|
|
|
|
|
|
چه‌ند بابه‌تێك له رێنماییكردن
هه‌ینی-26-ئازار(مانگی 3)-2010
كورته مێژوویه‌كی رێنمایی دیاره ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به ئه‌ركی رێنمایی كردن هه‌ڵساون له كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تییه هه‌ره‌كۆنه‌كان بریتی بوون له به‌ساڵاچوو وپیر وسه‌رۆك خێله‌كان كاتێك گه‌نج ولاوانی خێلهكه په‌نایان بۆ ده‌بردن بۆ ئامۆژگاری وه‌رگرتن. ئه‌ندامانی خیڵ له جۆره كۆمه‌ڵگایانه هه‌مان كار وپیشه‌یان هه‌بوو، كه بریتی بوو له ڕاوكردن وماسی گرتن وكاروباری كشتوكاڵی، بۆیه پێویست له پرۆگرامێكی تێروته‌سه‌ل نه‌ده‌كرد بۆ ئاراسته‌كردنی ئه‌ندامه گه‌نج ولاوهكانی به‌ره‌و پیشه جیا جیا. پیشه له كۆمه‌ڵگا كۆنه‌كان له‌سه‌ر بناغه‌ی ته‌مه‌ن دیاردهكرا به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی پیشه‌كان كه‌مێك ئاڵۆز بوون پێویستیان به مههاراتی تایبه‌تی كرد. خێزان ئه‌ركی گواستنه‌وه‌ی پیشه‌ی له نه‌وه‌یه‌ك كۆن بۆ نه‌وه‌ی تازه گرته ئه‌ستۆ.. بۆ نمونه كابرای دارتاش هه‌وڵی ده‌دا كۆڕه‌كه‌ی فێری دارتاشی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پیشه‌یه له خێزاندا به‌رده‌وام بێت وئافره‌تانیش هه‌وڵیان ده‌دا كه كچه‌كانیان بۆ پیشه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ ومێرد وپه‌روه‌رده كردنی منداڵ ئاماده بكه‌ن. له شارستانیه سه‌ره‌تاییه‌كان، یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی پێغه‌مبه‌ران وفه‌یله‌سوفه‌كان رێنمایی كردنی خه‌ڵك بوو. به پێچوونی گێبسۆن ومیچێل (Gibson & Mitchell 2005)، پێغه‌مبه‌ر عیسا وپێغه‌مبه‌ر محمد وبودا پێشه‌نگی كاروانی مامۆستای مرۆڤایه‌تین كه به ئه‌ركی رێنمایی كردن هه‌ڵساون. هه‌روه‌ها فه‌یله‌سوفه ناوداره‌كانی گریك، به تایبه‌تی ئه‌فلاتۆن وئه‌رستۆ، هه‌ڵساون به كاری رێنمایی كردن له كۆمه‌ڵگای یۆنانی كۆن. دیاره ئه‌و دوو فه‌یله‌سوفه ده‌ورێكی باڵایان هه‌بووه له ڕۆشنایی خستنه سه‌ر چه‌نده‌ها لایه‌نی ده‌روونی مرۆڤـ وگرنگیان به پرۆسه‌ی په‌روه‌رده داوه. گیپسۆن ومیچێل ئاماژه بۆ ئه‌و ده‌كه‌ن كه له كۆمهڵًگای عیبری كۆندا جه‌خت له‌سه‌ر تاكایه‌تی و مافی چاره‌ی خۆنووسین كرا وله سه‌ره‌تای په‌یدا بوونی ئایینی مه‌سیحی ته‌ئكید كرا له‌سه‌ر چه‌ند بیرۆكهێكی مرۆڤخواز كه له دوایدا بوونه بناغه‌ی دروست بوونی كۆمه‌ڵگا دیموكراتیه‌كان ولهسهدهی بیسته‌میش بوونه هه‌وێنی بزاڤی رێنمایی كردن. له كۆمه‌ڵگای ئیسلامیشدا بایه‌خێكی زۆر به مه‌سه‌له‌ی ئامۆژگاری كردن دراوه، به‌ڵكۆ پێغه‌مبه‌ر له فه‌رمووده‌یه‌كی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئایین بریتییه له ئامۆژگاری كردن (ا‌لدین النصیحه). له فه‌رموده‌یه‌كی تردا ئاماژه بۆجیاوازی تاكایه‌تی ده‌كات له بواری هه‌ڵبژاردنی پیشه كه ده‌فه‌رمۆی (اعملوا فكل میسر لما خلق له). هه‌ندێك له نووسه‌ران ئه‌ركی فه‌رمان كردن به چاكه ودوورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵك له خراپه، كه پاشان بووه پیشه‌ی (الحسبه)، به سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی رێنمایی داده‌نێن له‌و كۆمه‌ڵگایه. له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له ئه‌وروپادا، ته‌نیا كه‌نیسه ئه‌ركی ئامۆژگاری كردنی گرته ئه‌ستۆی خۆی وهه‌روه‌ها په‌روه‌رده‌ش كه‌وتبۆوه ژێر ڕكێفی كه‌نیسه وله‌گه‌ڵ به‌رفره‌وان بوونی میرنشینه ئه‌وروپیه‌كان، ده‌رفه‌تی زیاتر هاته كایه‌وه بۆ پیشه‌ی جۆراوجۆر وچه‌ند كتێبێك دانرا بۆ یارمه‌تی دانی لاوان له كاتی هه‌ڵبژاردنی پیشه‌كانیان. فه‌یله‌سوفه‌كانیش به‌شداریان كرد له به‌روه پیشبردنی ڕهوڕوهی رێنمایی. ژان ژاك رۆسۆ له فه‌ره‌نسا و یۆهان پێستالۆتزی له سویسرا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م دوو نمونه‌ی به‌رچاون له بابه‌ته. ڕۆسۆ (1712-1778) بڕوای وابوو كه مرۆڤـ به باشترین شێوه فێر ده‌بێت ئه‌گه‌ر به ئازادی وبه پێی توانا سروشتیه‌كانی خۆی گه‌شه بكات. پێستالۆتزییش (1746-1827) پێی وابوو كه ته‌نیا رێگا بۆ چاككردنی كۆمه‌ڵگا بریتییه له یارمه‌تیدانی تاكه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه بكه‌ن. ئه‌وه‌ی راستی بێت سه‌رهه‌ڵدانی ده‌روونزانی وه‌ك لقێكی زانستی سه‌ربه‌خۆ له ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانی ولیه‌م ڤۆنت له ئه‌ڵمانیا وسه‌رهه‌ڵدانی له‌سه‌ر ده‌ستی ولیه‌م جێیمس له وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كاریگه‌ریه‌كی زۆری هه‌بوو له به‌رهه‌مهێنانی رێنمایی وه‌ك لقێكی تایبه‌تی له ده‌روونزانی. سه‌رهه‌ڵدانی سایكایهتری (پزیشكی ده‌روونی) ده‌ورێكی گرنگی بینی له گۆڕانی ئه‌و شێوازه كه خه‌ڵك ته‌ماشای نه‌خۆشی ده‌روونیان ده‌كرد وهه‌وڵه‌كانی دۆرۆتی دیكس له وڵاته یه‌كگرتوه‌كان كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر ریفۆرمكردنی سیسته‌می چاره‌سه‌ركردنی ده‌روون نه‌خۆشه‌كان له نه‌خۆشخانه‌كاندا. له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ژماریه‌كی زۆر له ده‌روونزانه‌كان رێگه‌یان خۆش كرد بۆ سه‌رهه‌ڵدانی رێنمایی وبهناوبانگترینیان سیگمۆند فرۆید وشاگردهكانی وفرۆیدیه نوێكان بوون. ده‌روونزانی وه‌ك ئه‌دله‌ر وئێلیس وپێرلس وروجهرز شۆڕه‌سواری ئه‌و مه‌یدانه بوون چ له لایه‌نی بیردۆز دانان وچ له لایه‌نی پراكتیس كردن‌دا. داهێنانی تاقیكردنه‌وه‌كانی زیره‌كی له‌لایه‌ن ئه‌لفرید بینێ و تیۆدۆر سیمۆن له ساڵی 1905 وپێشكه‌وتنی له وڵاته یه‌كگرتووه‌كان ده‌ورێكی گرنگی بینی له پێشخستنی ڕه‌وڕه‌وه‌ی ئاراسته ورێنمایی كردن. به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی رێنمایی ده‌گه‌ڕێته‌و بۆ ساڵی 1908 كاتێك فرانك پارسۆنز بیرۆی پیشه‌یی بۆستنی دامه‌زراند به‌مه‌به‌ستی یارمه‌تیدانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به دوای پیشه ده‌گه‌ڕێن. له‌راستیدا پارسۆنز داده‌نرێت به باوكی بزاڤی ئاراسته‌كردن له بواری په‌روه‌رده له وڵاته یه‌كگرتووه‌كان. له ساڵی 1909 پارسۆنز كتێبێكی نووسی به ناونیشانی هه‌لبژاردنی پیشه (Choosing a Vocation) كه تیایدا ئاماژه‌ی به رۆڵی رێنمایكار كرد وئه‌و ته‌كنیكانه‌ی كه ده‌شێت به‌كاریان بێنێت له كاتی رێنمایی كردن خه‌ڵك به‌ره‌و پیشه‌ی گونجاو. له‌و كتێبه‌یدا پارسۆنز ئاماژه بۆ سێ فاكته‌ری گرنگ ده‌كات له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی هه‌ر پیشه‌یه‌كدا كه بریتین له: 1. له خۆ گه‌یشتن وزانینی توانا وئاره‌زوو وهیوا وسه‌رچاوه وسنوورهكانی. 2. زانیاری ده‌رباره‌ی پێداویستی ومه‌رجه‌كانی سه‌ركه‌وتن ولایه‌نه پۆزه‌تیڤ ونێگهتیڤهكان پیشه‌كه. 3. تێگه‌یشتنێكی راست له په‌یوه‌ندی نێوان خاڵی یه‌كه‌م وخاڵی دووه‌مدا. پارسۆنز له كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه بۆ حه‌وت سیفه‌تی رێنمایكاری پیشه‌یی ده‌كات كه بریتین له: زانیاریه‌كی باشی هه‌بێت ده‌رباره‌ی ده‌روونزانی، هه‌بوونی خیبره له بواری په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی وخه‌ڵك ناسین، توانای مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ گه‌نج ولاودا، هه‌بوونی زانیاری ده‌رباره‌ی پێداویستی ومه‌رجه‌كانی سه‌ركه‌وتن له بواری پیشه‌ی جیاوازدا، زانیاری ده‌رباره‌ی پرۆگرامه جیاوازه‌كانی خوێندن، به‌كارهێنانی شیكردنه‌وه‌ی زانستانه له بڕیارداندا. له وڵاته یه‌كگرتووه‌كان هه‌ندێك كه‌سی تر هه‌ن كه به رابه‌ری بزاڤی ئاراسته‌كردن داده‌نرێن بۆ نمونه جێسی دێڤیز، ئانا رید، ئێلی ویڤه‌ر، دێڤید هیڵ. شێوازی دێڤیز له‌سه‌ر خۆناسین ودیراسهكردنی پیشه‌كان دامه‌زرا بوو وگرنگی به لایه‌نی ئه‌خلاقی ده‌دات وه‌ك دڵسۆزی وراستگۆیی ورهفتارچاكی. له‌لایه‌كی تره‌وه، ئانا رید زیاتر جه‌ختی كرد له‌سه‌ر ئه‌خلاقیاتی جیهانی بازرگانی وسیتهمی كۆمپانیا سه‌ربه‌خۆكان نه‌ك پێویستیه‌كانی كه‌سه‌كان. ئێلی ویڤهریش توانی كه لێژنه‌یه‌ك دابمه‌زرێنێت بۆ ئاراسته‌كردنی مامۆستایان له نیۆنۆرك، ودێڤید هیڵ به شێوه‌یه‌كی زانستیانه توێژینه‌وه‌ی ئه‌نجامدا وجه‌ختی له‌سه‌ر جیاوازی خوێندكاران كرد له بواری هه‌ڵبژاردنی پیشه‌ی گونجاو بۆیان. تاقیكردنه‌وه‌كانی زیره‌كی، كه له‌لایه‌ن ده‌روونزانانی فه‌ره‌نسی ئه‌لفرید بینێ وتیۆدۆر سیمۆن ده‌ستی پێكرد له ساڵی 1905، ووزه‌یه‌كی نوێی دا به بزاڤی رێنماییكردن به تایبه‌تی له قوتابخانه‌كاندا له وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه له ساڵی 1916 لویس تێرمان وهاوڕێكانی له زانكۆی ستانفۆرد هه‌ڵسان به وه‌رگێڕان وپێداچوونه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی زیره‌كی بینێ ئینجا له قوتابخانه‌كان بڵاوبوونه‌وه. هه‌روه‌ها كاتێك وڵایهكگرتوهكان به‌شداری كرد له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، كۆمه‌ڵێك تاقیكردنه‌وه له بواری سه‌ربازی داهێنا به‌ناوبانگترینیان تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌لفای سه‌ربازی بوو. ئامانجه‌كانی رێنمایی رێنمایی كردن وه‌ك چالاكیه‌كی مانادار پێویسته مه‌به‌ست وئامانجی دیاریكراوی خۆی هه‌بێت. ده‌كرێ ئامانجه‌كانی رێنمایی به شێوه‌یه‌كی ساده دابه‌ش بكه‌ین بۆ دوو جۆر: ئامانجه‌كانی رێنماییخواز وئامانجه‌كانی رێنماییكار. یاخود ده‌توانرێت ئه‌و ئامانجانه دابه‌ش بكرێن بۆ سێ جۆر به پێی ئه‌و كاته‌ی كه ده‌یخایه‌نێت: ئامانجی هه‌نووكه‌یی (ئێستایی)، ئامانجی مامناوه‌نجی وئامانجی درێژ خایه‌ن.
حامد عبد السام زهران (1980) ئامانجه‌كانی رێنماییكردن به‌و شێوه‌ی خواره‌وه ده‌ستنیشان ده‌كات: 1. هێنانه‌دی خود ودروست كردنی چه‌مكێكی پۆزه‌تیڤ بۆ خود یان ئاسانكردنی گه‌شه‌كردنی ئاسایی. 2. گونجاندن: واته هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی ره‌فتار وژینگه بۆ هێنانه‌دی هاوسه‌نگی نێوان مرۆڤ ودهوروبهرهكهی. گرنگترین بواره‌كانی گونجاندنیش بریتین له بواری كه‌سی، بواری په‌روه‌رده‌یی، بواری پیشه‌یی وبواری كۆمه‌ڵایه‌تی 3. هێنانه‌دی ده‌روونساغی: واته یارمه‌تیدانی رێنماییخواز بۆ گه‌یشتن به خۆشی وبهختیاری له ژیانیدا وبتوانێت به خۆی كێشه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات. 4. چاككردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده: ئه‌وه‌ش به‌نده به یارمه‌تیدانی خوێندكار بۆ سه‌ركه‌وتن له بواری خوێندندا .
هه‌ندێك له توێژه‌ره‌كان ئامانجه‌كانی رێنماییكردن له سێ خاڵ كۆده‌كه‌نه‌وه كه بریتین له : • ئامانجی گه‌شه‌پێدان: واته ئاماده‌كردنی بارودۆخێكی وه‌ها كه ببێته هۆی گه‌شه كردنێكی ته‌واو وهاوسه‌نگ. • ئامانجی پاراستن: واته لابردنی ئه‌و هۆیانه‌ی كه ده‌بنه مایه‌ی روودانی كێشه وپهشێویی. كورد گوته‌نی: به‌ڕ به‌خۆت داده پێش ئه‌وه‌ی تای بگریت. • ئامانجی چاره‌سه‌ركردن: كه به‌نده به چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه تاك وكۆمه‌ڵ تووشیان ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئامانجه‌كانی رێنماییكردن به شێوه‌یه‌كی فره‌وان وگشتی دابه‌ش بكه‌ین، ئه‌وا ده‌توانین ئاماژه بۆ ئه‌و جۆرانه‌ی خواره‌وه بكه‌ین كه گیبسۆن ومیتشێل ئاماژه‌یان بۆ كردووه :
1. ئامانجی گه‌شه‌پێدان: ئه‌و ئامانجانه بریتین له یارمه‌تیدانی رێنماییخواز بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت گه‌شه به خۆی بدات له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان: ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌سی، عاتیفی، مه‌عریفی، جه‌سته‌یی وروحی. 2. ئامانجی پاراستن: خۆپاراستن بریتییه له‌و یارمه‌تییه‌ی كه رێنماییكار ده‌یدات به مه‌به‌ستی پاراستن ودوورخستنه‌وه‌ی بابای رێنمایخواز له هه‌ندێك ئه‌نجامی نه‌ویستراو وخراپ. 3. ئامانجی به‌هێزكردن: ئه‌گه‌ر بابای رێنماییخواز توانا وبه‌هره‌ی تایبه‌تی هه‌بوو، به‌هێز كردن بریتیه له ده‌ستنیشان كردنی ئه‌و توانا وبههرانه و گه‌شه پێدانیان به هاوكاری رێنماییكار. 4. ئامانجی چاره‌سه‌ركردن: ئه‌و جۆره ئامانجه بریتیه له یارمه‌تیدانی رێنماییخواز بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر گیروگرفته‌كانی وچاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی. 5. ئامانجی دۆزینه‌وه: ئه‌و جۆره ئامانجه په‌یوه‌سته به دۆزینه‌وه‌ی ئۆلتهرنێتیڤ وتاقیكردنه‌وه‌ی كارامه‌ییه‌كان (مهارات) وتاقیكردنه‌وه‌ی چالاكی وژینگه وپه‌یوه‌ندی تازه وجیاواز. 6. ئامانجی پته‌وكردن: ئه‌و جۆره ئامانجانه له‌و حاله‌تانه به‌كاردێن كاتێك بابای رێنماییخواز پێویستی به یارمه‌تی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت كه ئه‌و شتانه‌ی بیریان لێده‌كاته‌وه یان هه‌ستیان پێده‌كات یان ئه‌نجامیان ده‌دات شتی ئاسایین و په‌سندن. 7. ئامانجی مه‌عریفی: مه‌به‌ست له مه‌عریفه به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند بناغه‌یه‌كی سه‌ركی فێربوون وكارامه‌یی مه‌عریفییه. 8. ئامانجی فسیۆلۆجی: ئه‌وه‌ش بریتییه له به‌ده‌ستهێنانی تێگه‌یشتنێكی سه‌ره‌كی وچه‌ند خوویه‌ك كه په‌ره به ته‌ندورستی مرۆڤـ ده‌دات. 9. ئامانجی سایكۆلۆجی: ده‌روونزان یارمه‌تیمان ده‌دات له گه‌شه‌پێدانی كارامه‌یی ته‌فاعولی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ركه‌وتوو, وفێربوونی كۆنترۆل كردنی ئینفیعال وهێنانه‌دی چه‌مكێكی پۆزه‌تیڤ بۆ خود وهتد..
دیاره ئه‌و ئامانجانه سێ ئه‌ركی سه‌ره‌كیان هه‌یه له پرۆسه‌ی رێنماییكردن كه بریتین له : • ئامانجه‌كان رۆڵی هانده‌ر وپاڵدهر ده‌بینن له پرۆسه‌كه‌دا. • ئامانجه‌كان ده‌ورێكی په‌روه‌رده‌ییان هه‌یه ویارمه‌تی بابای رێنماییخواز ده‌ده‌ن بۆ فێربوونی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تازه. • ئامانجه‌كان رۆلی هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر ده‌بینن به‌وه‌ی كه ئامانجی رێنماییخواز یارمه‌تی رێنماییكار ده‌دات بۆ هه‌ڵبژاردن وهه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و ستراتیژیانه‌ی كه به‌كاریان دێنێت له پرۆسه‌ی رێنماییكردن.
پرۆسه‌ی رێنمایی كردن پرۆسه بریتیه له زنجیره كارلێككردنێك یان هه‌نگاوێك، وپرۆسه‌ی رێنمایی كردنیش به چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕێت وده‌توانرێت به كورتی ئاماژه‌یان بۆ بكرێت:
قۆناغی یه‌كه‌م: دروست كردنی په‌یوه‌ندی له راستیدا رێنمایی كردن له خودی خۆیدا بریتیه له په‌یوه‌ندیه‌كی یارمه‌تیده‌ر Helping Relationship جا بۆ ئه‌وه‌ی رێنمایی كردن ببێته په‌یوه‌ندیه‌كی یارمه‌تیده‌ر، بابای رێنماییكار پێویسته ده‌ستپێشخه‌ری بكات هه‌ر له یه‌كه‌م دانیشتن‌دا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ش وهه‌وایه‌كی وه‌ها بره‌خسێنێ كه له‌سه‌ر بناغه‌ی رێزگرتن ومتمانه ورادهربڕینی ئازاد وتێگه‌یشتن دامه‌زرا بێت. بۆیه له‌و قۆناغه‌دا ئه‌ركی پرۆسه‌ی رێنمایی كردن ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی رێنماییكار.
له‌و ته‌كنیكانه‌ی كه رێنماییكار ده‌توانێت به‌كاریان بێنێت ئه‌وانه‌ی دانراون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژی وكردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی په‌یوه‌ندی كردن. دیاره هه‌ڵوێستی رێنماییكار وشێوازی قسه‌كردنی فاكته‌ری گرنگن له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیه‌كی چاك. دیاره له‌و حاله‌ته‌دا پێویسته هه‌موو توانای دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی له‌لایه‌ن رێنماییكار بخرێنه كار بۆ نمونه گوێ كرتنی چالاك وتێگه‌یشتن وهاوههستی له‌گه‌ڵ رێنماییخواز. گومان له‌وه‌دا نییه كه جۆری په‌یوه‌ندی نێوان رێنماییكار ورێنماییخواز كار ده‌كاته سه‌ر ئه‌نجامی پرۆسه‌ی رێنمایی كردن.
چه‌ند فاكته‌رێكی گرنگ هه‌ن له كاتی دروست كردنی په‌یوه‌ندی رێنماییكار/ رێنماییخواز وه‌ك رێزگرتن وخۆخستنه شوێنی به‌رامبه‌ر وراستگۆیی. دیاره ئه‌و مه‌رجانه‌ش وا پێویست ده‌كات كه بابای رێنماییكار كراوه بێت وتوانای تێگه‌یشتن وهه‌ست كردنی هه‌بێت به‌رامبه‌ر به رێنماییخواز وبه به‌هاداری دابنێت. په‌یوه‌ندی نێوان رێنماییكار ورێنماییخواز نه‌ك ته‌نها به‌سووده له زیادكردنی ده‌رفه‌تی هێنانه‌دی ئه‌مانجه‌كانی رێنماییخواز به‌ڵكو ده‌توانرێت بكرێته نمونه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندیه‌كی باشی نێوكهسان كه رێنماییخواز ده‌توانێت له ژیانی خۆیدا په‌یوه‌ندیه‌كان باش بكات له ده‌ره‌وه‌ی مه‌وقیفی رێنمایی كردن‌دا.
رێنماییكار پێویسته به‌رده‌وام ره‌چاوی ئه‌و راستیانه بكات كه مه‌به‌ست له په‌یوه‌ندی رێنمایی بریتیه له تێركردنی پێویستیه‌كانی بابای رێنماییخواز نه‌ك پێویستیه‌كانی رێنماییكار خۆی. به‌و شێوه‌یه پرۆسه‌ی رێنمایی كردن یارمه‌تی رێنماییخواز ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به لێپرسینه‌وه بكات سه‌باره‌ت به كێشه وچارهسهرهكهی. رێنماییخواز ده‌بێت توانی په‌یوه‌ندی كردن وده‌ستنیشان كردن وتێگه‌یشتنی هه‌ست ونه‌ست وپێویستی وئه‌و شتانه‌ی هه‌بێت كه جێی بایه‌خی پێدانی رێنماییخوازن.
په‌یوه‌ندی نێوان رێنماییكار ورێنماییخواز پێویسته زوو دروست بكرێت چونكه هه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه كه بریار ده‌دات كه ئایا رێنماییخواز به‌رده‌وام ده‌بێت له پرۆسه‌ی رێنمایی كردن یان نا. ده‌كرێ ئه‌و ئامانجانه‌ی خواره‌وه پێشنیار بكرێن بۆ یه‌كه‌م دهنیشتنی رێنمایی: 1. دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندیه‌كی پۆزه‌تیڤ كه رێنماییخواز پێی خۆش بێت. 2. روون كردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی رێنمایی كردن وئه‌ركی هه‌ردوولا بۆ بابای رێنماییخواز. 3. ئاسان كردنی كۆمیونیكێیشن. 4. ده‌ست نیشان كردن وئاشكرا كردنی ئه‌و شتانه‌ی كه رێنماییخواز بایه‌خیان پێ ده‌دات وپاڵی پێوه ناوه بۆ داواكردنی رێنمایی. 5. نه‌خشه دانان، له‌گه‌ڵ رێنماییخواز، بۆ به‌ده‌ست كه‌وتنی زانیاری بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن كه پێویستن بۆ به‌رده‌وام بوونی پرۆسه‌ی رێنمایی.
ده‌توانرێت ئامانجی رێنماییخواز له‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه كورت بكرێنه‌وه: 1. رێنماییخواز پێویسته له پرۆسه‌ی رێنمایی بگات وبزانێت ئه‌ركی ئه‌و چییه له‌و پرۆسه‌یه. 2. رێنماییخواز پێویسته له‌و هۆیانه بگات كه پاڵیان پێوه ناوه بۆ ئه‌وه‌ی داوای رێنمایی بكات. 3. پێویسته رێنماییخواز هاریكاری بكات له هه‌ڵسه‌نگاندنی كێشه‌كه‌ی وخود خۆی .
قۆناغی دووه‌م: ده‌ست نیشان كردن ودۆزینه‌وه‌ی كێشه پاش دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندیه‌كی گونجاو، بابای رێنماییخواز ئاماده‌تر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به قووڵی گفتوگۆ له‌سه‌ر گرفت وكێشه‌كانی بكات. له‌و قۆناغه‌دا ئه‌ركێكی زیاتر ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی رێنماییخواز چونكه چه‌قی پرۆسه‌ی رێنمایی بریتیه له كێشه‌ی رێنماییخواز. له‌لایه‌كی تره‌وه ئاماده بوونی رێنماییخواز بۆ كردنه‌وه‌ی دڵی خۆی بۆ رێنماییكار وباس كردن له كێشه‌كانی له‌گه‌ڵیدا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زیاترین یارمه‌تی وه‌ربگرێت له پرۆسه‌ی رێنمایی.
رێنماییكار له‌و قۆناغه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت له پیشان دانی ره‌فتاری (((بیستنی ئاگادار))) وزیاتر جه‌خت ده‌كات له‌سه‌ر چه‌ند مه‌هاره‌ته‌كی پێگه‌یاندن (Communication skills) وه‌ك دووباره كردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه، داوای روون كردنه‌وه، ته‌ئكید كردنی بیروبۆچوون یان فیدباك (Feedback). له‌وانه‌یه رێنماییكار پرسیار له رێنماییخواز بكات به‌ڵام پێویسته پرسیاره‌كه به شێوه‌یه‌كی وه‌ها دابڕێژرێت كه زیاتر روون كردنه‌وه‌ی رێنمایخواز ئاسان بكات. پێویسته رێنماییكار دووركه‌وێته‌وه له‌و پرسیارانه‌ی كه له‌وانه‌یه رێنماییخواز ئیحراج بكات یان بیخاته جێگای تحدی یان هه‌ره‌شه كردن.
لێره‌دا رێنماییكار پێویسته كێشه رووكه‌شه‌كان له كێشه راسته‌قینه وئاڵۆزهكان جودا بكاته‌وه. ده‌بێت هه‌وڵ بدات بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئایا ئه‌و گرفته‌ی كه بابای رێنماییخواز ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات هۆی راسته‌قینه‌یه كه پاڵی پێوه‌وه ناوه به دوای رێنمایی بگه‌ڕێت. دیاره ئه‌و كاره‌ش پێویستی به كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌یه وهه‌رچه‌نده ئه‌و زانیاره زۆرتر بێت هه‌ڵسه‌نگاندنی حاله‌ته‌كه راستتر ده‌بێت. بۆیه پێویسته رێنماییكار ده‌رك به‌وه بكات كه زانیاری له‌سه‌رچاوه ولایه‌نه جودا جوداكان كۆ بكاته‌وه. گیبسۆن ومیچێل ئه‌و زانیاریانه بۆ سێ ره‌هه‌ند دابه‌ش ده‌كه‌ن: 1. ره‌هه‌ندی كات: بریتییه له خیبره‌ی رێنماییخواز به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كاریگه‌رن له حاله‌تی ئێستای. ئه‌و ره‌هه‌نده زانیاریمان ده‌داتێ ده‌رباره‌ی حاڵی ده‌روونی رێنماییخواز له كاتی ئێستا ولێره‌دا جه‌خت ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی كه پاڵی به رێنماییخواز ناوه بۆ ئه‌وه‌ی داوای رێنمایی بكات. هه‌روه‌ها رێنماییكار ده‌بێت زانیاریش كۆبكاته‌وه ده‌رباره‌ی هیوا وئاوات ونه‌خشه‌ی دواڕۆژی بابای رێنماییخواز وچۆن ئه‌و هیوا وئاواتانه دێنێته دی؟ 2. ره‌هه‌ندی هه‌ست: ئه‌و ره‌هه‌نده سۆز وهه‌ستی رێنمایخواز ده‌گرێته‌وه به‌رامبه‌ر به خۆی و به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ی كه گرنگن له ژیانیدا. هه‌روه‌ها هه‌ستی به‌رامبه‌ر به گروپ واتجاهات وبههاكان وچه‌مكی خود ده‌كه‌وێته ژێر ئه‌و ره‌هه‌نده. 3. ره‌هه‌ندی مه‌عریفی: ئه‌و ره‌هه‌نده ده‌رباره‌ی ئه‌و شێوازانه‌یه كه رێنماییخواز كێشه‌و گرفته‌كانی پێ چاره‌سه‌ر ده‌كات وشێوازه‌كانی خۆگونجاندن وعهقلانیهت له بڕیاردان وتوانا وئاماده‌بوونی بۆ فێربوون .
له‌و قۆناغه‌دا هه‌ندێك له رێنماییكارهكان له‌وانه‌یه هه‌ندێك له هۆیه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن به‌كاربێنن، وه‌ك تاقیكرنه‌وه ستانداردكراوهكان، بۆ ده‌ستنیشان كردنی كێشه‌كانی رێنماییخواز وئه‌و كێشانه‌ی كه له كێشه سه‌ره‌كیه‌كه ده‌بنه‌وه. ئه‌ركی رێنماییخواز له‌و قۆناغه‌دا ته‌نها ئه‌وه نییه كه باس له خیبره وئه‌زموونی ژیان وره‌فتاری خۆی بكات به‌ڵكو هه‌ست وعاتیفه وپه‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی ئاشكرا بكات كه ئه‌وه‌ش ژیانی ئه‌و كه‌سه ده‌گرێته‌وه به شێوه‌یه‌كی گشتی. رێنماییكار له‌لای خۆیه‌وه هه‌وڵ ده‌دات زیاترین بڕ له زانیاری په‌یوه‌ندیدار به‌ده‌ست بێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت وێنه‌یه‌كی گشتی وته‌واوی لادروست ببێت بۆ كێشه‌ی بابای رێنماییخواز. دیاره رێنماییكار باسی بیر‌و بۆچوونی خۆی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوولا بیروبۆچوونێكی له‌یه‌ك نزیكیان هه‌بێت سه‌باره‌ت به كێشه‌كه ولق وپۆپه‌كانی. لێره‌دا ئامانجی رێنماییكار ئه‌وه‌یه كه یارمه‌تی رێنماییخواز بدات بۆ ئه‌وه‌ی باشتر خۆی بناسێت وله خۆی بگات وبزانێت كه پێویسته له‌سه‌ری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گرفت وكێشه‌كانی بكات، واته پێویستی به گۆڕان وكاركردن.
له‌و قۆناغه‌دا كارێكی زۆر ئه‌نجام ده‌درێت به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پێویستی كرد كه لایه‌نه‌كانی كێشه‌كه به تێر وته‌سه‌لی باسی لێوه بكرێت. هه‌روه‌ها بارودۆخی ئاسانكه‌ر پێویسته فه‌راهام بكرێت به به‌رده‌وامی بۆ ئه‌وه‌ی بابای رێنماییخواز باشتر له پلانی كار بگات كه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان دارێژڕاوه. هه‌رچه‌نده چالاكیه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه له‌و قۆناغه‌دا ده‌ست پێده‌كات، هه‌نگاوه گرنگه‌كان بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و چالاكیانه له قۆناغی سێیه‌مدا دێنه‌دی. ده‌توانرێت هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستنیشان كردن ودۆزینه‌وه‌ی كێشه له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه كورت بكرێنه‌وه: 1. پێناسه كردنی كێشه: رێنماییكار، به یارمه‌تی رێنماییخواز، هه‌وڵ ده‌دات ده‌ستنیشان ووه‌سفی كێشه‌كه بكات به روونترین ومهوزوعیترین شێواز. زۆر گرنگه كه هه‌ردوولا به یه‌ك چاو ته‌ماشای كێشه‌كه بكه‌ن (واته هه‌مان تێگه‌یشتنیان بۆ كێشه‌كه هه‌بێت). بێجگه له‌وه‌ی كه دیاریكردنی كێشه‌كه به شێوه‌یه‌كی ورد كارێكی گرنگه، پێویسته كه رێنماییخواز توخمه‌كان وفاكته‌ره به‌شداره‌كان له كێشه‌كه‌دا وپله‌ی مه‌ترسی وئه‌گه‌ری وه‌ستانی یان به‌رده‌وام بوونی كێشه‌كه به روونی بزانێت. 2. دۆزینه‌وه‌ی كێشه: له‌و قۆناغه‌دا ئه‌و زانیاریانه كۆ ده‌كرێنه‌وه كه پێویستن بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی له كێشه‌كه وره‌گ وریشه‌ی بگه‌ین. پاش ئه‌وه‌ی دیاری ده‌كرێت چ جۆره زانیاریه‌ك پێویسته، رێنماییكار ورێنماییخواز به‌یه‌كه‌وه رێك ده‌كه‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چۆن وله چ سه‌رچاوه‌یه‌ك ئه‌و زانیاریانه به‌ده‌ست بكه‌ون؟ كۆكردنه‌وه‌یان ئه‌ركی كێ بێت؟ كه‌ی پێویسته ئه‌و زانیاریانه ئاماده بن؟ له‌وانه‌یه لێره‌دا پێویست بكات كه رێنماییخواز چه‌ند تاقیكردنهوهیك ئه‌نجام بدات به‌ڵام ئه‌وه‌ش به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌ند ده‌بێت به بڕیاری خۆی. هه‌ندێك جار له‌وانه‌یه بابای رێنماییخواز حه‌ز نه‌كات هه‌ندێك زانیاری ده‌رباره‌ی خۆی ئاشكرا بكات، له‌و حاله‌ته‌دا جه‌خت كردن له‌سه‌ر ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه له‌وانه‌یه هه‌ڕه‌شه له پرۆسه‌ی رێنمایی بكات. دیاره بڕیاردان له‌و حاله‌ته‌دا به‌نده به مه‌ترسی كێشه‌كه وبڕی زانیاریه‌كه وئه‌و كاته‌ی كه هه‌ردوو لا هه‌یانه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. ئه‌وه‌ی راستی بێت له زۆربه‌ی سه‌نته‌ره‌كانی رێنمایی موقابه‌له‌ی وه‌رگرتن هه‌یه كه تیایدا هه‌ندێك زانیاری سه‌ره‌كی ده‌رباره‌ی رێنماییخواز كۆ ده‌كرێنه‌وه كه به گرنگ داده‌نرێن له پرۆسه‌ی رێنمایی كردن. 3. لێكدانی زانیاریه‌كان: له‌و هه‌نگاوه‌دا گشت ئه‌و زانیاریانه‌ی كه ده‌ست كه‌وتوون رێك ده‌خرێن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆفایلێكی مانادار بۆ رێنماییخواز وكێشه‌كه‌ی دروست بكرێت. لێره‌دا ده‌كرێت زیاتر قسه له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانانه بكرێت كه پێویسته ئه‌نجام بدرێن وئه‌و كۆسپ وتهگهرانهش بن دیاری بكرێن كه له‌وانه‌یه رێگا له‌و گۆڕانانه بگرن (لاپه‌ره 161).
قۆناغی سێیه‌م: پلان دانان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه كاتێك رێنماییخواز بڕیار ده‌دات كه گشت زانیاریه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌رباره‌ی رێنماییخواز وكێشه‌كه‌ی كۆكراوه‌ته‌وه وهه‌ردوو لا به باشی تێی گه‌یشتوون وبابای رێنماییخواز گه‌یشتۆته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه پێویسته شتێك بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی، ئه‌وا كاتی ئه‌وه هاتووه كه پلانێك دابڕێژرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه.
لێره‌دا دانانی ئامانج به شێویه‌كی راست ودروست ده‌بێته چه‌قی پرۆسه‌ی رێنمایی كردن وهه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له دانانی ئامانجه‌كان رووبدات ده‌بێته هۆی به‌فیڕۆدانی كات ووزه وله دوایشدا له كیس دانی متمانه‌ی رێنماییخواز. له‌و قۆناغه‌دا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه پێویسته بهاوێژرێت بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه سه‌ركه‌وێت: 1. ده‌ستنیشان كردنی كێشه‌كه: دیاره گرنگه كه رێنماییكار ورێنماییخوز له‌یه‌ك روانگه‌وه ته‌ماشای كێشه‌كه بكه‌ن وهه‌مان تێگه‌یشتنیان بۆ چاره‌كردنی هه‌بێت. 2. دیاریكردنی لیستی رێگاچاره‌كان: لێره‌دا پێویسته بیر له هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان (ئیحتیمالهكان) بكرێنه‌وه وهه‌ردوولا پێكه‌وه به‌شداری ئه‌و كاره بكه‌ن به‌ڵام ده‌بێت ده‌رفه‌ت بدرێت به رێنماییخواز بۆ ئه‌وه‌ی زیاترین ئیحتمال بخاته ڕوو. وه ئه‌گه‌ر بابای رێنماییخواز بیری بۆ هه‌ندێ رێگاچاره نه‌چوو، ئه‌وا رێنماییكار ده‌توانێت سه‌رنجی بۆ ئه‌و رێگاچارانه رابكێشێت بۆ نمونه بپرسێت: ئایا بیرت له‌وه نه‌كردۆته‌وه ...؟ كاتێك كه رێگاچاره‌كان له لیستێك داده‌نرێن نابێت لاببردرێن ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه واپێ ده‌چێت كه ناتوانرێ جێ به جێ بكرێت، هه‌روه‌ها كاتێك ئه‌و رێگاچارانه لاده‌بردرێن له‌وانه‌ی له هه‌نگاوی تردا دوباره تاوتۆ بكرێنه‌وه. 3. باسكردنی ئه‌نجامی رێگاچاره‌كان: پێویسته رێنماییكار هانی رێنماییخواز بدات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسێت به دیاریكردنی ئه‌وه هه‌نگاوانه‌ی كه پێویستن بۆ جێ به‌جێ كردنی رێگاچاره پێشنیاركراوه‌كان. دیاره هه‌ندێك له‌و هه‌نگاوانه، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت، ئاڵۆزن وجێ به‌جێ كردنیان ئه‌سته‌مه. له‌وانه‌یه هه‌ندێك له رێگاچاره پێشنیاركراوه‌كان كێشه‌ی تریان لێ ببێـته‌وه یان ئه‌نجامی ترسناكتر به‌رهه‌م بهێنن. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌نجام وئاكامی هه‌ر رێگاچاره‌یه‌ك پێویسته به تێروته‌سه‌لی بیری لێ بكرێته‌وه. 4. رێزكردنی رێگاچاره‌كان به پێی گرنگیان: لێره‌دا رێنماییكار پێویسته دووباره هانی رێنماییخواز بدات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسێت به رێزكردنی رێگاچاره‌كان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌گه‌ری به‌رهه‌مهێنانی ئامانجی چاوه‌ڕوانكراو. واته كامه‌یان ئه‌گه‌ر هێنانه‌دی ئامانجی چاوه‌ڕوانكراوی له هه‌موویان زیاتره له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان داده‌نرێت وئه‌و رێگاچاره‌یه‌ی كه ئه‌گه‌ری هێنانه‌دی ئامانجه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی له هه‌موویان كه‌متره له ژێر هه‌موویان داده‌نرێت. ئینجا كاتێك كه بڕیار ده‌درێت وباشترین رێگاچاره هه‌لده‌بژێردرێت، رێنماییخواز ئاماده ده‌بێت بۆ قۆناغی جێ به‌جێ كردن.
له‌كاتی پلان دانان له‌وانه‌یه رێنماییكار تێبینی بكات كه هه‌ندێك جار رێنماییخواز وه‌ك پێویست له مه‌سه‌له‌كان ناگات به‌و خێراییه‌ی كه رێنماییكار چاوه‌ڕوانی ده‌كات. به‌ڵام زۆربه‌ی رێنماییكارهكان رایان وایه كه باشتر وایه ئاراسته‌ی رێنماییخواز بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به خۆی بگات به‌و تێگه‌یشتنه نه‌ك راسته‌وخۆ شته‌كانی پێ بگوترێت. بۆ ئه‌وه مه‌به‌سته‌ش رێنمایخواز ده‌توانێت چه‌ند ته‌كنیكێكی جیاواز به‌كار بێنێت وه‌ك دووباره‌كردنه‌وه، رووبهرووكرنهوهیهكی نه‌رم، لێكدانه‌وه، زانیاری به‌خشین وهاندان (لاپه‌ره 162).
قۆناغی چواره‌م: چاره، جێ به‌جێ كردن وكۆتایی پێهێنان: له‌و قۆناغه‌دا ئه‌ركه‌كان روون وئاشكران وئه‌ركی بابای رێنماییخوازه كه هه‌ڵسێت به جێ به‌جێ كردنی ئه‌و رێگاچارانه‌ی له هه‌ڵیبژاردوون. هه‌روه‌ها ئه‌ركی بابای رێنماییكار بریتییه له ده‌ستنیشان كردنی خاڵی كۆتایی پرۆسه‌ی رێنمایی. له‌هه‌مان كاتدا، رێنماییكار ده‌بێت هانی رێنماییخواز بدات كه كار له‌سه‌ر ئه‌و رێگاچارانه بكات كه له‌سه‌ری رێك كه‌وتوون. وه‌له‌وكاته‌ی كه كه رێنماییخواز سه‌رقاڵی جێ به‌جێ كردنی پلانهكهیه، رێنماییخواز ده‌بێت به‌رده‌وام بێت له سۆراغ پرسین ورۆلی به‌دواچوون وپاڵپشتی كردن وهاندان ببینێت. له‌وانه‌یه رێنماییخواز پێویستی به یارمه‌تی هه‌بێت ئه‌گه‌ر تووشی رووداوێكی واهات كه پێشتر بیریان لێ نه‌كردبۆوه یان رووداوه‌كان به پێی نه‌خشه‌ی دارێژراو به‌ڕێوه نه‌چووه. به‌ڵام هه‌ركه هه‌ردوولا گه‌یشتنه قه‌ناعه‌ت كه‌وا هه‌وڵیان داوه به پێی توانایان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه‌كه بكه‌ن، پرۆسه‌ی رێنمایی پێویسته كۆتایی پێ بێت. هه‌رچه‌نده بڕیاری كۆتایی پێ هێنان به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌ركی رێنماییكاره، به‌ڵام رێنماییخوازیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه كۆتایی به پرۆسه‌كه بهێنێت هه‌ركاتێك بیه‌وێت. بابای رێنماییكار پێش ئه‌وه‌ی كۆتایی به پرۆسه‌كه بهێنێت پێویسته ئاماژه به‌و بكات وبه رێنماییخواز بڵێت: دانیشتنی داهاتوومان ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ كۆتایی پێهێنانی پرۆسه‌ی رێنمایی وگرنگترین خاڵه‌كانی كورت ده‌كه‌ینه‌وه. به‌ڵام پاش ته‌واو بوونی پرۆسه‌كه‌ش رێنماییكار ده‌بێت ده‌رگای واڵا بێت بۆ رێنماییخواز ئه‌گه‌ر پێویستی به یارمه‌تی بوو له‌دواڕۆژدا چونكه رێنمایی كردن بریتییه له پرۆسه‌ی فێربوون وبابای رێنماییكار چاوه‌ڕوان ده‌كات كه رێنماییخواز نه‌ك ته‌نها فێر بووبێت كه چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌كی تایبه‌تی بكات به‌ڵكو چه‌ند مههارهتێك فێربوو بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی جۆرا وجۆر، كه وابكات كه‌متر پێویستی به یارمه‌تی بێت له پاشه‌ڕۆژدا. هه‌رچه‌نده له‌و به‌شه‌دا زۆر ئاماژه‌مان به وشه‌ی (كێشه) كرد به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌و كێشه‌یه هۆیه‌كه‌ی نه‌توانین وكهوتن بێت كه پێویست به چاره‌سه‌ر بكات. هه‌ندێك جار رێنماییخواز ده‌یه‌وێت په‌ره به توانا شاراوه‌كانی خۆی بدات وله‌و حاله‌تانه‌دا پرۆسه‌ی رێنمایی زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نی گه‌شه پێدان وبههێزكردن ده‌كات نه‌ك لایه‌نی چاره‌سه‌ركردن (لاپه‌ره 162).
ره‌فتاری نازاره‌كی Nonverbal behavior ناپ وهۆڵ ره‌فتاری نازاره‌كی وا پێناسه ده‌كه‌ن كه بریتییه له "گشت ئه‌و ره‌فتارانه‌ی كه له بواری پێگه‌یاندن له نێوان مرۆڤدا ئه‌نجام ده‌درێت كه ووشه‌ی بێژراو ونووسراوی تیادا به‌كارنایه‌ت". دێڤیتۆ به كورتی پێناسه‌ی كۆمیونیكێیشنی نازاره‌كی ده‌كات وده‌ڵێت: "بریتیه له‌و كۆمیونیكێیشنهی كه به‌بێ وشه ئه‌نجام ده‌درێت" . گرنگی ره‌فتاری نازاره‌كی له‌وه‌دایه كه زیاتر له 65% مانای ئه‌و په‌یامانه‌ی كه ئاڵ‌وگۆڕیان ده‌كه‌ین له رێگای ئه‌و جۆره ره‌فتاره ده‌بێت وئه‌و به‌شه‌ی تریش كه ماوه له رێگای قسه‌ی گوتراو ونووسراو ده‌بێت. كه‌واته زۆر گرنگه كه رێنمایكار شاره‌زا بێت له خوێندنه‌وه‌ی ره‌فتاری نازاره‌كی، هی خۆی وه‌ی بابای رێنمایخواز، بۆ ئه‌وی باشتر له كێشه‌كه وخاوه‌نه‌كه‌ی بگات.
ناپ وهۆڵ بڕوایان وایه كه ره‌فتاری نازاره‌كی شه‌ش رۆلی سه‌ره‌كی ده‌بینێت كه بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه : 1. دووباره كردنه‌وه: ره‌فتاری نازاره‌كی دووباره‌كردنه‌وه‌ی ره‌فتاری زاره‌كی ده‌بێت، بۆ نمونه به رێنمایخواز ده‌ڵێت: "فه‌رموو دانیشه" وله هه‌مان كاتدا به ده‌ست ئاماژه بۆ كورسیه‌ك ده‌كه‌یت. 2. پێچه‌وانه‌یی: هه‌ندێك جار ره‌فتاری نازاره‌كی پێچه‌وانه‌ی ره‌فتاری زاره‌كی ده‌بێت، بۆ نمونه وه‌سفی جێگایه‌ك بۆ كه‌سێك ده‌كه‌یت وده‌ڵێیت: "به شه‌قامی دهستهراستدا بڕوا" به‌ڵام به‌ده‌ستت ئاماژه بۆ لای چه‌پ ده‌كه‌یت. 3. له جێ دانان: هه‌ندێك جار ئێمه له جیاتی قسه، به جوڵه‌یه‌ك وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه، بۆ نمونه له رێنمایخواز ده‌پرسیت: "حه‌ز ده‌كه‌یت زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته قسه بكه‌ین؟ ئه‌ویش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێ: نه‌خێر، سه‌ر باده‌دات. 4. ته‌واوكردن: ره‌فتاری نازاره‌كی هه‌ندێك جار ره‌فتاری زاره‌كی ته‌واو ده‌كات یان لایه‌نێك له په‌یامه‌كه ده‌گوازێته‌وه كه به قسه ناكرێت، بۆ نمونه رێنمایخواز كه به قسه ناره‌حه‌تی خۆی ده‌رده‌بڕێت، له هه‌مان كاتدا له‌وانه قسه‌كردنی خێراتر بێت وزیاتر هه‌ڵه بكات له كاتی قسه‌كردندا. 5. جه‌خت كردن: ده‌شتێت ره‌فتاری نازاره‌كی جه‌خت له‌سه‌ر به‌شێكی دیاریكراوی ره‌فتاری زاره‌كی بكات یان كاریگه‌ریه‌كی زیاتر بكات بۆ نمونه گریان، له‌كاتی گێڕاندنه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی تاڵی خه‌ماوی، جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نێكی ره‌فتاره زارهكیهكه ده‌كات. 6. رێكخستن: ره‌فتاری نازاره‌كی هه‌ڵده‌ستێت به رێكخستن وكۆنترۆل كردن وباش به‌رێوه چوونی پرۆسه‌ی قسه‌كردن. بۆ نمونه كاتێك سه‌ر ههڵدهشهقێنی بۆ رێنمایخواز له‌كاتی قسه‌كردندا، تۆ هانی ده‌ده‌یت بۆ ئه‌وه‌ی له قسه‌كردندا به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕووت وه‌رگێڕا لێی، له‌وانه‌یه رێنمایخواز له قسه‌كردن بوه‌ستێت ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش بێت.
دێڤیتۆ هه‌شت كه‌ناڵی كۆمیونیكێیشنی نازاره‌كی ده‌ستنیشان ده‌كات كه بریتین له: له‌ش، ڕوو وچاو، شوێن، ده‌ستكرده‌ی مرۆڤـ، به‌ركه‌وتن، پاش زمان، بێده‌نگی، كات . كرومیهر ونوریوس باس له پێنج ره‌هه‌ندی سه‌ره‌كی له ره‌فتاری نازاره‌كی ده‌كه‌ن كه رێنمایكار پێویسته ئاگاداریان بێت له كاتی پرۆسه‌ی رێنمایی كردن. ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ش بریتین له: جوڵه‌ی جه‌سته‌یی، دوای زمانه‌وانی، دووری ونزیكی جێگا، فاكته‌ری ژینگه، وكات. پێش ئه‌وه‌ی به به كورتی باسی ئه‌و ره‌هه‌ندانه بكه‌ین، پێویسته ئاماژه بۆ راستیه‌ك بكه‌ین كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: مانای ره‌فتاری نازاره‌كی ده‌گۆڕێت به گۆڕانی كه‌سان وباروزروفیان. بۆ نمونه گریان ده‌كرێت ته‌عبیر له خه‌م بكات وده‌كرێت ته‌عبیر له خۆشیه‌كی راده‌به‌ده‌ریش بكات!
ره‌هه‌نده‌كانی ره‌فتاری نازاره‌كی: یه‌كه‌م: جوڵه‌ی له‌ش ئه‌و ره‌هه‌نده‌ی جۆڵه‌ی چاو وڕووخسار وسه‌ر وئیشاره‌ت كردن به ده‌ست وبهركهوتن (لمس) وتهعبیری وجوڵه‌ی جه‌سته‌یی ده‌گرێته‌وه. له‌خواره‌وه به كورتی باسی هه‌ریه‌ك له‌و به‌شانه ده‌كه‌ین : 1. چاو: ئه‌و رێنماییخوازانهی كه بایه‌خێكی زۆر ده‌ده‌ن به چاوه‌كانی رێنماییخواز ده‌توانن ده‌ستنیشانی چه‌ند ئینفیعالێكی جیاواز جیاواز بكه‌ن بۆ نمونه: ده‌توانرێت ده‌ستنیشانی سه‌رسوڕمان بكرێت كاتێك برۆیه‌كانی رێنمایخواز به‌رز وكهوانهیی ده‌بنه‌وه. له كاتی ترس‌دا برۆكان به یه‌كه‌وه به‌رز ده‌بنه‌وه ودێنه خواره‌وه، له كاتی تۆڕه‌یی برۆكان پێكه‌وه دێنه‌خواره‌وه وده‌گه‌ڕێنه‌وه جێگای خۆیان وهێلی شاقولیش له نێوانیان ده‌بینرێت. به‌ڵام له كاتی غه‌مباریدا گۆشه‌ی ناوه‌وه‌ی برۆ به‌رز ده‌بنه‌وه هه‌تا گۆشه‌كانی ناوه‌وه‌ی پێستی چاویش به‌رز ده‌بنه‌وه.
به‌یه‌كگه‌یشتنی چاو، له نێوان رێنمایخواز ورێنمایكار، گرنگه چونكه گوزارشت له چه‌نده‌ها ئینفیعال وحه‌ز كردن به به‌رده‌وام بوون له قسه‌كردن یان وه‌ستان ده‌كات. كه‌می ئاڵوگۆركردنی نه‌زه‌ر له‌وانه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی كه رێنمایخواز وا هه‌ست بكات كه رێنمایكار بایه‌خ به قسه‌كانی نادات، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر رێنمایكار له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌ماشی رێنمایخواز بكات، ته‌ماشای گۆڵه‌كانی باخچه‌كه‌ی ده‌كات له په‌نجه‌ره‌وه! له هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر رێنمایخواز له كاتی قسه‌كردندا چاوی شۆڕكرده‌وه، ئه‌وه له‌وانه هه‌ست به شه‌رم بكات.
زۆر چاو چوقاندن له‌وانه ئاماژه بۆ ئه‌وه بكات كه ئاستی دڵه‌راوكێی رێنمایخواز به‌رزه. خه‌ڵكی ئاسایی له خوله‌كێكدا 6 تا 10 جار چاو ده‌نوقێنن ئینجا ئه‌گه‌ر بابای رێنمایخواز له‌و ژماره زیاتر چاوی چوقاندن، رێنمایكار ده‌توانێت وا لێكبداته‌وه كه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر دڵه‌راوكی. دیاره چاو ته‌ڕ بوونیش لای خه‌ڵكی مانای جیاوازی هه‌یه وئه‌گه‌ر رێنمایخواز له‌ناكاو نه‌زه‌ری خۆی گۆڕی، بۆ نمونه ته‌ماشای دیواری كرد، ئه‌وه له‌وانه مانای ئه‌وه بێت كه شتێكی هاتۆته‌وه یاد.
فره‌وانبوونی بیلبیله‌ی چاوی رێنمایخواز، ئه‌گه‌ر رێنمایكار توانی تێبینی بكات، له‌وانه مانای ئه‌وه بدات كه رێنمایخواز له حاله‌تێكی وروژانی ئینفیعالییه، یان وریایه وبایه‌خ به باسه‌كه ده‌دات. به شێوه‌یه‌كی گشتی، تێبینی كراوه كه ئاڵوگۆركردنی نه‌زه‌ر له نێوان رێنمایكار ورێنمایخواز له‌و حاله‌تانه‌ی خواره‌وه زیاد ده‌بێت وپێچه‌وانه‌ی ئه‌و حاله‌تانه‌ش ئالۆگۆری نه‌زه‌ر كه‌م ده‌كاته‌وه : • كاتێك رێنمایكار ورێنمایخواز له یه‌كتر دووربن. • كه هه‌ردوولا مورتاح بن وكه‌متر بابه‌تی كه‌سی تایبه‌ت باس بكرێت. • كه هه‌ردوو لا به شێوه‌یه‌كی چالاكانه به‌شدار بن له پرۆسه‌كه. • له كاتی گوێ گرتن نه‌ك قسه كردن. • كه رێنمایكار مێینه بێت (كج، ژن، ئافره‌ت) • داب ونه‌ریته‌كان هانی ئالۆگۆری نه‌زه‌ر بكه‌ن له كاتی گفتوگۆ كردن‌دا.
2. ده‌م: شتێكی ئاشكرایه كه بزه‌ی لێو مانای دڵخۆشی ده‌دات به‌ڵام له‌وانه‌شه مانای احراج بوون ونامورتاحی وشهرمیش بدات. هه‌ندێك جاریش مانای گاڵته پێكردنیش ده‌دات. لێو تووندی له‌وانه‌یه ئاماژه به گرژی ده‌روونی وبێ ئومێدی ودوژمنایه‌تی وتووڕه‌یی بكات. هه‌روه‌ها كاتێك لێوی خواره‌وه ده‌جولێت یان رێنمایخواز گه‌زه له لێوی ده‌دات، ئه‌وه له‌وانه‌یه ئیشاره‌تێك بێت بۆ دڵه‌راوكی یان غه‌مباری. دیاره ده‌م كردنه‌وه، بێ قسه كردن، ته‌عبیر له سه‌رسوڕمان یان قسه پێ نه‌كران ده‌كات .
3. ته‌عبیره‌كانی ڕووخسار: دیاره له كاتی ده‌ست پێكردن وكۆتاییكردنی گفتوگۆ وسه‌رنج دان وته‌عبیر كردن له ئینفیعالات به‌كار ده‌هێنرێت. ئه‌وه‌ی راستی بێت ته‌عبیره‌كانی رووخساری مرۆڤـ زیاتر له ئینفیعالێك ده‌رده‌بڕێت. به‌شی خواره‌وه‌ی رووخسار له‌گه‌ڵ چاودا ته‌عبیر له باری خۆشی وسه‌رسوڕمان وقێزكردنهوه ده‌كه‌ن. چاوه‌كان زیاتر ته‌عبیر له ترس وغه‌م ده‌كه‌ن. به‌شی خواره‌وه‌ی رووخسار له‌گه‌ڵ برۆكان ته‌عبیر له تووڕه‌بوون ده‌كه‌ن. شه‌ش ئینفیعاله سه‌ره‌كییه‌كان (سه‌رسوڕمان، توڕه‌بوون، قێزكردنه‌وه، ترسان، غه‌م، خۆشی) له گشت كه‌لتوره‌كان هه‌مان ته‌عبیری رووخساریان هه‌یه وله‌وانه‌یه بگۆڕین له‌لایه‌ن ئاست ودووبارهبوونهوهیان.
4. سه‌ر: هه‌ژانی سه‌ر راست وچه‌پ له زۆربه‌ی كه‌لتوره‌كانی مانای رازی نه‌بوونه، هه‌رچه‌نده له سریلانكا مانای رازی بوونه! دیاره سهرههژاندن، له‌سه‌روه بۆ خواره‌وه، مانای رازی بوونه. سه‌رشۆڕكردنه‌وه له‌وانه‌یه ته‌عبیر له غه‌م بكات یان ره‌تكردنه‌وه. سهربهرزكردن زیاتر له ئاستی سروشتی خۆی، له‌هه‌ندێك كه‌لتوردا ئاماژه بۆ خۆبه‌زلزانین ده‌كات.
5. شان: ئاراسته‌ی شان هه‌ندێك جار ئاماژه بۆ هه‌ڵوێستی مرۆڤـ ده‌كات سه‌باره‌ت به ئاڵوگۆڕی نێوكهسهكان. كه شانی مرۆڤـ به‌ره‌و پێشه‌وه دێن ئه‌وه مانای ئاره‌زوو كردن ووریایی وقه‌بول كردن ده‌دات له بواری كۆمیونیكێیشنی نێوكهسان. به پێچه‌وانه كه شانی مرۆڤـ بۆ دواوه دێن یان دوور ده‌كه‌ونه‌وه ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سه كراوه نییه له‌به‌رامبه‌ر ئاڵوگۆڕدا. له‌وانه‌شه ئه‌و وه‌زعه مانای غه‌مباری وبوونی دوو جۆره ئینفیعالی دژبه‌یه‌ك بدات. شان ههڵتهكاندن مانای ته‌ئكید نه‌بوون وسه‌رسوڕمان وبێ ئۆمێدی ده‌دات.
6. ده‌ست وقۆڵ: ده‌ست وقۆڵی مرۆڤـ رۆڵێكی گرنگ ده‌بینن له ته‌عبیر كردن له ئینفیعالهكانیدا. تێك ئاڵانی قۆڵ ودانانی له‌سه‌ر سینگ مانای خۆدوورخستنه‌وه‌یه یان خۆئاشكرانهكردنه. دڵه‌ڕاوكێ وتووڕه بوون ده‌بنه هۆی ده‌ست له‌رزین ومست گرتن. نه‌جولانی ده‌ست وقۆڵ وره‌ق كردنیان مانای گرژی ودڵه‌راوكێ یان تووڕه‌یی ده‌دات. به پێچه‌وانه‌وه، قۆڵی كراوه وئاماژه كردن به ده‌ست وجولانه‌وه‌ی له كاتی قسه‌كردندا له‌وانه‌یه مانای كرانه‌وه ببه‌خشێت یان جه‌خت كردن له‌سه‌ر بابه‌تێك له كاتی گفتوگۆكردندا. ئاره‌قی كردنی ناو له‌پ مانای دڵه‌راوكی ووروژاندن ده‌دات.
7. قاچ وپێ: كاتێك قاچ وپێیه‌كانی مرۆڤـ له حاله‌تی حه‌سانه‌وه بن ئه‌وه مانای ئه‌وه ده‌دات كه ئه‌و كه‌سه كراوه‌یه بۆ ئاڵوگۆركردن وگفتوگۆ. پێ له‌زه‌وی دان مانای ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سه له حاله‌تی دڵه‌راوكێیه یان بێ ئارامه یان ده‌یه‌وێت باسی خاڵێكی گرنگ بكات. قاچ خستنه سه‌ر یه‌كتر ولابردنیان چه‌ند جارێك له‌وانه‌یه ئاماژه بۆ دڵه‌راوكی یان خه‌مۆكی یان بێ ئارامی بكات. ئه‌و كه‌سه‌ی كه قاچه‌كانیان به شێوه‌یكی ره‌ق وراست راده‌كێشێت له‌سه‌ر كورسی مانای وایه كه ئه‌و كه‌سه دڵه‌ڕاوكه یان كراوه‌یه نییه بۆ گفتوگۆیه‌كی چڕ وپڕ.
8. به‌ركه‌وتن (لمس): به‌ركه‌وتنیش به‌شێكه له جولانه‌وه‌ی له‌ش وئه‌وه‌ی راستی بێت به‌ركه‌وتن له بواری رێنمایی جێی مشت ومڕی توێژه‌رانه له‌و بواره. كۆرمیهر ونوریوَس ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه بابه‌تی به‌ركه‌وتن دیراسه‌تی زۆری له‌سه‌ر نه‌كراوه به‌شێوه‌یه‌كی وه‌ها كه ئاراسته‌مان بكات چۆن به‌كاری بهێنین له كاتی رێنمایی كردن‌دا. دیاره به‌ركه‌وتن چه‌ند ئاستێكی هه‌یه كه به به‌ركه‌وتنی فه‌رمی ده‌ست پێ ده‌كات وبه به‌ركه‌وتنی كه‌سی كۆتایی دێت. مانای به‌ركه‌وتن، به تایبه‌تی له‌لایه‌ن رێنماییخواز، ده‌گۆڕێت به‌پێی چه‌نده‌ها فاكته‌ری ژینگه‌یی وكه‌سی وسیاقی. به‌ركه‌وتنی هاوڕێیانه ده‌كه‌وێته نێوان دوو كۆتایی (واته به‌ركه‌وتنی فه‌رمی وبهركهوتنی كه‌سی). به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه ئه‌و جۆره به‌ركه‌وتنه له‌لایه‌ن رێنماییخواز وا لێك بدرێته‌وه كه مانای خۆشه‌ویستی یان وروژاندنی سێكسی بدا، بۆیه پێویسته رێنمایكار دوور بكه‌وێته‌وه له‌و جۆره ره‌فتاره چونكه ره‌فتارێكی نائه‌خلاقییه. دیاره به‌ركه‌وتنی فه‌رمی، وه‌ك ته‌وقه كردن، به شێوه‌یه‌كی گشتی قه‌بول ده‌كرێت هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه هه‌ندێك رێنمایخواز تووشی ده‌ستدرێژی سێكسی بووبێت وپێی خۆش نه‌بێت ته‌وقه بكات، یان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌كی تر، بۆیه رێنماییكار پێویسته هه‌ستیار بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و حاله‌تانه. به‌ڵام دیاره هه‌ندێك جار حالاتی رێزپه‌ڕ هه‌یه بۆ نمونه كاتێك منداڵێك، كه تازه دایكی كۆچی دوایی كردووه، له كاتی دانیشتن له‌گه‌ڵ رێنماییكار ده‌ست به گریان ده‌كات وخۆی ده‌خاته باوه‌شی رێنماییكار. ئه‌گه‌ر رێنماییكار منداڵه‌كه له خۆی دووری بخاته‌وه، له‌وانه‌یه منداڵه‌كه وه‌ك جۆره سزایه‌ك ته‌ماشای ئه‌و ره‌فتاره‌ی رێنماییكار بكات. بۆیه باشتره كه رێنماییكار منداڵه‌كه له باوه‌ش بكات هه‌تا له گریان ده‌وه‌ستێت ئینجا له باوه‌شی خۆی دووری خاته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێنماییخواز كچێكی هه‌رزه‌كار بێت، ورێنماییكار پیاو بێت، به هیچ شێوه‌یك نابێت رێنماییكار رێگا به‌و ره‌فتاره بدات.
9. له‌ش به گشتی وبزوتنه‌وه‌ی له‌ش: دیاره بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی له‌شی مرۆڤـ به شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌مه‌كی نایه‌ته به‌رهه‌م به‌ڵكو به ره‌فتاری زاره‌كییه‌وه به‌ندن به‌ڵكو هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دایك بوونیدا منداڵ هه‌وڵ ده‌دات كه بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی له‌شی هه‌ماهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ ره‌فتاری زاره‌كیدا. ئینجا ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی له‌شی مرۆڤی بالیغ له‌گه‌ڵ ره‌فتاری زاره‌كی نه‌گونجا ئه‌وا له‌وانه‌یه ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ كێشه‌یه‌كی ده‌روونی ئه‌و مرۆڤه دوچاری بووه.
رێكخستن یه‌كێكه له گرنگترین رۆله‌كانی بزوتنه‌وه‌ی له‌ش. بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی جیاوازه‌كانی له‌ش هه‌ڵده‌ستێ به رێكخستنی كارلهیهككردنی نێوكهسی بۆ نمونه كاتێك رێنماییكار به‌خێرهاتنی رێنمایخواز ده‌كات، له‌گه‌ڵ ره‌فتاری زاره‌كی (بۆ نمونه: به‌خێر بێیت) زه‌رده‌خه‌نه وئاماژه كردن به ده‌ست وشێوازی ته‌ماشا كردن وهتد.. هه‌روه‌ها له‌كاتی كۆتایی پێهێنانی دانیشتن، بزوتنه‌وه‌ی له‌ش رۆلی خۆی هه‌یه. بزوتنه‌وه‌ی له‌ش هه‌روه‌ها دیارده‌ی سڕهگرتن رێك ده‌خات، مه‌به‌ست له سڕهگرتن ئاڵۆگۆركردنی رۆلی قسه‌كه‌ر وگوێگره له نێوان رێنماییكارو رێینماییخواز له كاتی گفتوگۆكردندا. بزوتنه‌وه‌ی له‌ش رۆلی گونجێنهریش ده‌بینێت، كه بریتییه له ره‌فتاری نازاره‌كی وه‌ك له‌ش خوراندن. رێنماییكار پێویسته تێبنی ئه‌وه بكات به تایبه‌تی كاتێك رێنماییخواز چه‌ند جارێك ئه‌و ره‌فتاره گونجێهرانه دووباره ده‌كاته‌وه چونكه ئه‌و حاله‌ته ئاماژه بۆ وروژانی ئینفیعالی وناره‌حه‌تی ده‌روونی ده‌كات. بۆ نمونه كاتێك رێنماییخواز خه‌ریك ده‌بێت به له‌شی خۆی، ئه‌وه مانای وایه كه ئه‌و كه‌سه یان له‌گه‌ڵ رێنماییكار یان له‌گه‌ل ئه‌و بابه‌ته‌ی كه باسی ده‌كات مورتاح نییه. لایه‌نێكی تری گرنگی بزوتنه‌وه‌ی له‌ش بریتییه له هه‌ناسه‌كێشان. شێوازی هه‌ناسه كێشانی رێنماییخواز رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر باری ده‌روونی. بۆ نمونه كاتێك رێنماییخواز مورتاحه هه‌ناسه‌ی قووڵتر ولهسهرخۆتره وكاتێك هه‌ناسه‌ی كورت وخێرا ده‌بێت ئه‌وا مانای وایه كه حاله‌تێكی له گرژی ده‌روونی، نامورتاحی یان دڵه‌راوكی تووشی رێنماییخواز بووه.
دووه‌م: پشت زمانه‌وانی Paralinguistic مه‌به‌ست له فاكته‌ره پشت زمانه‌وانی یان زمانیه‌كان ئاست وئاوازی ده‌نگ وخێرایی قسه‌كردن وزمان پاراوی. وه‌ستان له‌كاتی قسه‌كردن وبێدهنگییش دوو فاكته‌رن ده‌كه‌ونه ژێر ئه‌و ناونیشانه. به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌و فاكته‌رانه په‌یوه‌ندیان هه‌یه به چۆنیه‌تی گواستنه‌وه‌ی په‌یام له نێوان نێرده‌ر ووهرگر به‌ڵام هه‌ندێك جاریش ئاست وئاوازی ده‌نگ په‌یوه‌ندیان هه‌یه به ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه خۆی. گرنگی ئه‌و فاكته‌رانه له‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه كورت ده‌كرێنه‌وه : 1. رۆل ده‌بینێت له ئاڵوگۆركردنی رۆلی قسه‌كه‌ر وگوێگر. 2. ته‌عبیر له حاله‌تی ده‌روونی قسه‌كه‌ر ده‌كات ئه‌و كه‌سه‌ی كه به نه‌رمی وله‌سه‌رخۆ قسه ده‌كات له‌وانه هه‌ست به غه‌مباری بكات یان حه‌ز نه‌كات باس له هه‌ندێك بابه‌تی تایبه‌ت بكات. له هه‌مان كاتدا به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاستی ده‌نگ مانای تووڕه بوون یان خۆشیه. بۆیه گۆڕانی ئاست وئاوازی ده‌نگ پێویسته شان به‌شانی گۆڕانی بابه‌تی قسه‌كردن یان شێوازه‌كانی تری ره‌فتاری نازهرهكی لێك بدرێته‌وه. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بكرێت كه ئه‌و فاكته‌رانه له كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی تر ده‌گۆڕێت. قسه بۆ نه‌هاتن یان هه‌ڵه كردن یان زمان پاراوی سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی زانیاریه بۆ رێنماییكار بۆ ده‌ست نیشان كردنی حاله‌تی ده‌روونی رێنماییخواز بۆ نمونه ئه‌و كه‌سه‌ی كه بترسێت یان له حاڵه‌تی دڵه‌راوكێ بێت له كاتی قسه‌كردندا زیاتر هه‌ڵه ده‌كات. وه‌ستان له كاتی قسه‌كردن یان بێ ده‌نگ بوونیش ته‌عبیر له لایه‌نێكی تری رێنماییخواز ده‌كات. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رێنمایخواز بێ ده‌نگی به‌كار دێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌عبیر له ئینفیعال بكات، یان بیر له بابه‌تێك بكاته‌وه، یان شتێكی به بیربێـهوه، یان خۆی دوورخاته‌وه له بابه‌تی گفتوگۆ یان هه‌وڵدانێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی رێنماییخواز خۆی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی رێنمایی بگونجێنێت. بێ ده‌نگی رێنماییكاریش رۆلێكی كاریگه‌ر ده‌بینێت ئه‌گه‌ر بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراو به‌كار بهێنرێت بۆ نمونه نزم كردنه‌وه‌ی ئاستی چالاكی رێنماییكار، یان كه‌م كردنه‌وه‌ی خێرایی دانیشتنه‌كه، كاتێك بدات به رێنماییخواز بۆ بیركردنه‌وه، یان گواستنه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه بۆ رێنماییخواز. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ستانی بێ ده‌نگی رێنماییكار به‌هۆی ئه‌وه بوو كه نه‌یزانی چی بڵێت، ئه‌و جۆره وه‌ستانه له‌وانه‌یه ره‌فتارێكی باش نه‌بێت بۆ نمونه ئه‌گه‌ر رێنماییخواز نهێنیه‌كی تایبه‌تی خۆی ئاشكرا بكات ورێنماییكار نه‌زانێت چی بڵێت، له‌وانه‌یه رێنماییخواز ئه‌و بێ ده‌نگییه وا لێكبداته‌وه وه‌ك ناڕازی رێنماییكار سه‌باره‌ت به‌و كاره له‌وانه‌شه ئه‌و وای لێبكات كه هه‌ست به شه‌رم یان په‌شیمانی بكات!
سێیه‌م: دووری ونزیكی مه‌به‌ست له‌و فاكته‌ره دووری نێوان رێنماییخواز ورێنماییكاره ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه به ژووری دانیشتن، رێكخستنی كورسی ومێز وكه‌لوپه‌لی ناو ژووره‌كه وفاكته‌ری ناوچه‌گه‌ریه‌تی. هه‌ندێك كه‌س نه‌ك ته‌نها هه‌ست به مولكداریهتی شتومه‌كه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌ڵكو هه‌ست به مولكداریهتی ئه‌و جێگایه یان ناوچه‌یه ده‌كه‌ن كه ده‌وری داون. ئینجا ئه‌گه‌ر رێنماییخواز هه‌ست بكات كه جێگایهكهی یان ناوچه‌كه‌ی داگیركراوه، له‌وانه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی وه‌ها ره‌فتاربكات كه دووباره ناوچه‌كه‌ی بخاتهوو ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی. ئه‌و ره‌فتاره‌ش له‌وانه‌یه له شێوه‌ی ڕوو لادان یان گۆڕینی بابه‌تی قسه‌كردن. دووری سێ تاكو چوار پێ (نزیكه‌ی مه‌ترێك) به باشترین دووری داده‌نرێت له نێوان رێنماییخواز ورێنماییكار. هه‌رچه‌نده دووری نێوان رێنماییخواز ورێنمایكاری ئافره‌ت له‌وانه‌یه كه‌متر بێت بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریه‌كی خراپ بكاته سه‌ر پرۆسه‌ی رێنماییكردن. به‌ڵام كه‌م كردنه‌وه‌ی ئه‌و دووریه نێوان رێنماییخواز ورێنماییكاری پیاو یان كاتێك له دوو ره‌گه‌زی جیاواز بن، ئه‌وا كاریگه‌ریه‌كی خراپی ده‌بێته سه‌ر پرۆسه‌كه. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رێنماییخوازی نامورتاح پێویستی به دووریه‌كی زیاتر هه‌یه به‌ڵام ئه‌و دووریه له كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی تر ده‌گۆڕێت به پێی چه‌ند فاكته‌رێك بۆ نمونه ته‌مه‌ن. رێكخستنی ژووری دانیشتن لایه‌نێكی تری فاكته‌ری دووریه ئه‌وه‌ش به پێی كۆمه‌ڵگا ده‌گۆڕێت بۆ نمونه له هه‌ندێك كۆمه‌ڵگا رێنماییكارهكان حه‌ز ناكه‌ن هیچ شتێك (بۆ نمونه مێز) له نێوان خۆیان ورێنماییخواز هه‌بێت هه‌رچه‌نده هه‌ندێك رێنماییخواز حه‌ز ده‌كه‌ن شتێك هه‌بێت له نێوانیان وله نێوان رێنماییكار.
چواره‌م: ژینگه دیاره پرۆسه‌ی رێنماییكردن له شوێنێك ئه‌نجام ده‌درێت به شێوه‌یه‌كی گشتی له ئۆفیسێك وهه‌رچه‌نده ده‌شێ له شوێنێكی كراوه‌ش ئه‌نجام بدرێت. ژینگه‌ی جیاوازیش كاریگه‌ری جیاوازی هه‌یه له‌سه‌ر حاله‌تی ده‌روونی رێنماییخوازان ئه‌وه‌ش به‌نده به‌وه‌ی كه چۆن رێنماییخواز ته‌ماشای ژینگه‌كه ده‌كات كه ئایا وروژێنه‌ره یان نا؟ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه پرۆسه‌ی رێنمایی تیادا ئه‌نجام ده‌درێت ده‌بێت له ئاستێكی مامناوه‌ندی بێت سه‌باره‌ت له خاسیه‌تی وروژاندن بۆ ئه‌وه‌ی رێنماییخواز هه‌ست به ئیسراحه‌ت بكات وبتوانێت باس له كێشه وگرفته‌كانی خۆی بكات. ئه‌گه‌ر رێنماییخواز زۆر هه‌ست به ئیسراحه‌ت بكات له‌وانه‌یه ئه‌و حاله‌ته رێی لێ ده‌گرێت كه باسی كێشه‌كانی بكات. له‌و حاله‌ته‌دا رێنماییكار له‌وانه‌یه بیر له‌وه بكاته‌وه كه ئاستی وروژاندن له ژووره‌كه زیاد بكات بۆ نمونه كورسیه‌كه بگوازێته‌وه یان رووناكی زیاد بكات یان ئاستی ده‌نگی خۆی بگۆڕێت. لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و چارهسهركهرانهی كه ده‌نگیان به‌رزتره وبه خێرایی قسه ده‌كه‌ن وزۆر ئاوازی ده‌نگیان ده‌گۆڕن سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆری وروژاندنن بۆ ئه‌وه كه‌سانه‌ی له ده‌وریانن.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/tozhinawa/tozhinawa-2010-03-26-5232.html