|
|
|
|
|
|
ئافره‌ت و نوێنه‌رایه‌تی له په‌رله‌ماندا
نه‌وزاد كه‌لهوڕ/ هه‌ولێر
چوارشه‌ممه-31-ئازار(مانگی 3)-2010
ده‌مێكه ئه‌و قسه‌یه كه‌وتۆته سه‌ر زاری گه‌وره‌و بچوك كه ده‌ڵێن ئافره‌ت نیوه‌ی كۆمه‌ڵه، به‌ڵام ره‌نگبێت ئه‌و قسه‌یه بۆ رۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆ هه‌ندێك كه‌موكوڕی تێدا بێت، چونكه به گوێره‌ی ئاماره‌كان كه له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه ئه‌نجام دراوه رێژه‌ی ئافره‌تان گه‌لێك له نیوه زیاتره، ره‌نگبێت گه‌یشتبێته دوو له‌سه‌ر سێ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و زیاده‌یه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه كه له‌م نوسینه‌دا جێگای باسكردن نییه. له‌و هه‌لبژاردنه‌ی 7/3كه بۆ هه‌لبژاردنی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجومه‌نی عێراق ئه‌نجامدرا، دیاره كۆمه‌ڵێك له ئافره‌تانیش خۆیان به شایسته‌ی ئه‌و پۆسته ده‌زانی بۆیه بوێرانه خۆیان كاندید كرد بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك متمانه‌یان پێبكه‌ن و بیانكه‌نه نوێنه‌ری خۆیان، دیاره ئه‌وه مافێكی ڕه‌وای خۆیان له ڕووی شه‌رعی و یاسایه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای تێبینی كردنه و له میدیاكاندا بیستمان رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له ئافره‌تان به‌شداری هه‌لبژاردنیان كرد، به‌ڵام ئافره‌تانی كاندید ده‌نگێكی كه‌میان هێنا. من رێز‌و خۆشه‌ویستیم بۆ ئافره‌ت هه‌یه، چونكه هه‌ر هیچ نه‌بێت دایكم ئافره‌ته، به‌ڵام رێز‌و خۆشه‌ویستی شتێكه‌و نوێنه‌رایه‌تی شتێكی دیكه‌یه، ئه‌وجاره ئافره‌ت له لیستی كراوه‌دا زیانێكی زۆری به‌ركه‌وت به پێچه‌وانه‌ی لیستی داخراو، مه‌به‌ستم له لیستی داخراوی هه‌لبژاردنی هه‌رێمی كوردستانه، چونكه ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم له كوردستاندا ئه‌وه بۆته یاسا كه ده‌بێت هه‌ر لیستێك به رێژه‌ی 25% كاندیده‌كانی ده‌بێت ئافره‌ت بێت. من وه‌كو پێشنیار ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئافره تانمان به‌هره‌و توانا و لێهاتووی ئه‌و شوێنه بن ئه‌و رێژه‌یه كه‌مه بۆیان پێویست ده‌كات زیاد بكرێت، وه ئه‌گه‌ر ئه‌و تواناییه‌یان نه‌بێت گوناهه له‌و شوێنه دانیشن، ئه‌وه له لیستی داخراو كه لیست ده‌ستنیشانیان ده‌كات، به‌ڵام له لیستی كراوه‌دا دیاره ده‌ست نیشان كردنی ئه‌و رێژه‌یه ره‌نگه ئه‌وها ئاسان نه‌بێت گه‌ر نه‌ڵێن ئه‌وه هه‌ر نابێت. یه‌كێك له باشیه‌كانی لیستی كراوه ئه‌وه‌یه كاتێك هاوڵاتی ده‌چێته سه‌ر سندوقی ده‌نگدان ئازادانه نوێنه‌ری خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت جا ئه‌وه گرنگ نییه چ ره‌گه‌زێكه، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه بڕوا‌و متمانه‌ی به‌و كه‌سه هه‌یه كه ده‌نگی بۆ ده‌دات، یان به مانایه‌كی دیكه بڵێن ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێن بۆ نوێنه‌رایه‌تی ده‌بێت كه‌سی شایسته‌و لێهاتوو بن، جا خوای ده‌كرد رێژه‌ی 100% ئافره‌ت ده‌بوو، ده‌بێت ئه‌مرۆ تاكی كورد مه‌سه‌له‌ی پیاو ئافره‌ت به‌لاوه بنێت و بیر له دۆزینه‌وه‌ی كه‌سی شیاو بكاته‌وه و له شوێنی شیاوی دابنێت.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/wtar/wtar-2010-03-31-4203.html