|
|
|
|
|
|
چه‌مكی ماده‌ی هۆشبه‌ر چییه؟
لوقمان سیوه‌یلی
هه‌ینی-02-نیسان(مانگی 4)-2010
ئێمه له رووی زاراوه سازیه‌وه له سالاَنی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیست "كۆڕی زانیاری كورد" مان هه‌بوو، كه كه‌م تازۆر، وه‌ك مه‌رجه‌عێك له‌م باره‌یه‌وه پشتی پێ ده‌به‌سترا، بهلاَم به‌و شێوه یه‌كگرتوه له ئێستادا زه‌حمه‌ته شتی وا به‌دی بكه‌ین، به‌م هۆیه‌شه‌وه زاراوه‌كانمان توشی جۆرێك له لێكترازان هاتوون. به‌هه‌ر حاڵ زاراوه‌یDrug ی ئینگلیزی له كوردیا بۆ هه‌ر چوار چه‌مكی " مادده‌ی هۆشبه‌ر، مادده‌ی بێهۆشكه‌ر ، مادده‌ی سركهر " ده‌رمان و مادده‌ی بێهۆشكه‌ر " به‌كار دێت، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ تازه‌یی بابه‌ته‌كه له رووی " زه‌مان و زه‌مینه‌وه" كه وایكردوه پاشخانێكی ئه‌وتۆمان نه‌بێت له‌و بواره‌داو تووشی جۆرێك له‌تێكه‌ڵ بوون بێین، دوور نهرۆیین له‌وڵاتێكی وه‌ك میصردا مێژووی لێكۆڵینه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان یه‌ك سه‌ده‌ی له‌ته‌مه‌ن به‌ڕێكردووه، له‌كاتێكدا ئێمه له‌كوردستان له‌خاڵی سه‌ره‌تاداین. بۆ ساغ كردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكانه به پله‌ی یه‌كه‌م پێویستمان به‌كاری كه‌سانی پسپۆڕی بواری زمان هه‌یه، ئه‌مه نه‌ك لای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كه‌مئه‌زموونی ئێمه له‌م بواره‌دا، بگره رێكخراوه په‌یوه‌ندیداره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیش چه‌ند جارێك گۆرانكارییان له‌م چه‌مكانه كردووه، تا گه‌یشتوونه‌ته به‌كار هێنراوێكی ستانداركراوی وه‌ك ئه‌مرۆ، بۆ نموونه پێشتر به ئالوده‌بونیان ده‌وتAddict ، بهلاَم له سالاَنی 1961 به‌دواوه ئه‌م چه‌مكه گۆرا بۆ Dependence له زمانی كوردیشدا، ره‌نگه ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی بوێت، تا یه‌كێك له‌م زاراوانه رێچكه‌ی زانستی خۆی وه‌رده‌گرێت، كه من پێم وایه ئێستا چه‌مكی " مادده‌ی هۆشبه‌ر " نزیكترینیان بێت له راستیه‌وه به هۆی ئه‌وه‌ی "مادده‌ی سڕكه‌ر" زیاتر له بواری پزیشكیدا به‌رامبه‌ر چه‌مكی Anesthesia به‌كار دێت و به‌كارهێنانی مادده‌ی بێهۆشكهریش له ڕووی زمانه‌وانیه‌وه واتای خۆی له ده‌ست ده‌دات، چونكه هه‌ندێك له‌و ماددانه‌ی پێان ده‌وترێ بێهۆشكه‌ر ئه‌مانه نه‌ك هه‌ر بێهۆشكه‌ر نین، بگره مادده‌ی چالاكی بهخشنو مرۆڤ چالاك دهكهنو خه‌و له چاوانیان ده‌تۆرێنن. مادده‌ی هۆشبه‌ر به واتای ئه‌و ماددانه‌یه كه هۆشی مرۆڤ له رێچكه‌ی سروشتی خۆی لاده‌بات، ره‌نگه تا راده‌یه‌ك زانستی تربێت و هاوكاتیش ئه‌مه چه‌مكێكه داهێنراوی ده‌رونناسانی كوردستانه، كه له‌و بواره‌دا پێش كۆمه‌ڵناسان كه‌وتوون، ئیستا ماوه‌ته‌وه بڵێین: ئاخۆ مه‌به‌ست له مادده هۆشبه‌ره‌كان چیه؟ ده‌كرێت بڵێین مادده هۆشبه‌ركان له "چاو قاوه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن به جگه‌ره‌دا تێپه‌ر دهبنو ده‌گه‌نه بیره‌و باده‌و له دوا قۆناغیشدا پێده‌نێته ناو تلیاك و به‌نگ ومۆرفینو مادده خه‌ته‌رناكه‌كانی وه‌ك هیرۆیین وكۆكایین و كراك...هتد " كه ده‌كرێت ئه‌م ماددانه له‌شێوه‌ی سروشتی و نیمچه دهستكردو به‌دی بكرێن، ئیستا پرسیارێك له جێگه‌ی خۆیدایه كه بكرێت و بریتیه له‌وه‌ی " ئاخۆ بۆچی چاو قاوه‌و جگه‌ره‌و بیره‌و باده" لای ئێمه به هۆشبه‌ر حساب ناكرێن؟ تا راده‌یه‌كی زۆر ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مادده‌كانی وه‌ك چاو قاوه رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌م ماددانه‌یان تێدایه‌و بیره‌و باده‌ش له یاسای "14" مادده‌هۆشبه‌ره‌كان وه‌ك تاوان نه‌ناسێنراوه، گه‌رنا مه‌ترسیه‌كه‌ی كه‌م تا زۆر له مادده‌كانی تر كه‌مترنییه.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/wtar/wtar-2010-04-02-1210.html