی وحیرمان و هه‌تیوی وبهڕهڵایی وبێ ده‌رامه‌تیدا ژیانی كوله‌مه‌رگی و ڕه‌شۆكی ئه‌ژی، مناڵی كورد ده‌رماڵه و بیمه‌و هاوكاری مادی نیه له‌هیچ موناسه‌به وبۆنهیهكدا دیاری پێشكه‌ش ناكرێت، ژیان و خوێندن وته‌ندروستی و یارییه‌كانی زامن و دابین نییه!.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/wtar/wtar-2010-06-05-2117.html