|
|
|
|
|
|
دیدار له‌گه‌ڵ خاتوو په‌روین زه‌بێحی، ده‌رباره‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی كچان
چوارشه‌ممه-12-ئایار(مانگی 5)-2010
خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان له ئێران‌و كوردستاندا یه‌كێك له‌و دیاردانه‌یه كه كه‌متر باسی لێوه كراوه‌و هه‌نووكه ژماره‌یه‌ك له چالاكانی ژن خه‌ریكی خه‌بات له‌گه‌ڵ ئه‌م دیاردهیهدانو هه‌وڵ ده‌ده‌ن توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌م دیارده‌یه كه بۆته هۆكارێك بۆ سه‌ركوتی ژنان‌و پێشێلكردنی مافه‌كانیان، ئاگادار بكه‌نه‌وه. به پێی ئاماری یونیسێف له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌ر رۆژه زیاتر له 8 هه‌زار كچ به خه‌ته‌نه‌كردن له بواری جینسییه‌وه، سه‌قه‌ت ده‌بن. له 26 وڵاتی ئهفریقاییو وڵاتانی ئاسیایی وه‌ك ئێران‌دا ئه‌م دیارده‌یه بوونی هه‌یه. له‌گه‌ڵ خاتوو په‌روین زه‌بێحی، چالاكی مافه‌كانی ژنان‌و منداڵان له شاری مه‌ریواندا پێك هێناوه كه لێره‌دا ده‌قی ئه‌م وتووێژه ده‌خه‌ینه به‌ر چاوی خوێنه‌ران. پ: خاتوو په‌روین زه‌بیحی، راگه‌یه‌نه‌كان تا هه‌نووكه له‌مه‌ڕ خه‌ته‌نه یان سهقهتكردنی ژنان له وڵاتانی دیكه‌و به تایبه‌ت له وڵاتانی ئافریقاییدا راپۆرتیان ده‌دا. ئه‌وه‌ی كه ده‌بیسترێ ئه‌م دیارده‌یه‌ش له ئێران‌دا هه‌یه، بۆ زۆر كه‌س هه‌واڵێكی نوێیه. ئێوه له چ كاتێكه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌دا سه‌روكارتان هه‌یه‌و له‌م بواره‌دا كار ده‌كه‌ن؟ و: من له منداڵییه‌وه وشه‌ی "خه‌ته‌نه‌ی كچان"م بیستووه. له كاتی منداڵدا وام ده‌زانی كارێكه بۆ جوانكاریی ئه‌ندامی جینسیی ژنان، به‌ڵام له‌وانه‌یه نزیك چوار یان پێنج ساڵه كه ئاگاداری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له كوردستاندا بووم‌و دواتریش ورد ورده ئاگاداری به‌ربڵاویی له ئێرانداو بێجگه له وڵاتانی ئافریقایی، له وڵاتانی ئاسیاییشدا بووم. پ: له چه‌ند ناوچه‌ی ئێران‌دا ئه‌م نه‌ریته هه‌یه؟ و: له ناوچه‌كانی خوزستان، لوڕستان، سیستان‌و به‌لووچستان، ئوستانه‌كانی كرماشان، كوردستان‌و ئازه‌ربایجانی رۆژئاوادا. تا ئه‌و جێگایه‌ی من ئاگادار بم
له‌مه‌ڕ ناوچه‌ی باشووری ئێران خاتوو فیرووزه موهاجێرو خاتوو ته‌رانه بنی یه‌عقووب، لێكۆڵینهوهگهلی بهرنرخیان كردووه. له ناوچه‌ی كوردستانیشدا كاتێك ئێمه ئاگاداری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له رۆژئاوای ئێران‌دا بووین، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له دۆستان به ئیمكاناتێكی كه‌میی شهخسیییهوه به دوای ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا رۆیشتین‌و كۆمه‌ڵێك ئامار‌و دێكۆمێنتمان به‌ده‌ست هێنا. پ: ده‌توانن سه‌باره‌ت به‌و ئاماره شتێكمان پێبڵێن؟ و: به‌ڵێ، ژنی یه‌كێك له دۆستانم به ناوی كاك فایه‌ق كه ئه‌ندامی كۆمیته‌ی دژی توندوتیژییه نامووسییهكانه، مامۆستای قوتابخانه‌یه‌ك له پیرانشار له ئازه‌ربایجانی رۆژئاوادایه. له 0ه كه‌س قوتابی ئه‌و قوتابخانه‌یه دوو كه‌سیان خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌كی دیكه بوون‌و 36 كه‌سیان خه‌ته‌نه كرابوون. له یه‌كێك له گونده‌كانی بۆكاندا گشت كچه قوتابییه‌كانی قوتابخانه‌یه‌كی گونده‌كه 18 كه‌س بوون، خه‌ته‌نه كرابوون. له ناوچه‌ی هه‌وراماندا ئێمه له‌گه‌ڵ نزیك به 40 كه‌سدا وتووێژمان كرد، هێندێك له وتووێژه‌كان به شێوه‌ی فیلمن. له‌م 50 كه‌سه لانیكه‌م 2 له‌سه‌ر 3یان خه‌ته‌نه كرابوون‌و له‌م رۆژانه‌دا كه له‌گه‌ڵ یه‌كێك له دۆستان له كامیاراندا قسه‌مان كرد‌و بڕیاریشه ئه‌وان له‌م بواره‌دا وتارێك ئاماده بكه‌ن. ئه‌ویش باسی له خه‌ته‌نه كردنی 1 له‌سه‌ر 3ی كچان ده‌كرد. واته له هه‌ر 3 كه‌س، یه‌ك كه‌س خه‌ته‌نه كراوه، بڕیاره كه ئه‌و دۆسته دێكۆمێنتهكانیمان بۆ بنێرێت. دوێنێ شه‌و له میوانییهكدا بووم. میوانییه‌كی ئاسایی بوو. به هیچ شێوه‌یه‌ك بڕیار نه‌بوو له‌م بواره‌دا قسه بكرێت. له 5 ژنی هه‌ورامان كه له‌وێدا بینیم، چوار كه‌سیان خهتهنهكرابوون. واته ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له ناوچه‌كانی هه‌ورامانات، ئازه‌ربایجانی رۆژئاوا، كرماشان‌و كوردستان‌و له باشووری ئێران‌دا به‌ربڵاوه. پ: زۆرتر له ئاستی گونده‌كانه؟ و: به‌ڵێ، له ناوچه‌ی پاوه‌و هه‌جیج كه له هه‌ورامانه، ئاماری نزیك به 50 له‌سه‌ده. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زۆرتر پێوه‌ندی به ناوچه‌ی په‌راوێز كه‌وتووه‌كانی شار‌و گوندهكانو ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كه له بواری كولتووری‌و له بواری ئابووریشه‌وه هه‌ژاران. پ: كه‌سانێك كه كچه‌كانیان خه‌ته‌نه ده‌كه‌ن چ هۆكارگه‌لێك بۆ پاساوهێنانه‌وه‌ی كاره‌كه‌یان ده‌هێننه‌وه؟ و: تا ئه‌و جێگایه‌ی كه من توێژینه‌وه‌م كردووه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ورانی كه‌ونارا. هۆكارگه‌لی جۆراوجۆر له‌و كاتانه‌دا هه‌بوون، كه پێم وایه پێویست ناكات لێره‌دا به چڕوپڕی باسیان لـێ بكرێت، بێئاگایی مرۆڤ، نه‌ریت، خورافات‌و نه‌بوونی توانای مرۆڤ بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیاردانه كه بوون، له‌و هۆكارانه بوون. مه‌سه‌له‌ی پیاوسالاری‌و خاوه‌ندارێتی به‌سه‌ر ژنیشدا هۆكارێكی دیكه بووه. كه‌سانێك كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یان پێك هێناوه، بنه‌ماو باوه‌ڕی مه‌زهه‌بیشیان تێكه‌ڵ كردووه. له كوردستاندا نهریتو باوه‌ڕه مهزههبییهكانو بێئاگایی خه‌ڵك هه‌مووی ئه‌م هۆكارانه پێكه‌وه بوونه‌ته هۆی پێكهاتنی ئه‌م دیارده‌یه. كاتێكیش له گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه‌دا قسه ده‌كه‌یت، چه‌ند رسته زیاتر ناڵێن. ده‌ڵێن نه‌ریته، بۆ پاراستنی پاكی‌و ئه‌خلاقی كچهكانو ژنهكانمانه. له راستیدا به زمانێكی خۆمانه ئاماژه به "كۆنتڕۆڵی ویسته جینسیییهكان"ی ژنه‌كانیان ده‌كه‌ن. بۆ نموونه له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكدا كه قسه‌مان ده‌كرد باسیان له‌و نموونه‌گه‌له ده‌كرد كه ئێمه خه‌ته‌نه ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌یكه كچه‌كانمان هاوڕێیه‌تیی كوڕه‌كان نه‌كه‌ن، ژنه‌كانمان پێوه‌ندیی ناڕه‌وایان بێجگه له‌گه‌ڵ مێرده‌كانیان له‌گه‌ڵ كه‌سی دیكه‌دا نه‌بێت. زۆر به دوای ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا چووم‌و توێژینه‌وه‌م كرد. هێندێك كه‌س وا بیر ده‌كه‌نه‌وه كه بهخهتهنهكردنی كچان‌و ژنان، ویسته جینسییهكان له نێو ده‌ڕوات، له حاڵێكدا توێژینه‌وه‌م كردووه‌و بۆم روون بۆوه كه ئه‌م كاره ویسته جینسییهكان سه‌ركوت ناكات. به‌ڵكوو ژنان تووشی ساردوسڕی له پێوه‌ندیی جینسیدا ده‌بن. بۆم روون بۆوه كه له پێوه‌ندیی جینسیدا به هۆی خه‌ته‌نه‌كردنه‌وه، ئازار ده‌چێژن. پ: هه‌نووكه ئێوه به سه‌ركوتی ویسته جینسییهكان به هۆی خه‌ته‌نه‌وه له ژناندا ئاژماژهتان كرد. خه‌ته‌نه‌كردن چ ده‌ره‌نجامێكی نیگه‌تیڤی بۆ له‌شی كچێك یان ژنێك هه‌یه؟ و: خه‌ته‌نه‌كردن یان سهقهتكردن به شێوازه جۆراوجۆره‌كان، دڕندانه یان كه‌متر دڕندانه، به‌ڕێوه ده‌چێت. خۆتان ده‌زانن كه له ئه‌فریقادا چۆنه. له كوردستاندا تا ئه‌و ئاسته نیه. له كوردستاندا بڕین زۆر كه‌متره‌و یان به كه‌می پێش دێت كه بڕین زۆر بێت. ئه‌گه‌ر بمهه‌وێ راشكاوانه بدوێم، ده‌ڵێم كه ئه‌و به‌شه‌ی كه به‌ته‌واوی ده‌بڕدرێت، شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی هورموونه جینسییهكانهو یان كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و هورموونانهیه كه ژن به چێژی جینسیی ته‌واو ده‌گات. كاتێك ئه‌م مه‌سه‌له‌یه روو ده‌دات، ژن له بواری پێوه‌ندیی جینسییه‌وه چێژ وهرناگرێتو وتم كه له‌وانه ته‌نانه‌ت به راده‌ی بڕینێك كه هه‌یه، تووشی ئازار بێت، سووڕی مانگانه‌ی به ئازارهوهیهو له‌وانه‌یه ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌شی هه‌و و چڵك بكات. گشت ئه‌مانه پێوه‌ندیی جینسی بۆ ژن ئازار هێنه‌ر دهكاتو له ئاكامدا ویستی بۆ لای ئه‌و پێوه‌ندییه نابێت. ئه‌م نه‌بوونی ویستی جینسییه ده‌بێته هۆی ناكۆكیش. ئه‌م ناكۆكییه ئه‌وه‌نده قووڵ ده‌بێته‌وه كه پیاوه‌كان یان چه‌ند ژن دێنن یان په‌نا ده‌به‌نه پێوه‌ندییه ناڕهواكانو له ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌دا ده‌مهه‌وێ زۆر به وردی باسی ئه‌م خاڵه بكه‌م كه زۆرێك له ژنه‌كان به هۆی ئه‌وه‌یكه بێ‌ئاگان، نازانن كه ئه‌م كه‌موكوڕییه به هۆی خه‌ته‌نه‌كردن له خۆیاندا پێك هاتووه. هێندێك له ژنان، كاتێك به قۆناغی چێژوه‌رگرتن ناگه‌ن، له‌گه‌ڵ پیاوانی دیكه‌دا پێوه‌ندیی جینسی ده‌گرن كه لانیكه‌م له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه پێویستییه جینسییهكانیان چاره‌سه‌ر بكرێت. لێره‌دایه ده‌بینین كه خه‌ته‌نه نه‌یتوانیوه پێش به پێوه‌ندییه ناڕهواكانو له ده‌ره‌وه‌ی ژیانی ژن‌و مێردیدا بگرێت. ئه‌وه كه له‌م بواره‌شه‌وه زه‌ره‌ری هه‌یه، ته‌ڵاق دێته ئاراوه‌و منداڵه‌كان ئاواره ده‌بن. ئه‌و منداڵانه ده‌بنه منداڵانی كار‌و سهرشهقامو تووشی مادده سڕكه‌ره‌كان ده‌بن. كۆمه‌ڵێك له كچه‌كانیش له ترسی خه‌ته‌نه‌كردن له ماڵ ههڵدێنو روونه كه چاره‌نووسی كچه هه‌ڵاتووه‌كان چی لـێدێت. ده‌ره‌نجامه نیگه‌تیڤه ده‌روونییه‌كان له گشت ده‌وره‌كانی منداڵی‌دا هه‌ن. پ: خاتوو په‌روین زه‌بیحی، هه‌نووكه چالاكانی مه‌ده‌نیی خه‌بات دژی ئه‌م نه‌ریته به چ شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه ده‌به‌ن، له‌وانه خۆتان كه له دامه‌زرێنه‌رانی "كۆمیته‌ی دژی توندوتیژییه نامووسییه‌كان" له كوردستاندان، چ چالاكییه‌ك ده‌كه‌ن؟ و: ئێمه كاری خۆمان له سه‌ره‌تادا زیاتر به پێوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ ژنانێك كه تووشی ئه‌م سهقهتبوونه بوون، ده‌ست پێكرد، بۆ گونده جۆراوجۆره‌كان رۆیشتن‌و له‌گه‌ڵیاندا وتووێژمان كرد، چ به شێوه‌ی دهنگو ره‌نگ، چ به شێوه‌ی نووسین. دواتر له‌و بواره‌دا زانیاریمان دهركردو ده‌ستمان به پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دوكتورهكانو توێژهرهكاندا كرد. كۆمه‌ڵێك وتار‌و كتێبمان خوێنده‌وه. واته زانیاریی خۆمان له‌و بواره‌دا برده سه‌رێ كه به ئاگاییه‌وه دژی ئه‌و دیارده‌یه خه‌بات بكه‌ین. هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئێمه زانیاریی گهیاندنو هه‌نگاوی دووهه‌ممان خودئاگاییو گواستنه‌وه‌ی زانیاری بۆ كۆمه‌ڵگا بوو و پێوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ پیاوان‌و ژنانێك كه ده‌یانتوانی له‌م بواره‌دا هاوڕێمان بن. چوونكه رۆڵی پیاوان بۆ خه‌بات له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌دا زۆر گرینگه. پ: كۆمیته‌ی ئێوه ماوه‌یه‌كی زۆر نیه كه دامه‌زراوه. به بۆچوونی ئێوه تا هه‌نووكه چالاكییه‌كانتان چه‌نده سه‌ركه‌وتوو بووه؟ و: به بۆچوونی خۆم زۆر باش بووه. ئێمه له خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵه‌وه، ده‌ستمان به‌كار كرد. به داخه‌وه نزیك به دوو مانگ پاش دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمیته‌یه، دوو نموونه كوشتنی نامووسیی ژنان له مه‌ریواندا رووی دا، پاش ئه‌ویش خۆسووتاندنهكانو درێژه‌ی كوشتنی ژنانی دیكه بوو. ئێمه توانیمان زۆر باش زانیارییه‌كان بگه‌یه‌نین. زۆر كه‌س له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا وه‌كوو كۆمیته‌یه‌كی متمانه‌پێكراو پێوه‌ندی دهگرنو ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین بێ هیچ درۆ‌و زیاده‌ڕۆییه‌ك، ئه‌و زانیارییانه‌ی كه هه‌مانه، بیخه‌ینه به‌رده‌ستیان به‌بۆچوونی من به سه‌رنجدان به‌وه‌یكه كۆمیته‌كه‌مان ماوه‌یه‌كی كه‌مه دامه‌زراوه‌و ئه‌وه‌یكه ئێمه ته‌نانه‌ت هێشتا نه‌مانتوانیوه، مۆڵه‌تنامه وه‌ربگرین، به‌باشی كارمان كردووه. پ: ئێوه وتتان له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا كه كاری خه‌ته‌نه‌كردن یان سهقهتكردنی ژنانیان به‌ڕێوه بردووه‌و ئه‌م كاره به‌شێكه له ژیانیان له نزیكه‌وه پێوه‌ندیتان هه‌یه. ئایا سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه به شێوه‌ی راسته‌وخۆ رۆشنگه‌ری‌و ئاگاداركردنه‌وه به‌ڕێوه دهبهنو ئه‌گه‌ر وایه هه‌ڵسوكه‌وته‌كان چۆنه؟ پیاوان‌و ژنان چ دژكرده‌وه‌یه‌ك پیشان ده‌ده‌ن؟ و: ئێمه له‌گه‌ڵ دوو گرووپ له‌م مرۆڤانه ههڵسووكهوتمان هه‌یه. گرووپێك ئه‌وانه‌ی كه نه خۆیان‌و نه مێرده‌كانیان له‌زیانه‌كانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئاگادار نین. سه‌ره‌تا كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌واندا زۆر كێشه‌یه، به‌ڵام دواتر زۆر به سانایی قه‌بووڵ ده‌كه‌ن كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چه‌نده مه‌ترسیداره. دووهه‌م گرووپ، بنهماڵهگهلێك كه له‌ودا ژن‌و مێردیش ده‌زانن كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چ كێشه‌و مهترسیگهلێكی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و خاتوونه له‌كاتی منداڵی‌دا خه‌ته‌نه‌كراوه‌و كارێكی بۆ ناكرێت، مێرده‌كه‌ی مرۆڤێكی تێگه‌یشتووه، خۆی تێگه‌یشتووه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه خوێندهواریو خوێندنی زانكۆیان نیه. به‌ڵام زۆر باش له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌كه‌دا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، هاوكاری‌و هاوده‌نگی ده‌كه‌ن، خۆشیان بۆ خه‌بات دژی ئه‌م دیارده‌یه له ئاستی كۆمه‌ڵگای لادێیی خۆیاندا. له‌گه‌ڵ ئێمهدانو بێ ئه‌وه‌ی ئاگادار بین هاوكاریمان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش سه‌باره‌ت به زیانه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه ده‌دوێن. كۆمه‌ڵێكیش هه‌ن كه زۆر كاریگه‌رییان تێدا ناكرێت. ئه‌وه‌نده ده‌بێ هێنانه‌ئارای ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئاسایی بێته‌وه كه بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا قسه بكرێت. به‌ڵام به گشتی ئێمه تا هه‌نووكه چ له لایه‌ن ئۆرگانه دهوڵهتییهكانهوهو چ له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵسووكه‌وتێكی ناله‌بارمان نه‌دیتووه. پ: مامۆستایانی ئایینی له‌م بواره‌دا چی ده‌ڵێن؟ و: ئێمه هه‌لومه‌رجه‌كه هه‌نووكه ئه‌وه‌نده ئاماده نابینین كه له‌گه‌ڵ مامۆستایانی ئایینی‌دا قسه بكه‌ین. هه‌نووكه بێده‌نگییه‌و پێم وانیه به‌م زووانه بتوانین رازییان بكه‌ین له‌گه‌ڵماندا هاوكاری بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وانه ده‌توانن له‌سه‌ر خه‌ڵك زۆر كاریگه‌ری دابنێن. واته هه‌ر ئه‌وه‌نده كه مامۆستایانی ئایینی له گونده‌كانیاندا رابگه‌یه‌نن كه ئه‌م دیارده‌یه حه‌رامه، ئه‌و كاته ئێمه زۆر به سانایی ده‌توانین هه‌نگاوێكی دیكه هه‌ڵ بێنین. بۆ نموونه كاتێك مامۆستایه‌كی ئایینی بڵێت ئه‌م دیارده‌یه حه‌رامه‌و خه‌ڵكیش گوێ به قسه‌ی بده‌ن، چوونكه له یاساشدا نیه، ده‌توانین داوا بكه‌ین كه یاساغ بكرێت. به‌ڵێ مامۆستایانی ئایینی كاریگه‌ریی زۆریان هه‌یه، چوونكه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه رووخساری مه‌زهه‌بیی به‌خۆوه گرتووه، هه‌رچه‌ند به بۆچوونی من ئه‌م دیارده‌یه بنه‌مای مه‌زهه‌بیی نیه. كۆمه‌ڵگای پیاوسالاره كه ره‌وایی مه‌زهه‌بی به‌م دیارده داوه. پ: كاتێك پرسیار له خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه ئایا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بڕیارێكی دینییه، چی ده‌ڵێن؟ و: ئێمه به زۆری ئه‌م پرسیاره له ژنه‌كان ده‌كه‌ین، ژنه‌كان ده‌ڵێن نه‌ریتی فاتمه‌و زارایه. ته‌نیا ئه‌م رسته‌یه به‌كار دێنن‌و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره نه‌كه‌ین گوناهی هه‌یه.رێك ئه‌م وشه‌یه به‌كار ده‌به‌ن. حه‌رامه‌و پاك نیه‌و له‌م قسانه. پ: به‌م پێیه مامۆستایانی ئایینی ده‌توانن له راگرتنی ئه‌م نه‌ریته‌دا رۆڵێكی به‌رچاویان هه‌بێت؟ و: به‌ڵێ، به‌ڕاستی ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێت، به‌ڵام چوونكه كۆمه‌ڵێك حه‌دیس له سه‌رچاوه مهزههبییهكاندا هه‌ن، به زۆری به هۆی ئه‌م حهدیسانهوه كه‌متر ئاماده‌ن له‌مه‌ڕ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كارێك بكه‌ن. حه‌دیسه‌كان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه په‌سند ده‌كه‌ن. پ: پێتان وایه چ هه‌لومه‌رجێك ده‌بێ بێته ئاراوه تا پێش به‌و نه‌ریته بگیردرێت؟ و: پێم وایه گرینگ‌ترین مه‌سه‌له چوونه سه‌ری ئاستی فهرههنگیو په‌روه‌رده‌ی خه‌ڵكه. به خۆشییه‌وه تا جێگایه‌ك كه من توێژنهوهم كردووه، ئاماری ئه‌م دیارده‌یه له ئێران‌دا له هه‌مبه‌ر وڵاتانی ئافریقاییو ئاسیاییدا زۆر كه‌متره، ته‌نانه‌ت له هه‌مبه‌ر وڵاتی عێراقیشدا كه زۆر مه‌ترسیداره، خه‌ڵكی ئێران له بواری فه‌رهه‌نگییه‌وه له ئاستێكی سهرهوهترنو ئاماده‌گییه‌كی زۆرتریان بۆ وه‌رگرتنی مه‌سه‌له‌كان هه‌یه. به بۆچوونی من به په‌روه‌رده‌ی بهردهوامو فیتوای سه‌رچاوه مهزههبییهكانو یاساغكردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، هه‌لومه‌رجی بنه‌بڕكردنی ده‌كرێت، دابین بكرێت. به خۆشییه‌وه توێژی لاوی ئه‌م ناوچه پهراوێزكهتوو و خهسارلێدراوانه، چوونه‌ته زانكۆكان‌و تێگه‌یشتوون‌و ئاماده نین چ پیاو چ ژن، پاش پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌ش كچه‌كانیان خه‌ته‌نه بكهنو خۆشیان دژی ئه‌م دیارده‌یه خه‌بات دهكهنو ته‌نانه‌ت له زانكۆكاندا له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بابه‌ت ده‌نووسن، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كه، مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌ش رۆڵی خودی پیاوانه. تا كاتێك پیاوان نه‌یانهه‌وێ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هاوهه‌نگاو بن، پێشكه‌وتن به‌ده‌ست نایه‌ت. من بۆ خۆم تا چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێش‌و تا كاتێك مه‌سه‌له‌ی خه‌ته‌نه نه‌هاته ئاراوه، نه‌مده‌وێرا له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌م له ماڵه‌وه‌و له نێو كۆمه‌ڵدا سه‌باره‌ت به كێشه جینسییه‌كانی ژنان قسه بكه‌م. به‌ڵام دیتنی فیلم‌و وێنه‌كان له‌م بواره‌دا بووه هۆی ئه‌وه‌یكه مێرده‌كه‌م ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت‌و ئێستاش مێرده‌كه‌م له چالاكییهكانمدا هانده‌رمه. كاتێك مێرد بووه هاندهرو برا بووه هاوڕێ، ئه‌و كاته رێگا بۆ چالاكییه‌كان ئاوه‌ڵا ده‌بێت. ئه‌وه زۆر گرینگه كه‌سانێك كه خۆیان بوونه‌ته هۆی ئه‌م دیارده‌یه، خۆیان بێن‌و هاوده‌نگ بن‌و دژی ئه‌م دیارده‌یه خه‌بات بكه‌ن. ئه‌مه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتن له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دایه.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/dimana/dimana-2010-05-12-5949.html