به‌هۆی فشاری دهروونیو كۆمهلاَیهتییهوه نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان له هه‌ڵكشاندان، له كوردستان وه‌ك پێویست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشییانه‌دا نه‌كراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریگه‌ری كردۆته سه ڕه‌فتارو په‌یوه‌ندی كۆمهلاَیهتی تاك.
سه‌لاح حه‌سه‌ن ـ لێپرسراوی به‌شی ده‌روونی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سلێمانی له میانی دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ هاولاَتی باس له‌نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان ده‌كات كه ئه‌مڕۆ له كوردستاندا بلاَون ده‌ڵێت"خه‌مۆكی له پله‌ی یه‌كه‌مدایه زۆرتریش ڕه‌گه‌زی مێ تووشی ده‌بێت".
ته‌ندروستی ده‌روونی چییه؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: بریتییه له ته‌ندروستبوون و هاوسه‌نگی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كانی مرۆڤ له‌رووی ده‌رونی، كۆمهلاَیهتی، جه‌سته‌یی، روحی و سۆزداری. هه‌روه‌ها به‌شێكی گرنگه وه‌ك هه‌موو به‌شه‌كانی تری ته‌ندروستیمان و كارده‌كاته سه‌ر چۆنیتی مامه‌ڵه‌كردنی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و بڕیاردان له ژیانی ڕۆژانه‌یدا.
ئه‌و نهخۆشییهدهروونییانهی له كوردستاندا بلاَون كامانه‌ن؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: دیارترین نه‌خۆشییه‌كان بریتین له نه‌خۆشییه سایكۆسسهكان وه‌كو شیزوفرینیا و تێكچونی دووجه‌مسه‌ری(مانیا) نه‌خۆشییه‌كه دووچاری هه‌ر كه‌سێك بێت ماوه‌یه‌ك دڵته‌نگه و ماوه‌یه‌ك دڵخۆش، خه‌مۆكی، دڵه‌ڕاوكێ، ڕاراییو هیستریاو وه‌سواسی. دیارتریین نه‌خۆشی كه تووشی تاك بێت خه‌مۆكییه به‌زۆری تووشی ڕه‌گه‌زی مێ ده‌بێت.
ژماره‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه له ماوه‌ی دووساڵی ڕابووردوودا سه‌ردانی به‌شی ده‌روونییان كردووه چه‌ند بوون؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه بۆ یه‌كه‌مجار سه‌ردانی به‌شی ڕاوێژكاری دهروونییانكردووه، له ساڵ2008دا (589) نه‌خۆش بوون،(266)ی نێر‌و (323)ی مێ بووه، بهلاَم له ساڵی 2007دا (447)نه‌خۆش بوون كه(227)ی نێر‌و (220)ی مێ بووه.
: هۆكاری توشبون به‌نه‌خۆشی ده‌روونی چییه؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: ده‌كرێ بڵێین دوو هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌یه له توشبون به نه‌خۆشی ده‌روونیدا: یه‌كه‌م ـ هۆكاری ناوه‌كی واته كه‌سه‌كه ئاماده‌یی بۆماوه و جینی، گۆرانكاری له پێكهاته بایۆلۆجی و كیمیاویه‌كانی جه‌سته‌یدا هه‌یه، دووه‌م ـ هۆكاری ده‌ره‌كی یاخود ژینگه‌یی هۆكارێكی تره بۆ توشبوون به نه‌خۆشییه‌كه، كه ده‌ڵێین ژینگه فراوانه‌و هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌گرێته‌وه، فشاری ده‌روونی، ته‌نگژه‌ی كۆمهلاَیهتی، ئابوری و رامیاری ....
ئه‌و كه‌سانه‌ی زیاتر دووچاری نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌بن له نێوان چ ته‌مه‌نێكدان؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: ئه‌و كه‌سانه‌ی گیرۆده‌ی نه‌خۆشی ده‌روونی بوون زیاتر ته‌مه‌نیان له نێوان 15بۆ35 ساڵیدایه، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه زۆر له نه‌خۆشییه‌كان له‌وماوه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌ون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵ و سه‌روو ته‌مه‌نی 35 ساڵه‌وه نه‌خۆشمان هه‌یه، بهلاَم كه‌متر.
بۆ ئه‌و ژماره زۆره‌ی دانیشتوان ته‌نها چه‌ند پزیشكێكی ده‌روونیمان له كوردستاندا هه‌یه، ئایه ئه‌مه كه‌م نییه؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: به‌ڵێ یه‌كێك له كێشه‌كانمان نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی پێویسته له تایبه‌تمه‌ندی جیاجیا وه‌كو تیمێك بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كان، شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن‌و نیو دانیشتوانه ته‌نها 3 پسپۆڕی ده‌روونیمان هه‌یه كه بێگومان ئه‌مه كافی نییه. له كاتێكدا به‌رده‌وام فشاری ژیانی ڕۆژانه‌مان له زیاد بووندایه.
دیارده‌یه‌ك له به‌شی ده‌روونی نه‌خۆشخانه‌كه‌تان هه‌یه، ئه‌ویش دیارده‌ی كاره‌با لێدانه، ئه‌مه تا چه‌ند له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤدا یه‌كده‌گرێته‌وه؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: له ڕاستیدا كاره‌با لێدان دیارده نییه، به‌ڵكو چاره‌سه‌ره له ڕووی زانستییه‌وه یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش له زۆر ولاَتدا به‌كار دێ، بهلاَم ڕێژه‌ی به‌كارهێنانی جیاوازه له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر. له‌سلێمانی به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی هه‌مانه سالاَنه ڕێژه‌ی به‌كارهێنانی كه‌مبۆته‌وه. ئه‌گه‌ر نه‌خۆش به رێنمایی و چاره‌سه‌ركردنی ده‌روونی چاك نه‌بوه‌وه، ئه‌وا ده‌رمانی بۆ به‌كار دێ، ئه‌گه‌ر ده‌رمانه‌كه سوودی نه‌بوو، زانرا ئه‌م نه‌خۆشه زه‌ره‌ر به خۆی یان به ده‌وروبه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وكاته په‌نا بۆ به‌كارهێنانی ته‌زووی كاره‌با ده‌برێت. واته له دواین پله‌دا به‌كاردێ، له شاری سلێمانی ئه‌وه ماوه‌ی نۆساڵه به‌كارهێنانی ته‌زووی كاره‌با له ژێر سڕكردنی گشتیدایه، كه تا ئێستاش له زۆربه‌ی شاره‌كانی عێراق، به بێ سڕكردنی گشتی ته‌زووی كاره‌با له نه‌خۆش ده‌درێت. ئه‌مه وهلاَمی پرسیارهكهشه كه ده‌ڵیت تاچه‌ند كاره‌با لێدان له‌گه‌ڵ مافی مرۆڤدا كۆكه، ئه‌گه‌ر مافی نه‌خۆشه‌كه‌ت پاراست و به شێوه‌یه‌كی زانستییانه كاره‌كه ئه‌نجامبدرێت ئه‌وا مافت بۆ دابین كردووه.
ته‌زووی كاره‌با زیاتر بۆ چ جۆره نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی به‌كار ده‌هێنرێت؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه تووشی جۆرێكی تایبه‌تی شیزۆفرینیا، تێكچونی دووجه‌مسه‌ری، ئه‌وانه‌ی تووشی خه‌مۆكی توند بوون و وهلاَمدانهوهیان بۆ ده‌رمان نییه.
ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه تا چه‌ند مه‌رجی ته‌ندروستی تیایه بۆ نه‌خۆشییه ده‌رونییه‌كان؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: كهمو كوڕی له بینادا هه‌یه، بهلاَم له پلانی داهاتوی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی سلێمانیدا هه‌یه كه گرنگی به به‌شی ده‌روونی بدرێتـ، ئه‌و بینایه‌ی دیایكراوه گه‌وره تره و باخ به ده‌وری بیناكه‌دا ده‌بێت. هه‌روه‌ها به‌م نزیكانه نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌روونی له تاسلوجه ده‌كرێته‌وه، ئه‌و كه‌سانه له خۆده‌گرێت كه نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی درێژخایه‌نیان هه‌یه، به‌مه‌به‌ستی جارێكی تر راهێنانهوهیان بۆ ناو كۆمه‌ڵ. نه‌خۆشخانه‌ی سۆز تایبه‌ت ده‌بێت به ئافره‌تان.
: چۆن مرۆڤ خۆی له نه‌خۆشی ده‌روونی بپارێزێت؟
سه‌لاح حه‌سه‌ن: هه‌ندێك جار خۆپاراستن له نه‌خۆشی ده‌روونی په‌یوه‌ندی به خودی مرۆڤه‌كه خۆیه‌وه هه‌یه، ده‌بێت مرۆڤ كاتی هه‌بێت بۆ پشوو، به‌شداری له چالاكییه خۆشی به‌خشه‌كان بكات، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی كۆمهلاَیهتی به‌هێز بكات، چونكه هه‌ركاتێك مرۆڤ تاك كه‌وت كێشه‌كان له‌سه‌ری قورس ده‌بێت له هه‌مبه‌ر ته‌نگژه‌ی دهروونیو فشاردا چۆك داده‌دات. هه‌وڵ بدات ناخی خۆی بۆ كه‌سێكی متمانه‌پێكراو ده‌رببڕێت و به ته‌نها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه‌كانیدا نه‌كات، وازبهێنێت له به‌كارهێنانی جگه‌ره، ئه‌لكهول و ماده‌هۆشبه‌ره‌كان، گرنگی بدات به لایه‌نی روحیی، خاڵێكی تر كه زۆر گرنگ بێت بۆدروستی ده‌روونی مرۆڤ وه‌رزشه، ئه‌گه‌ر هه‌ستی به ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێك نیشانه كرد، وه‌كو دڵته‌نگی، بێزاری، تێكچونی خه‌و داوای یارمه‌تی بكات له كه‌سانی تایبه‌تمه‌ندی ده‌روونی. هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری نێوان خزمان، سنورداركردنی ژماره‌ی منداڵ لهوخێزانانهدا كه یه‌كێك له باوان نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی هه‌یه هۆكارێكی تری گرنگه بۆ رێگه‌گرتن.
به كورتی: سه‌لاح حه‌سه‌ن، لێپرسراوی به‌شی ده‌روونی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی چاره‌سازی ده‌روونی، له دایكبووی ساڵ 1973، شاره‌زا له بواری چاره‌سه‌ركردنی ده‌روونی منداڵ‌و هه‌رزه‌كاردا