|
|
|
|
|
|
تاوان و سزا و یاسا....( له‌به‌ر رۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا)
كۆمه‌ڵناس: حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ
چوارشه‌ممه-26-ئایار(مانگی 5)-2010
تاوان، دیارده‌یه‌كه له‌هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كدا رووده‌دات، بهلاَم رێژهكهیو شێوازی كۆنترۆڵكردنی ده‌گۆڕێت، هۆكاری به‌رپرسیار له هه‌ڵكشان‌و زیادبوونی تاوانكاری‌و كوشتاردا له هه‌موو كۆمه‌ڵگاكانی دونیادا ئه‌م هۆكارانه‌ن: دابونهریتو نۆرمی كۆمهلاَیهتی، وتاری ئاینی سهردهستو باو، په‌روه‌رده‌ی خێزانی، رۆڵی دهسهلاَت له سه‌روه‌ركردنی یاسای پێشكه‌وتووی نامهتاتیداو چه‌سپاندنی سزادا، باری ئابووری كه گرنگترینیانه، تاوان په‌یوه‌ندی به پێشكهوتووییو دواكه‌وتویی كۆمه‌ڵگاوه نییه، عێراق‌و ئه‌مریكا نموونه‌ی هه‌ره دیاری تاوانن‌و سه‌رقافڵه‌ن له لیستی تاوانكارییدا. دابونه‌ریتی كۆمهلاَیهتی له كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا بۆته ئینجیل‌و یه‌كه‌مین وانه‌ی فێربوون پێشكه‌ش به خێزانی كورد ده‌كات، عه‌قڵییه‌تی كۆنهخوازیو خێڵه‌كی ئاماده‌یه له خێزاندا بۆ چاندنی تۆوی رۆحی ره‌گه‌زپه‌رستی له هزرو بیركردنه‌وه‌و ره‌فتاری تاكی كوردا، په‌روه‌رده‌ی خێزانی كورد بریتییه له پیاده‌كردنی نایه‌كسانی‌و ناعهدالهتیو زوڵم‌و لێدان‌و جووداكاری نێوان ره‌گه‌زی نێر‌و مێ.. سهدانو هه‌زاران ساڵه خێزانی كورد هه‌ڵگری په‌یامی نه‌ریتخوازی‌و نۆرمی كۆنه‌خوازه.. ئه‌م خێزانه ته‌وقی ژه‌نگاوی تهقلیدییهتو موحافیزكارانهی دابونه‌ریتی كۆمهلاَیهتی خێڵه‌كی‌و عه‌شیره‌تگه‌رایی له ملدایهو ناتوانێ رچهشكێنو كوده‌تا بهرپاكار بێت، وتاری ئایینی باویش هه‌مان ستایلی دابونهریتو خێزانی هه‌یه‌و بگره زیاتریش، چونكه به درێژایی مێژوو، ئایین و پیاوانی ئاینی دارده‌ستی حاكمه دیكتاتۆر‌و تاكڕه‌وه‌كان بوون و رۆحی تووڕهییو شهڕانگێزیو تاوانكاری‌و كوشتن‌و بڕینی مرۆڤیان له‌نێو ناخی تاكی كوردا موتوربه كردووه.. ئه‌و سێ هۆكاره سه‌رچاوه‌و كانگای خهملاَندنی نایه‌كسانی رهگهزییو نادادوه‌ری كۆمهلاَیهتیو تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و رێز نه‌گرتنی یاسا‌و رێسای مهدهنییهتن.. عه‌قڵی عه‌شیره‌تگه‌را سهردهستو زاڵ ده‌كه‌ن كه لێدان‌و خوێنڕشتن له شوێنی دیالۆگ‌و لێكبووردن دادهنێنو ئه‌مه‌ش كاره‌سات ده‌قه‌ومێنێ، كاتێك دوو هۆكاره گرنگه‌كه‌ی دیكه‌ی زیادبوونی تاوان كه بریتین له دهسهلاَتو باری ئابووری زه‌مینه خۆشكه‌ر بن. زۆر له‌مێژه سۆكراتی پیتۆڵو حه‌كیم وتویه‌تی: جه‌هاله‌تو هه‌ژاری باوكی تاوانكاریین! تاوان‌و رۆحی شهڕانگێزیو توندوتیژیو كوشتن‌و بڕینی مرۆڤ خۆی له‌نێو ههژاریو نه‌زانیندا مهلاَس داوه، له‌هه‌ر جێیه‌كدا بێكاری هه‌بوو، بێكار بونه‌وه‌رێكی بێزار‌و دڵته‌نگه، كه‌واته به پاسادانان بێكار بۆمبێكی نوستووه‌و فشاری ده‌روونیی توندی له‌سه‌ره. بۆ پارووه نانی خۆی و زارۆكی برسی و نه‌خۆشی هاوه‌ڵی شهیتانو ئه‌هریمه‌نیش ده‌كات.. جاهیلو نه‌خوێنده‌وار كوڕی كۆلاَنو شه‌قامه مه‌ترسیداره‌كانن، بۆ په‌یداكردنی بژێوی‌و پارووهنان، بۆ دامركاندنه‌وه‌ی هه‌وه‌سی سێكسی خۆی، ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ بانده‌كانی مافیا‌و چه‌ته‌كانی مهحشهریشدا هاوڕێ بێت. له كوردستانی ئازاد‌و زه‌نگیندا نزیكه‌ی (52%)ی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژارو بێكارو نه‌خوێنده‌وارو نه‌زانن، گرانیی بازاڕ بۆ ئه‌وان كاره‌ساته‌و نزیكه‌ی (35%)ی كوردستانی ده‌وڵه‌مه‌ند كرێچینو وه‌كو كۆیله‌ی ساحێب خانوو ده‌ژین، ئه‌مه‌ش زهمینهیهو سازدراوه‌و سه‌ختی ژیان هانده‌ره بۆ تاوانكاری كوشتن‌و توندوتیژیو شه‌ڕانگێزی. بانده‌كانی له‌شفرۆشی وه‌كو (كه‌وه‌ر) له‌زیادبووندان، هه‌زاران لاو‌و گه‌نجی چه‌پێنراوی مالۆسو شههوانیی ئاماده‌ن له‌شكڕو دهلاَڵً بن.. ئه‌ندامی كارای ئه‌و باندانهبن. نزیكه‌ی (7%)ی ئه‌و زۆرینه هه‌ژاره، به‌شدارو چالاكن له مه‌یسه‌ركردنی كهتنو خراپه‌كاری‌و تاوان‌و كوشتندا.. پاسادانی ئه‌م قسانه‌شم به‌وه ده‌كه‌م، كه له‌م دوواییانه‌دا له ناوچه‌كانی گهرمیانو سلێمانی‌و هه‌ولێرو ئاكرێ و مهخمورو كه‌ركوك و زۆر شوێنی‌تر، بانده‌كانی فڕاندن‌و دزین‌و تاوانكردن‌و ژن كوشتن‌و منداڵ كوشتن‌و گه‌نج كوشتن له هه‌ڵكشاندان، میدیا‌و سایته‌كان و ئاژانسه‌كان(به‌زۆر زمانی دیكه‌ی جیهانی) گه‌واهی قسه‌كانمانه. ئه‌مڕۆكه رێژه‌یه‌كی زۆر له مێرد مندالاَن و لاوان هه‌ن، وازیان له خوێندن هێناوه، یان له خوێندنگه‌كانیش گێرهشێوێننو شه‌ڕانگێزو كهتنكارن، گه‌نجانێك په‌یدابوون بۆ وه‌ده‌ستهێنانی چه‌ند دۆلارێك، تاوان‌و فڕاندن‌و كوشتن بۆته پیشه‌ی شه‌وو رۆژیان.. ئینجا با بزانین ره‌وشی دهسهلاَتی كوردی چییه، كه هۆكارێكی گرنگه بۆ كۆنترۆڵكردن‌و بنبڕكردنی تاوان‌و مرۆڤكوشتن له كۆمه‌ڵگادا، سه‌ره‌تا پێش هه‌موو شتێك دهسهلاَتی كوردی كه بریتین له: سه‌رۆكایه‌تی ههرێمو حكومهتو په‌رله‌مان پێویسته خه‌مسارد نه‌بن و گه‌رموگوڕ له‌گه‌ڵ هۆو هۆكاره‌كانی توندوتیژیو تاوانكردن‌و مرۆڤكوشتندا شه‌ونخوونی و خزمه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا ئه‌نجام بده‌ن، له‌جیاتی (8)كاتژمێر ده‌وامكردن، ده‌بێ له‌م كوردستانه ههناسهساردهدا(25)كاتژمێر له ههوڵو كۆششدا بن. (یاسا)ی سه‌روه‌ختی به‌عسی و سه‌دام نابێ له‌م سه‌رده‌مه‌ی كه‌پێی ده‌ڵێین: ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوونی مرۆڤ، كاری پێبكرێت.. ده‌بێ یاسای نوێ و پێشكه‌وتوو سه‌روه‌ر بكه‌نه‌وه‌و ئاكتیڤی بكه‌نه‌وه له دادگاكان‌دا، نه‌ك به‌پێی میزاج و نفوز‌و نقودی سه‌ركرده‌ی فه‌رمانده حوكم بكات.. ده‌بێ ئه‌و یاسایه له سه‌رووی به‌رپرسه‌وه بڕیار ده‌ربێت نه‌ك زه‌لیل، چونكه هه‌رده‌م مرۆڤ ئاماده‌گی تیایه ببێته (گورگه‌كه‌ی تۆماس هۆبز!) بۆ بهمهدهنیكردنو قوتاربوون له یاسای جه‌نگه‌ڵ، پێویسته زیندانیكردن‌و سزای توند‌و غه‌رامه‌ی قورس وه‌كو له‌مپه‌رێك دژ به تاوانكردن‌و توندوتیژیو كهتنكاریو مرۆڤكوشتن به‌كار بهێنرێت! له‌م چركه‌ساته‌دا كۆمه‌ڵگای كوردی پێویستی به كهمپهینو هه‌ڵمه‌ت هه‌یه دژ به ههڵگرتنو به‌كارهێنانی چه‌ك، له ئاماری سه‌نته‌رێكی ئهمهریكیدا هاتووه كه ته‌نها ساڵی (2009) نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن چه‌ك له‌عێراقدا هه‌ن كه ئه‌مه‌ش زه‌نگێكی خهتهرناكهو ره‌نگه (52%)ی زۆرینه هه‌ژاره‌كه‌ش وه‌كو چه‌كێك هۆكارێك بن بۆ تاوانكردن، به تایبه‌ت تاكێكی كورد كه هه‌ر له منداڵییه‌وه عاشق‌و شه‌یدا ده‌كرێت به ده‌مانچه‌و چه‌ك. ئه‌گه‌ر ئه‌م دیارده‌یه كۆنترۆڵ‌و چاره‌سه‌ر نه‌كرێت و به‌رنامه‌ڕێژی زانستی بۆ نه‌كرێت، ره‌نگه وه‌كو ئه‌مه‌ریكامان لێ بێت كه هه‌ر (20)خوله‌كێك مرۆڤێك بكوژرێت. هه‌روه‌ها كاتی ئه‌وه هاتووه كه یاسای دوور له حیزب سه‌روه‌رو ئاكتیڤ بكرێته‌وه، حورمهتو شكۆمه‌ندی بۆ دادگا بگێڕدرێته‌وه، ئیفلیج نهبنو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن‌و حه‌واڵه‌ی لای دیوهخانو ماڵی سه‌رۆك هۆزه‌و خێڵه‌كان نه‌كرێن، چونكه حیزب‌و هۆزو خێڵ له ده‌ره‌وه‌ی دادگا كێشه كۆمهلاَیهتییهكان نیوه ناچڵ چاره دهكهنو له‌حیمی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش خهنجهرهو له پشته‌وه به غه‌در له یاسای ههشبهسهرمان ده‌درێ و یاسا زهلیلو ئیفلیج ده‌كات، دادوه‌رو دادگا په‌راوێز ده‌كه‌ن، مه‌ده‌نییه‌ت دووا ده‌خات، تاوانباران‌و شهڕانگێزانو مرۆڤكوژان چاوقایمترو چاونه‌ترستر ده‌كات! كه‌واته چاره‌سه‌ركردنی هۆكاره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی تاوان‌و مرۆڤكوشتن (كه بریتین له نهزانیو نهخوێندهواریو ههژاریو بێكاری‌و دواكه‌وتوویی‌و پاشاگه‌ردانیی په‌روه‌رده‌ی كۆمهلاَیهتی خێزانی كورد هه‌روه‌ها زاڵیو ركێفی دابونه‌ریتی كۆمهلاَیهتی كۆنه پارێز‌و وتاری ئایینی توند‌و باوی په‌ڕگیر) بێگومان رێژه‌ی تاوان‌و توندوتیژی "ده‌رهه‌ق به منداڵ‌و كچ‌و ژن و پیر كه بێهێزو لاوازن" كه‌متر ده‌كاته‌وه.. دهسهلاَت پێویسته یاسا‌و سزا پته‌وو سه‌قامگیرو سه‌ردار بكات، رێكخراو‌و سه‌نته‌ری ئههلیو مهدهنیو حكومی ئاكتیڤترو زۆر چالاكتر بكات، به تایبه‌ت له شارۆچكه‌و گونده هه‌توو وبێكهسهكانی كوردستاندا.. ئه‌مڕۆكه كۆمه‌ڵگای كوردی له قۆناغی وهرچهرخانو گۆڕان‌و بوژاندنه‌وه‌ی ئابووریدایه، رێژه‌ی تاوان‌و دزی‌و ئۆترمبیل فڕاندن و ژنكوشتنو دیارده‌ی تهلاَقو درۆكردن‌و لهشفرۆشیو لهشكڕینو قوماركردنو خواردنه‌وه‌ی مه‌یو كحولییاتو جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌و حه‌شیشه‌و تریاك كێشان‌و به‌كارهێنان روویان له هه‌ڵكشان‌و به‌رزبوونه‌وه‌دایه.. ده‌بێت دهسهلاَت هۆشیارترو دڵسۆزتر‌و كاراتر‌و چالاكتر بێت بۆ قهلاچۆكردنو بنبڕكردنو كه‌مكردنه‌وه‌ی خراپه‌كاری.. بهلاَم هه‌روا به كهمتهرخهمیو خه‌مساردی حوكمڕانی بكات‌و هاولاَتی ببنه گورگه‌كه‌ی هۆبز دژ به‌یه‌ك، ئه‌وا به دڵ‌و ده‌روونێكی سافه‌وه فاتیحایهك بۆ مه‌رگی كۆمه‌ڵگای كوردی بنێره‌و دانیشن به‌خێر.. *ئه‌و داتایانه له سایتیBBCیه‌وه وه‌رگیراون.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/wtar/wtar-2010-05-26-2951.html