|
|
|
|
|
|
منداڵ زۆر خستنه‌وه، مافی منداڵ پێشێل ده‌كات
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ
شه‌ممه-05-حوزه‌یران(مانگی 6)-2010
له‌كاتی جیابوونه‌وه و تهلاَق، یان مردن‌دا، ده‌بێت به‌پێی چاودێری یاسایی و له به‌رژه‌وه‌ندی منداڵدا بڕیار هه‌موار بكرێته‌وه، ده‌بێت منداڵ له‌و نێوانه‌دا په‌یوه‌ندی به باوك، یان بهدایكهوه نه‌پچرێت و بێبه‌ش و مه‌حروم نه‌كرێ، بێنه‌واو بێلانه نه‌كرێ.. له‌كاتی فڕاندن و هه‌ڕه‌شه لێكردنی به كوشتن، پێویسته به‌شێوازێكی تایبه‌ت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كه‌یدا بكرێت، هه‌وڵ و ئامانجی سه‌ره‌كی له پێناوی سه‌لامه‌تی منداڵه‌كه‌دا بێت و ئه‌مه‌ش جاڕی گه‌ردوونی مافی مندالاَن چه‌سپاندوویه‌تی.. هه‌روه‌ها له‌كاتی هه‌بوونی باوه‌پیاره، یان باوه‌ژندا ده‌بێت پاراستنی رۆح و گیانی منداڵ بخرێته ژێر چاودێریی ده‌وڵه‌ت و یاساوه، ده‌بێت لیژنه‌ی تایبه‌ت به به‌رده‌وامی هامووشۆی ئه‌و خێزانانه بكه‌ن.. گرنگه خێزان بتوانێ ئازادی بیركردنه‌وه‌و ده‌ربڕین و ئاخاوتن و گه‌مه‌و یاری مافێكی ڕه‌وای مندالاَن بن. چه‌پاندن و كه‌بت به‌سه‌ر هزرو ره‌فتاری منداڵه‌وه پیادهنهكرێت، خێزان پێویسته به‌رنامه‌ی سنووردانان بۆ منداڵبوون (تحدید النسل) هه‌ڵبژێرێت، چونكه منداڵ زۆر خستنه‌وه، مافی منداڵ پێشێل ده‌كات هه‌قی خواردن و خه‌وتن و یاریكردن و خوێندن له منداڵی یه‌كه‌م ده‌سه‌نێته‌وه، كه خێزانی كورد منداڵی زۆر خستنه‌وه زۆر به‌خراپی و به كه‌موكوڕی و به توندوتیژی و به لاوه‌كی و به كه‌مته‌رخه‌مییه‌وه په‌روه‌رده‌یان ده‌كات.. مافیان پێشێل ده‌كات، هه‌قیان ده‌خوات! هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ی باسم لێوه كرد، مافی ره‌وای مندالاَنن، كه به‌داخه‌وه له كوردستاندا زۆر به كه‌می و به‌ده‌گمه‌نی پێڕه‌وكراوه و مافی منداڵی كورد نه‌پارێزراوه! زۆرێك له خێزانی كورد، منداڵیان فڕێده‌ده‌نه كۆلاَن و شه‌قامه بێبهزهیهكانهوه.. منداڵیان له خوێندن بێبه‌ش ده‌كه‌ن، منداڵیان بۆ كاسبی و ئیشكردن و ده‌ستگێڕی و شت فرۆشتن فڕێ ده‌ده‌نه سه‌رجاده‌و شه‌قامه‌كان! مافی هه‌موو منداڵێكه، ژیانێكی سه‌ربه‌خۆی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت، كه ئازادی و ئاستی سه‌روه‌ری و سنگفراوانی و یه‌كسانی و هاوكاری به هه‌موو ورده‌كاری و به‌نده‌كانییه‌وه پێشكه‌ش به‌منداڵ بكرێت.. منداڵ چونكه له‌رووی مێشك و جه‌سته‌وه ناكامڵ و ناته‌واوه ، پێویستی به پاراستن‌و چاودێری هه‌یه، بۆیه پێویسته یاسای پاراستن و په‌رژینی قانوونی بۆ منداڵ بچه‌سپێنێ.. منداڵ، ئه‌و بوونه‌وه‌ره جوان‌و ناسكه‌ی كه باوك‌و دایك به‌وپه‌ڕی شه‌یدایی و جۆش و خرۆشه‌وه داخوازی ده‌كه‌ن و عه‌وداڵی دروستكردن و پهیداكردنین، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی دوای خۆیان ببیننه‌وه‌و په‌یام و مه‌شخه‌ڵی ده‌ستی خۆیان بۆ مه‌به‌ستی به‌رده‌وامبوون و چوونه پێشی ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوو بده‌نه ده‌ست منداڵی خۆیان، كه به نه‌وه‌و وه‌چه‌ی نوێ و پیاوی ئاینده له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.. به‌و رۆژه‌وه‌ی كۆرپه‌له، به‌كۆڵێك ژان‌و ئازار و گریانه‌وه، چاوی بۆ ژیان هه‌ڵده‌هێنێ به مرۆڤ و به كه‌سێتیه‌كی سه‌ربه‌خۆ حسێبی بۆ ده‌كرێت، ناوی تایبه‌تی لێده‌نرێت، ناسنامه و ڕه‌گه‌زنامه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی بۆ ده‌ردێنن، به‌و واتایه‌ی مافی ژیان و زینده‌گی پێده‌به‌خشرێت، مافه‌كانی منداڵ به جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مانیفێست كراون و بانگهێشت كراون، ئه‌ركی سه‌رشانی باوك و دایكانه به‌جوانترین و نایابترین شێواز به‌خێوو په‌روه‌رده‌ی بكه‌ن، ژووری تایبه‌ت و جێی تایبه‌ت و خۆراك و پۆشاكی تایبه‌تی بۆ دابین بكه‌ن.. خزمه‌تگوزارییه‌كانی بواری ته‌ندروستی منداڵ ئه‌ركی یه‌كه‌مین و سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ته.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/wtar/wtar-2010-06-05-0839.html