|
|
|
|
|
|
سه‌لاح حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ده‌روونی له مه‌ڵبه‌ندی راهێنان و چاره‌سه‌ركردنی زه‌بری ده‌روونی له سلێمانی: حاڵه‌تی ته‌نگژه‌ی ده‌روونی پاش زه‌بر و خه‌مۆكیی زاڵه به‌سه‌ر رزگاربووانی ئهنفالد
سازدانی: گۆران عوسمان
شه‌ممه-10-نیسان(مانگی 4)-2010
سه‌لاح حه‌سه‌ن ـ چاره‌سازی ده‌روونی و به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ده‌روونی له مه‌ڵبه‌ندی راهێنان و چاره‌سه‌ركردنی زه‌بری ده‌روونی له سلێمانی باس له كێشه‌و موعاناتی رزگاربووانی ئه‌نفال ده‌كات، ئه‌زموونی كاركردنی ناوبراو له‌گه‌ڵ ئه‌و قوربانیانه‌دا ماوه‌ی دوو ساڵه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت" ئێمه له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا و تاكو ئێستا توانیومانه 250 حاڵه‌ت وه‌ربگرین و چاره‌سه‌ری هه‌مه‌لایه‌نی راسته‌وخۆیان پێشكه‌ش بكه‌ین كه زۆرترینیان رزگاربووانی گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان یان رزگاربووی ئه‌نفالن".
+ ئه‌و فشاره ده‌روونیانه چییه له‌سه‌ر ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه كهسووكارییان ئه‌نفال كراوه له دوای (20) ساڵ؟ ـ دووجۆر كه‌سوكاری ئه‌نفال هه‌یه، یه‌كه‌میان رووداوه‌كه‌یان به‌سه‌ر هاتووه و خودی خۆیان گرتن و ئه‌شكه‌نجه و دورخستنهوهكهیان به‌سه‌ر هاتووه و دوای چه‌ند مانگێك رزگاریان بووه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه. دووه‌میان رووداوه‌كه به‌سه‌ر خۆیدا نه‌هاتووه، به‌ڵام كه‌سێكی نزیكی وه‌كو دایكی، یان خوشكی، یان برای ئه‌نفالكراوه، له‌به‌ر ئه‌وه كه باس له كه‌سوكاری ئه‌نفال ده‌كه‌ین ده‌بێت باس له‌م دوو گروپه بكه‌ین. من لێره‌دا ده‌مه‌وێت له جێگه‌ی وشه‌ی پاشماوه، یان قوربانی وشه‌ی رزگاربوو به‌كاربهێنم، ده‌بێت بڵێن: رزگاربووانی ئه‌نفال. ئه‌نفال كاره‌سات و رووداوێكی گه‌وره‌یه، ئه‌و كه‌سانه‌ی له ژیانیاندا روداوی توند و ناخۆشیان به‌سه‌ردێت وه‌كو گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان، ئه‌نفال كه مه‌ترسی مردنی، یان هه‌ڕه‌شه‌ی مردنی تیا بێت بۆ سه‌ر ژیانی خۆی، یان كه‌سانی تر و وهلاَمدانهوهی كه‌سه‌كه بۆ ڕوداوه‌كه پڕ له ترس و هه‌ستكردن به نه‌بوونی یارمه‌تی بێت، ئه‌و رووداوه له‌سه‌رو ئه‌زموون و توانای خۆگونجاندنی ئه‌و كه‌سه‌وه بێت، ده‌بێته هۆی دروستكردنی حاڵه‌تێك له زانستی پزیشكی ده‌روونیدا پێی ده‌وترێ ته‌نگژه‌ی ده‌روونی پاش زه‌بر ( Post Traumatic Stress Disorder- PTSD). پاش روداوێكی زه‌براوی توند هه‌ندێك خه‌ڵك ده‌توان بێ وه‌رگرتنی یارمه‌تی، یاخود به‌هاوكاری چوار دهورهكهیان له‌گه‌ڵ ڕووداوه زهبراوییهكاندا مامه‌ڵه بكه‌ن و زاڵ‌بن به‌سه‌ریاندا، بهلاَم ڕووداوه‌كان بۆ هه‌ندێكی تریان ده‌بێته مایه‌ی ده‌ركه‌وتنی چه‌ندین نیشانه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی كه بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته... مانگ، یاخود چه‌ند ساڵ به‌رده‌وام ده‌بن. ئه‌وكه‌سانه‌ی ئه‌نفالیان به‌سه‌ردا هاتووه له‌و حاڵه‌ته ده‌روونییه زۆر دیارانه‌ی كه تیایاندایه بریتیین له (ته‌نگژه‌ی ده‌روونی پاش زه‌بر) و حاڵه‌تی (خه‌مۆكی). ئێمه به پێی ئه‌زموونی خۆمان كه كاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، ئه‌توانین بڵێین: زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كان نیشانه‌كانی هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌یان هه‌یه. ته‌نگژه‌ی ده‌روونی پاش زه‌بریش له سێ كۆمه‌ڵه نیشانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، كه هه‌ریه‌كه‌شیان له‌چه‌ند خاڵێك پێك دێت: یه‌كێك له‌وانه دووباره بوونه‌وه‌ی وێنه‌ی ڕووداوه‌كه بێ ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی بكات، ئه‌ویش له رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی وێنه و فكری په‌یوه‌ندیدار به ڕووداوه‌كه له شێوه‌ی شالاَودا بۆ سه‌ر بیر و خه‌یاڵ، خه‌ونی ناخۆش و دووباره ده‌رباره‌ی ڕوداوه‌كه، هه‌ستكردن و هه‌ڵسوكه‌وتكردن هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی جارێكی تر له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كه‌دا بژی، زیادبوونی هه‌ندێك چالاكی جه‌سته‌یی وه‌كو زیادبوونی لێدانی دڵ و هه‌ناسه‌دان، عاره‌ق كردنه‌وه و زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕان له كاتی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی ڕوداوه‌كه‌ی بیردێنێته‌وه. دووه‌م خاڵ له نیشانه‌كان بریتییه له خۆلادان، واته ئه‌و كه‌سه خۆی لائه‌دا له هه‌موو ئه‌و هه‌ست و فكر و چالاكی و شوێن و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به ڕووداوه‌كه و بیری ده‌هێننه‌وه، ناتوانێت هه‌ندێك لایه‌نی گرنگی روداوه‌كه‌ی بیر بێته‌وه، هه‌ست به نامۆیی و دابڕان له خه‌ڵكی ده‌كات و ئاره‌زووی به‌شداریكردنی له چالاكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م ده‌بێته‌وه. بۆ نموونه ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌نفالیان كردوون ئه‌گه‌ر جلوبه‌رگێكی سه‌ربازی له‌به‌ردا بووبێت، ئێستا هه‌ر جلوبه‌رگێكی سه‌ربازی ببینێ ئه‌م سڵی لێده‌كاته‌وه و لێێ ده‌ترسێ، یاخود حه‌زناكات به‌و ناوچه‌یه‌شدا بڕوات كه شوێنی رووداوه‌كه‌یه، ئه‌مه پێده‌وترێ خۆلادان، جاری وا هه‌یه به‌شێوه‌ی فیكر یان ره‌فتاره. خاڵی سێیه‌م وروژان و به‌ئاگاییه‌كی به‌رده‌وام و به‌ده‌ر له راده‌ی خۆی له شێوه‌ی تێكچوونی خه‌و، هه‌ڵچوون و توڕه‌بوون به‌ئاسانی، جه‌سته‌ی له ئاماده‌باشییه‌كی زۆردایه و ڕاچڵهكین به ده‌نگێكی كتوپڕ وه‌ك داخستنی ده‌رگایه‌ك به قایمی یان له‌كاتی خۆیدا كه بینیویه‌تی سهیارهیك له‌به‌رده‌م ده‌رگاكه‌یاندا وه‌ستاوه له كاتی ئهنفالهكهدا چۆن ده‌نگی وه‌ستانی سه‌یاره‌كه‌ی گوێ لێبووه، ئێستاش به هه‌مان شێوه به ده‌نگی وه‌ستانی سه‌یاره‌یه‌ك هه‌موو شڵه‌ژانه جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌كانی ده‌ست پێده‌كاته‌وه، وه‌كو وتمان ئه‌م حاڵه‌ته‌ش پێی ده‌وترێت حاڵه‌تی (PTSD). یه‌كێك له حاڵه‌ته ده‌روونییه دیاره‌كانی تری ناو رزگاربووانی ئه‌نفال خه‌مۆكییه، به‌هه‌مان شێوه حاڵه‌تی خه‌مۆكیش كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ی خۆی هه‌یه، كه ئه‌و كه‌سه زوربه‌ی كاته‌كانی ڕۆژ دڵته‌نگه و له‌ڕووی خۆ ڕێكخستن و جلوبه‌رگه‌وه گرنگی به‌خۆی نادات، هه‌ست ده‌كات ژیان خۆشیی تیانه‌ماوه، ناتوانێت چێژ له خۆشییه‌كانی ژیان و ئه‌نجامدانی چالاكییه‌كان وه‌ربگرێت، خواردنی تێكده‌چێت، خه‌وی تێكده‌چێت و خه‌وه‌كه‌ی پچڕپچڕه، یان خه‌وی ناخۆش ده‌بینێت، توانای ئه‌نجامدان و به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی داده‌به‌زێت، هه‌ست به ماندوبوون و شه‌كه‌تی ده‌كات، بێهیوا و ره‌شبین ده‌بێت، زوربه‌ی كات لۆمه‌ی خۆی ده‌كات، بێزاره له ژیان و بیر له مردن یان خۆكوشتن ده‌كاته‌وه.
+ كاریگه‌ریی ئه‌م فشارانه‌ی كه باستكرد، له‌كاتی گێڕانه‌وه‌یدا له‌سه‌ر نه‌وه‌كانیان چۆنه، چۆن كاردانه‌وی بۆ ئه‌وانیش هه‌یه؟ ـ دیاره ئێمه كه‌باس له نه‌وه‌ش ده‌كه‌ین ده‌بێت باس له‌و نه‌وه‌یه بكه‌ین كه منداڵ بووه و چۆته ناو پڕۆسه‌ی ئه‌نفال و رزگاری بووه، یان له‌وكاته‌دا له له‌ناوچه‌یه‌كی دیكه بووبێت و به‌ر ئه‌و شالاَوه نه‌كه‌وتبێت، یاخود دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی رزگاربووه‌كان له‌دایكبووه، ئه‌مانه كه‌پێیان ده‌وترێ نه‌وه‌ی دووه‌م، به‌ڵێ كاریگه‌ری زه‌بری ده‌روونی له‌سه‌ر ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش هه‌یه، واته ئه‌وكه‌سانه‌ی باوك و دایكیان رووداوێكی به‌سه‌ر هاتووه و جاری واهه‌یه لێشی بێده‌نگن و باسی ناكه‌ن، كاریگه‌رییه‌كه ئه‌گوازرێته‌وه به چه‌ند رێگه‌یه‌ك: یه‌كێك له‌وانه له نێو رزگاربووانی ئه‌نفالدا به‌هۆی باسكردنی رووداوه‌كه له میدیاكانه‌وه كه ساڵانه به‌تایبه‌تی قسه‌ی له‌سه‌رده‌كرێت، یاخود هێنانه‌وه‌ی روووفاتهكانیان، یان بینینی دایكی خۆی له بارێكی ده‌روونی نائارام و خهمۆكدا به درێژایی چه‌ند ساڵێك. من نموونه‌م لایه له‌كاتی ئه‌نفالدا ته‌مه‌نی چه‌ند مانگێك بووه، بهلاَم دواتر ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی گه‌وره بووه و زانیوێتی چۆن باوكی له‌ناو چووه یان كه‌سوكاری به‌م شێوازه ئه‌نفال كراوه، له هێنانه‌وه‌ی رووفاتهكاندا كاریگه‌ریی رووداوه‌كه به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌سه ده‌ركه‌وتووه، بۆیه له نه‌وه‌ی دووه‌مدا ئایا به‌هۆی بێده‌نگی گه‌وره‌كانه‌وه بێت كه ئه‌م منداڵه پرسیاری زۆری هه‌بووه و وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه، یاخود به‌هۆی پاراستنی زۆری ئه‌م منداڵه بێت له لایه‌ن گه‌وره‌كانه‌وه، چونكه كاتێ كه‌سێك منداڵێكی له‌ده‌ست ده‌چێت، منداڵه‌كانی دیكه زۆر ده‌پارێزێ و ده‌ڵێت با ئه‌مه‌شمان له‌ده‌ست نه‌چێت، جۆرێك له‌دایك و باوكی دیكه‌ش ده‌ڵێن: ئه‌وانه زۆر نزیك بوون لێمانه‌وه كاتێك له كیسمان چوون كاریگه‌ری زۆر بوو له‌سه‌رمان، با ئه‌وانه‌ی ماون په‌یوه‌ندیمان نزیك نه‌بێت لێیان، بۆئه‌وه‌ی كه شتێكی دیكه رویدا ئه‌وه‌نده ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بێت له‌سه‌ر ژیانمان، به‌ڵام كاریگهریهكانیش له‌سه‌ر نه‌وه‌ی دووه‌م ده‌رده‌كه‌وێت به‌شێوازی حاڵه‌تی ته‌نگژه‌ی ده‌روونی پاش زهبربێت یاخود حاڵه‌تی خه‌مۆكی بێت. + ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌روونیانه‌ی كه به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان پێدا، چ حاڵه‌تێكی له‌سه‌ر ئه‌م ئافره‌تانه جێهێشتووه، ئه‌گه‌ر دیاری بكه‌یت كام حاڵه‌ته‌یه؟ ـ له وه‌ڵامی یه‌كه‌مدا هه‌ندێ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی تێدایه، به‌ڵام من ئه‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم هه‌موو تاكه‌كان با هه‌مان جۆری رووداویان به‌سه‌ر هاتبێت، مه‌رج نییه وهڵامدانهوهكانیان وه‌كو یه‌ك بێت، چونكه تاكه‌كان جیاوازن له‌یه‌كتر و چه‌ند خاڵێك كاریگه‌ریی رووداوه‌كان ده‌گۆڕێت، واته كاریگه‌رییه‌كه له تاكێكه‌وه بۆ تاكێكی دیكه ئه‌گۆڕێت، له‌وانه‌یه رزگاربوویه‌كی ئه‌نفال هیچ بارێكی ده‌روونی توندی نه‌بێت، یه‌كێكی تر تووشی حاڵه‌تی ته‌نگژه‌ی پاش زه‌بر بووبێت، ئه‌وی تر تووشی خه‌مۆكی بووبێت، له‌وانه‌یه یه‌كێكی دیكه‌ش تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونی تر ببێت، به‌ڵام به‌گشتیی بارێكی ده‌روونی ناره‌حه‌ت زاڵه به‌سه‌ر رزگاربووانی ئه‌نفالدا كه زیاترینیان حاڵه‌تی ته‌نگژه‌ی ده‌روونی پاش زه‌بر و خهمۆكیین. رزگاربوو هه‌یه هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر دیار نییه، ناتوانین پێی بڵێین نه‌خۆشه، به‌ڵام مانای واش نییه بڵێن باری ده‌روونی ماندوو نییه، هه‌ندێك جار ئه‌م كه‌سانه له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌رییه‌كانی قوربانییه‌كاندا ئه‌ژین، ته‌نانه‌ت ئێمه رزگاربووی ئه‌نفالمان هه‌یه ئێسته‌ش چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی كهسوكاریهتی.
+ ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه به‌م جۆره لێ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر كه‌سێك منداڵه‌كه‌ی ئه‌نفال كرابێت، جیاواز نییه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه مێرده‌كه‌ی ئه‌نفال كراوه؟ ـ وه‌كو باسمكرد هه‌ندێك خاڵ كاریگه‌ریی رووداو ده‌گۆڕێت، یه‌كیان قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی رووداوه هه‌تا قه‌باره‌كه‌ی گه‌وره‌تر بێت ره‌نگه كاریگه‌ریی زۆرتربێت، خاڵێكی دیكه هه‌یه پێی ده‌وترێت (قه‌باره‌ی ره‌مزی)، واته له رووی ره‌مزه‌وه چه‌ند بۆ ئه‌م رزگاربووه به‌های هه‌بووه، بۆ نموونه (قه‌باره‌ی ره‌مزی)، هه‌یه یه‌ك كه‌سی له‌ده‌ست چووه، به‌س ئه‌وكه‌سه به رهمزییهن زۆر زۆر گه‌وره بووه به‌لای ئه‌وه‌وه، له‌وه‌ده‌چێت یه‌كێكی تر چه‌ند كه‌سێكی له‌ده‌ستچووبێت، به‌ڵام له‌رووی ره‌مزی حاڵه‌ته‌كه‌وه كه خۆی بۆی دائه‌نێت، له‌وانه‌یه كاریگه‌ری كه‌متر بێت له‌وه‌ی كه كه‌سێكی له ئهنفالهكهدا له‌ده‌ستچووه، هه‌روه‌ها سێهه‌م خاڵ تواناكانی خۆگونجاندنی مرۆڤه ئایا ئه‌م كه‌سه تواناكانی خۆ گونجاندنی له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا چه‌نده؟ هه‌یه توانای خۆگونجاندنی زۆرتره له‌كه‌سێكی دیكه، هه‌مانه كه‌متره، هه‌روه‌ها یارمه‌تیدانی ده‌وروبه‌ر، هه‌مانه كه‌س و كارێكی زۆری له‌ناوچووه، به‌ڵام له پاڵیاندا ده‌یان كه‌سی تر له‌چوارده‌وری هه‌یه وه‌كو تۆڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز پشتی ئه‌گرن، به‌ڵام هه‌شمانه هیچ پشتگیرییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ماوه ئه‌وه كاریگه‌ری زۆرتره له‌سه‌ری. + چه‌ند رزگاربوو یان خاوه‌نی كه‌سوكار ئه‌نفال كرا‌و له سه‌نته‌ره‌كه‌ی به‌ڕێزتان بوونیان هه‌یه، حاڵه‌ته ده‌روونییه‌كه‌ی چییه، چیان بۆ كراوه، چیان بۆ بكرێ؟ ـ هارتلاند ئه‌لایه‌نس كه رێكخراوێكی ناحكومیی نێوده‌وڵه‌تییه له سه‌ره‌تای ساڵی 2005 وه له رێگه‌ی پڕۆگرامێكی ته‌ندورستی ده‌روونی به‌هاوكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌زۆربه‌ی شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق هه‌وڵیداوه خزمه‌تگوزاری ده‌روونی و كۆمهلاَیهتی دابین بكات. مه‌ڵبه‌ندی راهێنان و چاره‌سه‌ركردنی زه‌بری ده‌روونی، كه یه‌كێكه له پرۆگرامه‌كانی رێكخراوی هارتلاند و له مانگی 12 ی 2007 ه‌وه ده‌ستی به چالاكییه‌كانی كردووه توانیومانه ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی كه هه‌مانه پێشكه‌شی بكه‌ین به كه‌سانی تووشبوو به زه‌بری ده‌روونی به هۆی ئه‌شكه‌نجه، شه‌ڕو پێكدادان، ئه‌نفال، جینۆساید. مه‌ڵبه‌نده‌كه‌مان رزگاربووانی ئه‌نفالی له پله‌كانی یه‌كه‌مدا داناوه كه خزمه‌تگوزارییه‌كانمان ده‌یانگرێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له نه‌خۆشخانه و مه‌ڵبه‌نده ته‌ندروستییه‌كانی ناوچه‌كانی گه‌رمیان به‌تایبه‌تی له رێگه‌ی ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ی كه راهێنانمان پێكردوون و له پڕۆگرامی ته‌ندورستی ده‌روونیی هارتلاندا كار ده‌كه‌ن، كاتێك حاڵه‌تێكی رزگاربووی ئه‌نفال ده‌چێته لایان و پێویستی به خزمه‌تگوزاری بواری ده‌روونی هه‌یه و له‌و ناوچه‌ی خۆیان جێبه‌جێ نابێت، په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه ده‌كه‌ن و ره‌وانه‌ی لای ئێمه‌یان ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش هه‌موو كارئاسانییه‌ك بۆ حاڵه‌ته‌كه ده‌كه‌ین له‌رووی گرتنه ئه‌ستۆی سه‌رجه‌م تێچوونی هاتنی نه‌خۆشه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه شاری سلێمانی تا بتوانین له بواری پزیشكی، پزیشكی ده‌روونی، چاره‌سه‌كردنی ده‌روونی له رێگه‌ی دانیشتنی ده‌روونی، هه‌روه‌ها ره‌وانه‌كردنی حاڵه‌ته‌كان بۆ بواره پزیشكییه جیاجیاكانی دیكه كه له‌ناو سه‌نته‌ره‌كه‌ماندا نییه، هه‌روه‌ها له‌بواری كارئاسانیكردن له ده‌ره‌وه‌ی مهڵبهندهكهماندا بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه، به‌تایبه‌ت ئێمه چه‌ند كارمه‌ندێكی بواری كۆمه‌ڵایه‌تیمان هه‌یه له‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌مان كار بۆ ئه‌م حاڵه‌تانه ده‌كات، ئایا ئه‌و كه‌سانه له یه‌كێ: له داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا پێویستی به هاوكاری هه‌یه، كارێكی هه‌یه بۆی ئاسان نییه بۆی ئاسان بكه‌ین، ئیشكالاتێكی هه‌یه له شوێنێكدا ئه‌م كارمه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه تایبه‌تانه‌ی ئێمه سه‌ردانی ئه‌و ده‌زگایانه ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی داكۆییان لێ بكه‌ن و هه‌م كاره‌كانیشیان بۆ جێبه‌جێ بكرێت، واته له چه‌ند بوارێكی جیاوازدا مه‌ڵبه‌نده‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی نهێنیپارێزی و پاراستنی مافه‌كانی نه‌خۆش خزمه‌تگوزارییه‌كانی بێ به‌رامبه‌ر و بێ جیاوازی پێشكه‌ش به هه‌موو كه‌س ده‌كات. به نیسبه‌ت ئه‌وه‌ی كه ئایا رزگاربووانی ئه‌نفال چ جۆره حاڵه‌تێكیان هه‌بووه كه هاتوونه‌ته لای ئێمه، رێژه‌ی زۆری ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه سه‌ردانی مهڵبهندهكهمانیان كردووه رزگاربووی ئه‌شكه‌نجه و ئه‌نفالن، به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ی گه‌رمیانه‌وه ره‌وانه‌كراون و زۆرێكیان ته‌نگژه‌ی ده‌روونی پاش زه‌بر یان له‌گه‌ڵیشیا خه‌مۆكیان هه‌یه. خۆشبه‌خاته‌نه ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌نه لای ئێمه له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌ی كاركردنماندا به شاهیدی خۆیان سودێكی به‌رچاویان بینیوه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك حاڵه‌ت كه له ماوه‌ی بیست ساڵی رابردودا گرفتاربوون پێوه‌ی و نالاَندویانه له‌ده‌ستی توانیویانه به هاوكاری مه‌ڵبه‌نده‌كه‌مان زاڵ‌بن به‌سه‌ریدا و بگه‌رێنه‌وه سه‌ر ژیانێكی ئاسایی خۆیان. ئێمه له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا و تاكو ئێستا توانیومانه 250 حاڵه‌ت وه‌ربگرین و چاره‌سه‌ری هه‌مه‌لایه‌نی راسته‌وخۆیان پێشكه‌ش بكه‌ین كه زۆرترینیان رزگاربووانی گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان یان رزگاربووی ئه‌نفالن.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/dimana/dimana-2010-04-10-5830.html