|
|
ئه‌ركی ئافره‌تان له هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی عێراقدا
نه‌جیبه له‌تیف
-هه‌ینی-05-ئازار(مانگی 3)-2010
گرنگترین پرۆسه له عێراق و كوردستاندا ئه‌نجامده‌درێت هه‌ڵبژاردنه, چونكه ئاشكرایه كه هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاریی به‌رچاوی به‌دوادا دێت چ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه وه چ له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت و په‌رله‌مان, بۆ گه‌لێكی وه‌كو عێراقیش كه سه‌رده‌مانێكی زۆر له‌ژێر دیكتاتۆریدا بوون و بۆ جارێكیش له‌ته‌مه‌نی ئه‌و ڕژێمه‌دا هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌و بێ خه‌وش ئه‌نجام نه‌درا, واته گه‌لانی عێراق ته‌نها به‌ناو هه‌ڵبژاردنیان بیستبوو ئه‌گه‌رنا وه‌كو پرۆسه‌یه‌كی سیاسی پێی ئاشنا بوون, به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین ئه‌م پڕۆسه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه دووباره ده‌بێته‌وه, بۆیه پێویسته تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌هه‌موو چین و توێژ‌و له‌هه‌ر ئاستێكدا بن, ڕۆشنبیریی و تێگه‌یشتنێكی ته‌واویان هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن چ وه‌كو ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه كاندیدن بۆ پۆسته‌كانی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان چ وه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌نگ ده‌ده‌ن وه‌كو تاكێكی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه به‌شداری ده‌كه‌ن له دیاریكردنی نوێنه‌رانی گه‌لدا له پۆسته باڵاكاندا, واته هه‌ركه‌س به‌پێی ئاستی خۆی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته سه‌ر. جا ئه‌گه‌ر ئێمه باس له ئه‌ركی ئافره‌تان بكه‌ین له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌وا ڕاستیه‌ك هه‌یه پێویسته بیزانین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌مڕۆ ژنان ڕۆڵێكی زۆر كاریگه‌ریان هه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا چ وه‌كو ئه‌و ژنانه‌ی كه ده‌نگ ده‌ده‌ن نوێنه‌ره‌كان هه‌ڵده‌بژێرن وه چ وه‌كو ئه‌و ژنانه‌ی كه هه‌ڵده‌بژێردرێن. ئاشكرایه كه ئه‌مڕۆ به كۆتا به‌شداری ده‌كه‌ن و ده‌بنه نوێنه‌ر واته ڕێژه‌یه‌كیان بۆ دیاری كراوه له په‌رله‌ماندا, له‌گه‌ڵ بوونی تێبینی له‌سه‌ر ئه‌و ڕێژه‌یه به‌ڵام ده‌ستكه‌وتێكی باشه بۆ ژنان كه به‌شداریان پێده‌كرێت. چونكه به‌ڵگه نه‌ویسته كه ئه‌گه‌ر به ده‌ستور ئه‌و ڕێژه‌یه دیاری نه‌كرایه هه‌رگیز به‌و ڕێژه‌یه ژنان نه‌یانده‌توانی بچنه ناو په‌رله‌مانه‌وه. یه‌كه‌م/ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانی ئه‌و ئه‌ندامانه‌یه كه ده‌نگیان پێ ده‌درێت و هه‌ڵده‌بژێرێن بریتیه له: 1. له هه‌وڵ و كۆششیاندا له‌ناو په‌رله‌ماندا وه‌كو ژنێك مامه‌ڵه بكه‌ن و ژنێتی خۆیان له‌بیر نه‌چێته‌وه له‌هه‌ڵسوكه‌وت و بیركردنه‌وه‌یاندا نه‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری پیاوانه‌وه وه هه‌وڵ بده‌ن بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی مافه‌كانی ئافره‌تان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌گشتی. 2. وه‌لانانی بیری ته‌سكی حیزبی و بیروڕای سیاسی جیاواز له‌مه‌سه‌له چاره‌نووس سازه‌كانی تایبه‌ت به ژنان. واتا كاركردن له به‌رژه‌وه‌ندی ژنان به‌گشتی و هه‌وڵدان بۆ كاراكردنی ڕێكخراوه ژنانیهكان و هاوكاری كردنیان به‌بێ جیاوازی بۆ خزمه‌تكردن به توێژی ژنان و هۆشیاركردنه‌وه‌یان له كۆمه‌ڵگه‌دا وه پێدانی ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌یان بۆ بایه‌خدان به‌په‌روه‌رده‌ی مناڵ و په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروستی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌و خوێندن و فێربوونی زانست و زانیاری و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه له هه‌موو بواره‌كاندا. دووه‌م/ ئه‌ركی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه ده‌نگ ده‌ده‌ن: بێ گومان ژنان له عێراقدا به‌گشتی و له‌كوردستاندا به تایبه‌تی له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا شان به‌شانی پیاوان لهخهباتكردندا بوون له‌هه‌موو بوارێكدا بۆ پێشكه‌وتنی وڵات و ڕزگاربوون له‌ده‌ست ڕژێمی ستهمكارو به‌ده‌ستهێنانی مافی گه‌ل. ئه‌مڕۆش به‌هه‌مان شێوه‌یه, چونكه خه‌باتی سه‌رده‌میانه‌ی ئه‌مڕۆ بریتیه له‌سندوقه‌كانی ده‌نگدان وه یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵات له‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانه‌وه ده‌بێت, ئه‌م ئه‌ركه‌ش وه‌ك یه‌ك و به‌بێ جیاوازی به‌ژن و پیاو ئه‌نجام ده‌درێت. وه پرۆسه‌ی ده‌نگدان هیچ پێویست به هێزوبازو شاره‌زایی و زانست و زانیاری و بڕوانامه‌و پله‌و پایه نییه, كه‌واته ژنێك له دێیه‌كی دووره ده‌ستدا كه‌ده‌نگی به هیچ شوێنێك ناگات ده‌نگی وه‌ك ده‌نگی په‌رله‌مانتارێك یان وهزیرهیهك وایه و وه‌ك یه‌ك به‌شداری ده‌كه‌ن. كه‌واته ئه‌مڕۆ ناكرێت ژن فه‌رامۆش بكرێت و حساب بۆ بۆچونی نه‌كرێت, به‌ڵكو ده‌بێت بخوێنرێته‌وه‌و به‌شداری پێ بكرێت له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا. ژنانیش ده‌بێت له ئاستی ئه‌و ئه‌ركه‌دا بن كه‌له‌سه‌ر شانیانه‌و بهبهرپرسیارێتیهكی گه‌وره‌ی بزانن و به‌وپه‌ڕی قه‌ناعه‌ته‌وه هه‌وڵبده‌ن به‌شداری بكه‌ن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا, ده‌نگ بده‌ن به‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌زانن به‌ڕاستی دڵسۆزی میلله‌تن و هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات. كه‌مته‌رخه‌می هه‌ندێك له‌به‌رپرسان وایان لێ نه‌كات دوودڵ بن له ده‌نگدان, به‌ڵكو ده‌نگ بده‌ن و هه‌وڵ بده‌ن گۆڕانكاری بكه‌ن له وڵات‌دا. هیچ كه‌س ده‌نگی خۆی به‌كه‌م نه‌زانێت چونكه تاكه ده‌نگێك زۆره بۆ یه‌كلابونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كان. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانن كه ده‌نگدان هه‌روه‌كو چۆن ئه‌ركێكه له‌هه‌مان كاتدا مافێكه دراوه به ژنان به‌پێی شه‌رع و یاسا چونكه تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایش له زۆربه‌ی وڵاتانداژن مافی ده‌نگدانی نه‌بوو هه‌رچه‌نده له ئیسلامدا له 1430 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مافی ده‌نگدان و به‌شداریكردنی ده‌نگدان دراوه‌به ژنان, به‌ڵام ئێستا و له‌م ساڵانه‌ی دوایدا ئه‌و مافه به‌ژن دراوه بۆیه پێویسته ژنان ئه‌و مافه‌ی خۆیان به‌كاربهێنن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆیان پێیان چاكه. خاڵێكی تر كه پێویسته ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق جیاوازیه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ جارانی پێشودا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵبژاردنه‌كه نیمچه كرایه‌وه واته تۆ ده‌توانی ڕاسته‌وخۆ ده‌نگ به نوێنه‌رێك بده‌یت له‌ناو لیسته‌كه‌دا ئه‌مه‌ش هه‌لێكی باشه بۆ ئه‌وه‌ی كه ژنان ده‌نگ به نوێنه‌ره ژنه‌كان بده‌ن و ڕێژه‌یه‌كی باشتر له ژنان بچنه په‌رله‌مانه‌وه, جا بۆیه پێویسته له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران كه ههوڵیِكی زۆر بده‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ پاڵێوراوه‌كان و كه‌سانێك هه‌ڵبژێرین كه جێگه‌ی متمانه‌و ڕاستگۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌به هاووڵاتیانی ده‌ده‌ن تا چیتر به‌ده‌ست بێ متمانه‌یی به‌رپرسان و گه‌نده‌ڵی و وێرانكردنی وڵاته‌وه نهناڵێین...
|
|