|
|
|
|
|
|
لایه‌نه‌كانی گه‌شه كردن لای منداڵ: قۆناغی پێش چوونه قوتابخانه
هه‌ینی-26-ئازار(مانگی 3)-2010
1. گه‌شه‌كردنی جه‌سته‌یی: ئه‌و قۆناغه پێشی ده‌گوترێت قۆناغی دایانی یان قۆناغی منداڵی زوو وله سێ ساڵیه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا ته‌مه‌نی پێنج ساڵی. له‌و قۆناغه‌دا گه‌شه كردن كه‌مێك سست ده‌بێت به‌تایبه‌تی ئه‌ندامه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی له‌ش. قاچه‌كان له گه‌شه كردن به‌رده‌وام ده‌بن. باڵای منداڵ له ته‌مه‌نی پێنج ساڵی ده‌گاته 111 سم وكێشیشی ده‌گاته 19 كگم. له‌و قۆناغه‌دا ڕێژه‌ی سه‌ر به‌رامبه‌ر به له‌شی منداڵ كه‌متر ده‌بێته‌وه وڕێژه‌ی قاچی زیاد ده‌كات وشێوه‌ی زیاتر له مرۆڤی گه‌شه‌كردوو ده‌چێت. ئێسقانهكانیش گه‌شه ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن ژماره‌یان و قه‌باره‌یان كه ئه‌وه‌ش به‌نده به چۆنیه‌تی خواردنی منداڵه‌كه. له‌و قۆناغه‌دا گه‌شه‌ی كۆئه‌ندامی ده‌مار (الجهاز العصبی) خێرا ده‌بێت وله ته‌مه‌نی پێنج ساڵی 90% مێشكی منداڵ گه‌شه‌ی كردووه. به‌هه‌مان شێوه ماسولكه‌كانیش گه‌شه ده‌كه‌ن وبه‌شێوه‌یه‌كی گشتی ماسولكه گه‌وره‌كان زووتر گه‌شه ده‌كه‌ن له ماسولكه بچووكه‌كان. ددانی كاتی منداڵ له‌و قۆناغه‌دا ته‌واو دبێت وده‌توانێت وه‌ك گه‌وه‌ره‌كان خواردن بخوات. دیاره جیاوازی هه‌یه نێوان منداڵان له ڕێژه‌ی گه‌شه كردنی ئه‌ندامه‌كانی له‌ش. ئه‌و جیاوازیه‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ فاكته‌ری بۆماوه له لایه‌ك و فاكته‌ری ژینگه له لایه‌كی تر. فاكته‌ره‌كانی ژینگه جۆری خواردن وداب ونه‌ریتی نان خواردن ونووستن وچالاكی وهتد.. ده‌گرێته‌وه كه رۆلی گرنگیان هه‌یه له په‌یدا بوونی ئه‌و جیاوازیه. ئه‌و جیاوازیه ئه‌گه‌ر له ئاستێكی كه‌م دابێت ئه‌وا ئاسایی یه وجێگای نیگه‌رانی نی یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ئاستێكی زۆر دابێت ئه‌وا پێویست به چاره‌سه‌ركردن ده‌كات چونكه له‌وانه هۆی سستی گه‌شه كردن ناته‌واوی رژانی یه‌كێك له هۆرمۆنه‌كانی گه‌شه كردن بێت.
2. گه‌شه‌كردنی عه‌قلی وه‌ك چۆن جه‌سته‌ی منداڵ گه‌شه ده‌كات، عهقلیشی به هه‌مان شێوه. گه‌شه كردنی عه‌قلی به چه‌ند قۆناغێكدا تێده‌په‌ڕیت وپێی بۆچوونی جان پیاجێ ده‌توانرێت ئه‌و قۆناغانه به‌م شێوه‌ی خواره‌وه دابه‌ش بكرێن: أ. قۆناغی هه‌ستی جوله‌یی: ئه‌و قۆناغه له كاتی له دایك بوونه‌وه ده‌ست پێده‌كات تا كۆتایی ساڵی دووه‌م له ته‌مه‌نی منداڵ. له‌و قۆناغه‌دا منداڵ پشت به هه‌ست كردن و په‌رچه‌كردار ده‌به‌ستێت كه له‌گه‌ڵ له‌دایك بوونی پێی به‌خشراوه وه‌ك توانای مژین وده‌نگ ده‌ركردن. هه‌روه‌ها منداڵ فێر ده‌بێت كه هه‌ندێك كردار ئه‌نجامی دیاریكراوی هه‌یه، بۆ نمونه جولانه‌وه‌ی شه‌قشه‌قه‌ی ده‌نگێك په‌یدا ده‌كات. له سه‌ره‌تای ئه‌و قۆناغه‌دا ون بوونی شت مانای نه‌بوونی یان نه‌مانی شته‌كه ده‌گه‌ێنێت لای منداڵ، بۆیه ئه‌گه‌ر شه‌قشه‌قه له پێش چاوی منداڵ بشارینه‌وه، ده‌بینین له دوای ناگه‌ڕێت و وه‌ها ره‌فتار ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و شهقشهقهیه هه‌ر وجودی نه‌ماوه. دیاره منداڵ له ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵدا ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌ی نامێنێت وئه‌گه‌ر شهقشهقهكهی بشارینه‌وه ئه‌وا به دوای ده‌گه‌ڕێت. هه‌روه‌ها منداڵ له‌و قۆناغه‌دا هه‌ڵده‌ستێت به لاساكردنه‌وه‌ی ره‌فتاری كه‌سانی تر، وه‌ك برا و خوشك ودایك وباوك وله كۆتایی ئه‌و قۆناغه‌دا منداڵ ده‌توانێت چه‌ند ره‌فتارێكی ئاڵۆز ئه‌نجام بدات وتوانای مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێما زمانه‌وانیه‌كانی گه‌شه ده‌كات وده‌توانێت وێنه‌ی عه‌قلی بۆ ئه‌و هێمایانه دروست بكات. ب. قۆناغی پێش كردار: ئه‌و قۆناغه له ته‌مه‌نی دوو تاكو حه‌وت ساڵی ده‌گرێته‌وه. له كۆتایی قۆناغی هه‌ستی جوله‌یی منداڵ توانای به‌كارهێنانی قسه وهێماكانی ده‌بێت وچه‌ند شێوه‌یه‌كی ساده‌ی بیركردنه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات وه‌ك زمان ووێنه عه‌قلییه‌كان. ئه‌و قۆناغه‌ش بۆ دوو قۆناغی بچووكتر دابه‌ش ده‌كرێت: قۆناغی هێمای (له ته‌مه‌نی 2- 4 ساڵ) كه بیركردنه‌وه‌ی منداڵ له‌و قۆناغه‌دا پشت به شاره‌زایی هه‌ستی راسته‌وخۆ ده‌به‌ستێت، واته واقیع ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ده‌ركی پێ ده‌كات بۆ نمونه منداڵ له‌و قۆناغه ده‌رك به جێگیر بڕ (كمیه) ناكات وئه‌گه‌ر دوو به‌رداخ هه‌مان بڕ ئاویان تیادا بێت ولێ‌ی بپرسین ئاوی ناو ئه‌و دوو به‌رداخه یه‌كسانن، منداڵ له‌و قۆناغه ده‌ڵێ به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاوه‌كه بخه‌ینه بهرداخێكی باریكتر و لێی بپرسین كام به‌رداخ ئاوی زیاتره، ده‌ڵێت به‌رداخه باریكه‌كه! هۆی ئه‌و دیارده‌یه ئه‌وه‌یه كه منداڵ له‌و ته‌مه‌نه بڕی شتی لا جێگیر نییه وچونكه ئاستی ئاو له ناو به‌رداخه باریكه‌كه به‌رزتر، منداڵ وا ده‌زانێت كه بڕی ئاوه‌كه زیادی كردووه! به شێوه‌یه‌كی گشتی بیركردنه‌وه‌ی منداڵ به شێوه‌یه‌كی مه‌نتیقی (لۆجیكی) نییه وزیاتر له ده‌وره‌ی یاری هێمایی ده‌سوڕێته‌وه ودالغهلێدانیش ده‌بێته به‌شێكی گرنگ له ژیانی عه‌قلی منداڵ له‌و قۆناغه‌دا. هه‌روه‌ها له‌و قۆناغه‌دا ئه‌نیمیزم (واته باوه‌ڕ كردن كه شته بێ گیانه‌كان، گیانیان هه‌یه و وه‌ك ئێمه‌ن) له‌و قۆناغه‌دا سه‌ر هه‌ڵده‌دات بۆیه منداڵ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یاریه‌كانی ده‌كات وه‌ك شتی زیندوو، بۆ نمونه بووكه شووشه توڕه ده‌بێت ودهگریێت ونه‌خۆش ده‌كه‌وێت. قۆناغی حه‌ده‌سی (له ته‌مه‌نی 4-7 ساڵ) كه هه‌رچه‌ند بیركردنه‌وه‌ی منداڵ خودی (زاتییه)، به‌ڵام له قۆناغه‌كه‌ی پێشتر ئاڵۆزتره وچالاكی هێمایی به‌دیار ده‌كه‌وێت. ره‌فتاری منداڵ له‌و قۆناغه‌دا ته‌نیا له‌سه‌ر خاسیه‌ته ماددیه‌كانی شته‌كان دانه‌مه‌زراوه به‌ڵكو له‌سه‌ر مانای ئه‌و شتانه‌ش. منداڵ ناتوانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زیاتر له لایه‌نێك له لایه‌نه‌كانی كێشه‌یه‌ك بكات هه‌روه‌ها منداڵ ناتوانێت گشت له به‌ش جودا بكاته‌وه. بڕ لای منداڵ له‌و ته‌مه‌نه جێگیر ده‌بێت، وبه گۆڕانی بهرداخهكه بڕی ئاوه‌كه لای ئه‌و ناگۆڕێت. أ. قۆناغی كرداری به‌رجه‌سته: له‌و قۆناغه‌دا، كه له نێوان ته‌مه‌نی 7 تا 11 یان 12 ساڵیه، بیركردنه‌وه‌ی منداڵ زیاتر له هی گه‌وره‌كان ده‌چێت. منداڵ به‌هۆی چهمكهكانهو بیر ده‌كاته‌وه وچه‌مكی جێگیر سه‌باره‌ت به خاسیه‌تی شته‌كان دروست ده‌كات، بۆ نمونه جێگیر بوونی قه‌باره، ومنداڵ ده‌توانێت لۆجیك به كاربهێنێت به‌ڵام هێشتا ناتوانێت بیركردنه‌وه‌یه‌كی رووت (مجرد) بكات. له‌و قۆناغه‌دا منداڵ فێری دیارده‌ی پێچهوانهكردنهوه (المعكوسیه) فێرده‌بێت، واته توانای گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تا، بۆ نمونه منداڵ ده‌زانێت كه كه‌م كردنه‌وه پێچه‌وانه‌ی كۆكردنه‌وه‌یه. ب. قۆناغی كرداره رووته‌كان (المجرده): ئه‌و قۆناغه له ته‌مه‌نی 11 تا 15 ساڵی ده‌ست پێده‌كات وتا كۆتایی ژیان. منداڵ له‌و قۆناغه له جیهانی به‌رجه‌سته تێده‌په‌ڕێت بۆ جیهانی عه‌قل، له شاره‌زایی راسته‌وخۆ بۆ شاره‌زایی رووت وهه‌وڵ ده‌دات په‌ره به بیركردنه‌وه‌ی منتیقی خۆی بدات. له چوارچێوه‌ی ئێستا ده‌رده‌چێت بۆ چوارچێوه‌ی دواڕۆژ وتوانای دانانی گریمانی ده‌بێت ورێگاش ده‌دۆزێته‌وه بۆ تاقی كردنه‌وه‌یان. هه‌رچه‌نده له سه‌رتای ئه‌و قۆناغه‌دا، منداڵ تووشی هه‌ندێك (تناقچ) دێت له نێوان ئه‌و چه‌مكه ڕووتانه‌ی كه دروستی كردوون وزۆربه‌ی جار ئه‌و جۆره (تناقچات) له‌دواییدا چاره‌سه‌ر ده‌كرین. سه‌باره‌ت به‌و قۆناغه، دێڤید ئێلكهند ده‌ڵێت هه‌رزه‌كار تووشی چه‌ق به‌خۆگرتن (التمركز حول الژات) كه له چوار دیارده خۆی پیشان ده‌دات: 1. جه‌ماوه‌ری خه‌یالی: واته هه‌رزه‌كار واده‌زانێت كه هه‌موو خه‌ڵك ته‌ماشای ئه‌و ده‌كه‌ن وتێبینی ره‌فتاری ده‌كه‌ن. 2. خورافه‌ی كه‌سیی: مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه هه‌رزه‌كار واده‌زانێت كه ئه‌و بارودۆخه‌ی كه ئه‌و پێ تێدهپهرَیت، كه‌سی تر تێی ناگات. 3. دوو ستاندهرد: هه‌رزه‌كار دیارده‌كان به دوو ستاندهرد دپیوێت ئه‌وه‌ی بۆ خۆی راست بێت له‌وانه بۆ خه‌ڵكی تر پێچه‌وانه بێت. 4. خۆگیل كردن: واته هه‌رزه‌كار بڕوای وایه كه زانینی خراپی شتێك به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شته نه‌كه‌ین، بێ ره‌چاو كردنی فاكته‌ری دیكه.
2. گه‌شه‌كردنی ئه‌خلاقی گه‌شه‌كردنی ئه‌خلاقی به‌نده به گه‌شه‌كردنی عه‌قلی مرۆڤ،. پیاجێ بیردۆزێكی تریش پێشنیار كرد بۆ گه‌شه‌كردنی ئه‌خلاقی ولۆرێنس كۆهلبێرگ ئه‌و بیردۆزه‌ی گه‌شه پێدا. به‌ڕای ئه‌و مرۆڤـ، به سێ ئاستدا تێده‌په‌ڕیت له كاتی گه‌شه‌كردنی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقی. ههرئاستێكیش دوو قۆناغ له خۆی ده‌گرێت وبه‌و شێوه‌ی خواره‌وه:
ئاستی یه‌كه‌م: ئاستی پێش داب ونه‌ریت له‌و ئاسته منداڵ زۆر بیر له داب ونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی ناكه‌ته‌وه له كاتی دیاریكردنی ره‌فتاری راست و چه‌وت. ئه‌و ئاسته دوو قۆناغ ده‌گرێته‌وه كه بریتین له:
قۆناغی یه‌كه‌م: گوێرایه‌لی وسزا: ئه‌و قۆناغه له كاتی له‌دایك بوون هه‌تا ته‌مه‌نی سێ ساڵی به‌رده‌وام ده‌بێت. لێره‌دا منداڵ گوێرایه‌لی ده‌سه‌ڵاتی دایك وباوكیهتی له ترسی سزا دان. واته ئه‌وه‌ی دایك وباوك بڵین راسته، ئه‌وه راسته.
قۆناغی دووه‌م: به‌رژه‌وه‌ندی تاكهیهتی وئاڵوگۆرینهوه: ئه‌و قۆناغه له ته‌مه‌نی 3 هه‌تا 9 ساڵیه. هه‌ڵسوكه‌وت وره‌فتاری منداڵ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی خۆیه‌تی. واته ئه‌وه‌ی سوودی بۆ ئه‌و هه‌بێت هه‌ر ئه‌و راسته. مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی تر له‌سه‌ر بناغه‌ی ئالًوگۆڕی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌بێت.
ئاستی دووه‌م: ئاستی داب ونه‌ریت له‌و ئاسته‌دا منداڵ به پێی داب ونه‌ریت هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. ئه‌و ئاسته‌ش دوو قۆناغ ده‌گرێته خۆی:
قۆناغی سێیه‌م: كوڕی باش / كچی باش: ئه‌و قۆناغه له ته‌مه‌نی 9 ساڵی ده‌ست پێده‌كات هه‌تا ته‌مه‌نی 12 ساڵی. منداڵ له‌و قۆناغه داب ونه‌ریتی كۆمه‌ڵگاكه‌ی وه‌رده‌گرێت وره‌زامه‌ندی كه‌سانی تر پێوه‌ری ئه‌خلاقییه. واته ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگا وه‌ك كوڕێكی چاك یان كچێكی چاك ته‌ماشای بكات ولێ‌ی رازی بێت.
قۆناغی چواره‌م: یاسا: ئه‌و قۆناغه له دوای 12 ساڵیه‌وه ده‌ست پێده‌كات وتیایدا گوێرایه‌ڵی پابه‌ند بوون به یاسای نووسراو پێوه‌ری ئه‌خلاقییه لای منداڵ. له‌و قۆناغه پابه‌ندبوون به ده‌قی دیاری یاساكه‌یه واته پابه‌ند بوونێكی حه‌رفییه.
ئاستی سێیه‌م: ئاستی دوای داب ونه‌ریت: ئه‌و ئاسته به‌رزترین ئاستی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقییه لای كۆهلبێرگ وله دوو قۆناغ پێك دێت:
قۆناغی پێنجه‌م: قۆناغی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی: مرۆڤ، كه ده‌گاته ئه‌و ئاسته هه‌ڵده‌ستێت به هه‌ڵسه‌نگاندنی داب ونه‌ریتی كۆمه‌ڵگای خۆی وله‌وانه‌یه چیتر قبولیان نه‌كات. له‌و قۆناغه‌دا مانای په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی وئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه كاری تێده‌كه‌ن لای مرۆڤ، ئاشكرا ده‌بێت. له‌وانه ئه‌و كه‌سه داب ونه‌ریتی كۆمه‌ڵگای تر قه‌بول بكات وبهئهخلاقیان دابنێت ئه‌گه‌ر چی له‌گه‌ڵ داب ونه‌ریتی كۆمه‌ڵگای خۆشی ناكۆك بێت.
قۆناغی شه‌شه‌م: پرینسیپه‌كانی ویژدان: له‌و قۆناغه‌دا مرۆڤ، له پرینسیپه مرۆییه‌كان ده‌كۆڵیته‌وه وڕێزیان ده‌گرێت، نه‌ك له‌به‌ر ترس یان به‌رژه‌وه‌ندی، به‌ڵكو وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بانگی ویژدانی. لێره‌دا مرۆڤ، بیر له پرینسیپه ئه‌خلاقیه جیهانییه‌كان ده‌كاته‌وه وه‌ك دادپه‌روه‌ری وئازادی وهتد. به پێی بۆچوونی كۆهلبێرگ به ده‌گمه‌ن خه‌ڵك ده‌گه‌نه ئه‌و قۆناغه وگاندی نمونه‌یه‌كه له‌و كه‌سانه كه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قۆناغه له بیركردنه‌وه‌ی ئه‌خلاقی.
كاروَل گیلیگان ره‌خنه‌ی له بیردۆزه‌كه‌ی كۆهلبێرگ گرتووه وده‌ڵێت ئه‌و بیردۆزه له‌سه‌ر تێڕوانینێكی نێرانه دامه‌زراوه وئه‌و منداڵانه‌ی كه كۆهلبێرگ تاقی كردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر كردوون ته‌نیا كوڕ بوون. به پێی بۆچوونی گیلیگان، گه‌شه‌كردنی ئه‌خلاقی لای كچان جیاوازه وه‌ك ئه‌وه‌ی لا كوڕان. كورانِ زیاتر هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری گرنگه كه‌چی كچان زیاتر گرنگی به بایه‌خ پێدان (واته رعایه به زمانی عه‌ره‌بی وCaring به زمانی ئینگلیزی) بۆ نمونه ئه‌گه‌ر تۆڵه سه‌ندنه‌وه لای كوڕان شتێكی ئه‌خلاقی بێت، ئه‌وا لێبوردن لای كچان شتێكی ئه‌خلاقییه.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/tozhinawa/tozhinawa-2010-03-26-3458.html