د.ئه‌فرام پسۆڕ له ته‌ندروستی دهروونیو نه‌خۆشییه ده‌مارییه‌كان، له میانی دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ هاولاَتی نیشانه‌و ڕێگا شێوازه‌كانی مامه‌ڵه‌ی ئۆتیزم ده‌خاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها باس له ئۆتیزم دهكاتو ده‌ڵێت" ئۆتیزم نهدیاردهیه، نه نه‌خۆشییه، به‌ڵكو حاڵه‌ته" ئاماژه‌ش به‌وه ده‌دات كه ئۆتیزم له ئه‌نجامی تێكچوونی فرمانه‌كانی مێشك‌و ده‌ماره‌وه تووشی منداڵ ده‌بێت، ناوبراو مه‌ترسی حاڵه‌ته‌كه، ته‌نها له ڕووه كۆمهلاَیهتییهكهیهوه دهبینێتو ده‌ڵێت "وا له منداڵه‌كان ده‌كات له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دوا بكه‌ون".
: ئۆتیزم چییه؟ ئه‌م زاراوه‌یه له‌چییه‌وه هاتووه؟
د.ئه‌فرام : ئۆتیزم (خود ته‌نهایی) ( التوحد)
د.ئه‌فرام: ئۆتیزم وشه‌یه‌كی یۆنانیه به‌مانای دابران وگۆشه‌گیری دێت. بۆ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن لیۆكهنهر ئه‌م زاراوه‌یه به‌كارهێنرا، ئۆتیزم بریتیه له تێكچونێكی ئاڵۆزی گه‌شه كه له سێ ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی منداڵدا رووده‌دات له ئه‌نجامی تێكچوونی فرمانه‌كانی مێشك وده‌مار.
ئۆتیزم توشی هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌ند ، ڕه‌ش پێست و سپی پێست ، باكور و باشور ده‌بێ به‌بێ جیاوازی. رێژه‌ی توشبوون نزیكه‌ی 3- 4 منداڵه له‌هه‌ر 10.000 منداڵ و له نێردا زیاتره وه‌ك له مێ به‌رێژه‌ی 3/1 .
: مه‌ترسی هه‌یه بۆسه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دووچاری ئۆتیزم بوون؟
د.ئه‌فرام: مه‌ترسیه‌كان بریتیه له‌و گرفتانه‌ی كه هه‌یانه كه وایان لێده‌كات له رووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه دوا بكه‌ون و پێویستیان به چاودێری و فێركردن و مامه‌ڵه‌ی تایبه‌ت هه‌یه.
: ئۆتیزم نه‌خۆشییه، یا دیارده‌یه؟
د.ئه‌فرام: ئۆتیزم نهنهخۆشیه و نهدیاردهیه، به‌لكۆ حاڵه‌ته سه‌رجه‌م حاڵه‌ته ده‌روونیه‌كان وشه‌ی نه‌خۆشی (disease) یان بۆ به‌كارناهێنرێت، هه‌روه‌ها وشه‌ی دیارده (phenomena) زیاتر بۆ بابه‌ته كۆمه‌لایه‌تیه‌كان و هه‌ندێ حاله‌تی ده‌روونی به‌كاردێت، به‌ڵام هه‌رگیز بۆ ئۆتیزم به‌كارنه‌هاتووه؟
: ده‌ستنیشانكردنی ئۆتیز چۆن ده‌بێت؟
د.ئه‌فرام: منداڵی ئۆتیزم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له سێ بواردا گرفتی هه‌یه
1- گفتوگۆ (ئاخاوتن).
2- په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی .
3- گرفت له بواری ڕه‌فتاردا (هه‌ڵسوكه‌وت).
ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی كورت هه‌ندێكه له نیشانانه:
1. دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان یاری چه‌ند جار و چه‌ند جار به‌بێ ماندوو بوون و نه‌بوونی توانای داهێنان له یاریه‌كاندا .
2. به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گۆڕانكاری له یارییه‌كاندا و زووهه‌ڵچوون وه‌كو خواردن له ده‌فرێكی دیاری كراودا یان له‌به‌ركردنی پۆشاكێكی دیاریكراو ڕازی نه‌بون به گۆڕینی.
3. دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕازی نه‌بونی یاری كردن له‌گه‌ڵ خێزان و منداڵانی تر.
4. خاوخلیچكی یان جوڵه‌ی به‌رده‌وامی بێ مه‌به‌ست.
5. گوێ نه‌دان به‌ده‌وروبه‌ر زۆرجار ده‌گاته ئاستێك كه‌سوكار واده‌زانن منداڵه‌كه‌یان كهڕبووه.
6. له‌رووی زمانه‌وه: دواكه‌وتنی ئاخاوتن ، بێده‌نگی یان ده‌نگه‌ده‌نگی به‌رده‌وام ، دووباره‌كردنه‌وه‌ی قسه‌ی ئه‌وانی تر به‌بێ تێگه‌یشتن له ماناكه‌ی، وتنی وشه‌و ڕسته‌ی بێ واتا، پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی ئامرازه‌كان، گرفت له ناونانی شته‌كاندا.
7. لاوازی یان نه‌بوونی هۆشپێدان و چاونهبرینه چاوی به‌رامبه‌ر .
8. تێنه‌گه‌شتن له زمانی جه‌سته‌و گرفت له بابه‌ته بینراوه‌كاندا.
10- دواكه‌وتنی گه‌شه‌ی هه‌سته‌كان ( بۆنكردن ، به‌ركه‌وتن، تامكردن).
11- هه‌ست نه‌كردن به سه‌رماو گه‌رما یان ڕاستر بێئاگایی له سه‌رما وگه‌رما.
12- له هه‌مووی گرنگتر هه‌ر منداڵێ یه‌كێك یان هه‌ندێ له‌م نیشانانه‌ی هه‌بوو مانای ئه‌وه نیه كه حاله‌تی ئۆتیزمی هه‌یه، به‌لكو پێوه‌ری تایبه‌تی هه‌یه كه ده‌بێت له هه گرووپه‌ی له‌و سێ گرووپه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد نیشانه‌ی هه‌بێت ئه‌مه‌ش زیاتر كاری پزیشكه‌كانه.
: ئۆتیزم جیاوازی له‌گه‌ڵ ماخۆلاندا كه له كوردوهواریدا هه‌یه؟
د.ئه‌فرام: به‌ڵێ جیاوازیه‌كی زۆر، وه‌ك وتمان ئۆتیزم گرفتی له سێ بواردا ده‌بێت به‌ڵام ماخۆلان زیاتر گرفت له بواری جوڵه‌دا هه‌یه. سه‌باره‌ت به هۆی هه‌ر یه‌كه‌یان هو رێگه چاره‌ش زۆر له یه‌ك جیاوازن.
: وه‌ك پزیشكێكی ده‌روونی ڕێنماییتان بۆ خێزانه‌كان چییه كه منداڵی ئۆتیزمی تیایه؟
د.ئه‌فرام: ڕێنماییه‌كان به خاڵ ده‌خه‌مه ڕوو
1- منداڵ فێری ڕه‌فتار ده‌بێ له ئه‌نجامی پاداشت دانه‌وه باشترین پاداشتیش سۆزۆخۆشهویستیه.
2- بۆ فێربوونی ڕه‌فتاری نوێ، ده‌بێ ئه‌و ڕه‌فتاره دابه‌ش بكرێ بۆ چه‌ند قۆناغێك و هه‌ر جاره‌ی به‌شێكی فێربكرێ .
3- هه‌موو ڕه‌فتارێك ده‌بێ به ڕه‌فتارێكی پێش خۆیدا تێپه‌رێ بۆ نمونه پێش راكردن رۆشتنه ، پێش فێربوونی ڕسته وشه‌یه هه‌روه‌ها.......
4- هاندان و دهستخۆشكهری له منداڵ له كاتی جێبه‌جێ كردنی هه‌ر هه‌نگاوێك له‌و ڕه‌فتاره‌ی ده‌ته‌وێ فێری بكه‌یت، گه‌ر نه‌یتوانی وره به‌رمه‌ده و منداڵه‌كه مه‌شكێنه به‌ڵكو دووباره و چه‌ندباره هه‌وڵ بده گه‌ر هه‌ر نه‌یتوانی هه‌نگاوێك وه‌ره دواوه و كاره‌كه به‌ش به‌شتر بكه به‌هه‌نگاوی ساده‌تر ده‌ست پێ بكه.
5- بۆ فێربونی ناو هه‌وڵ بده ته‌نها وشه‌یه‌ك به‌كار بهێنیت و په‌یوه‌نداری بكه به شتێكی خۆشه‌وه لای منداڵ تاكو ئاسانتر فێربێت.
6- زۆر گرنگه منداڵ فێری بكه ومه‌كه بكرێ زۆرجار بۆ به‌گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته جگه له قسه پێویستمان به زمانی جه‌سته‌و به‌ركه‌وتن ده‌بێ.
7- زۆر پێویسته منداڵ فێری كاری رۆژانه بكرێ وه‌ك خۆگۆرین ، خۆشتن ، ددان شتن، چوونه سه‌رئاو...... بێگومان ئه‌مه كارێكی ئاسان نیه خێزانه‌كان ده‌توانن له‌رێی چاره‌سازی ده‌رونیه‌وه رێنمایی وه‌رگرن.
8- خواردن پێوستیهكه بۆ به‌رده‌وام بوونی ژیان، بۆیه گرنگه منداڵ فێربكرێ چۆن خواردن ده‌خوات پێویسته هه‌مان مێزبێت (هه‌مان شوێنی نان خواردن)، هه‌مان سفره واته سفره‌كه زوو زوو نه‌گۆرێ گه‌ر گۆریشمان هه‌مان ره‌نگ بكرینه‌وه و هه‌مان كورسی و هه‌مان ده‌فر و كه‌وچك ....... هتد.به‌كاربێنین.
9- فێركردنی چوونه سه‌ر ئاو هه‌موو رۆژێ له‌هه‌مان كاتدا دوای نان، تاكو منداڵ له‌سه‌ر كاته‌كه رابێت و ورده ورده زیاد ده‌كرێ.
10- به‌ئاگابون له نه‌خۆشیه‌كانی تر، چونكه منداڵی ئۆتیزم ناتوانێت باس له حالی خۆی بكات بۆیه هه‌ر كاتێ هه‌ندێ نیشانه‌مان به‌دی كرد كه ئاماژه به‌خش بێت بۆ بوونی نه‌خۆشی ده‌بێ به‌ئاگابین وه‌كو نه‌مانی شه‌هیه‌ی خواردن و تێك چونی خه‌وتن و په‌له‌ی سه‌ر پێست و به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و هه‌ناسه ته‌نگی و ..... هتد .
: دایك باوك به‌رپرسن له توشبونی منداڵه‌كه‌یان به ئۆتیزم؟
د. ئه‌فرام: به‌هیچ جۆرێك. جاران له‌و باوه‌ڕه‌دابوون شێوازی په‌روه‌رده‌كردنی باوان بۆ منداڵه‌كه‌یان كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌یه له توشبوون به ئۆتیزم، به‌ڵام ئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر منداڵ و خێزانی ئۆتیزم كراون هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌دی نه‌كردووه له نێوان شێوازی په‌روه‌رده‌و ئه‌گه‌ری توشبوون به ئۆتیزم.
ته‌نانه‌ت هه‌ندێ بۆچونی پێشتر باسیان له‌وه ده‌كرد گه‌ر دایك له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یدا سارد بێت مه‌ترسی توشبوون به ئۆتیزم زیاتره [ به‌و دایكانه‌یان ده‌وت دایكی یه‌خچال] ، گومانی تێدا نیه كه شێوازی په‌روه‌رده‌كردن كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر ئایندهی تاك و شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتی، به‌ڵام نابێته هۆكارێك بۆ توشبوون به ئۆتیزم. هه‌ندێكی تر له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون گه‌ر باوان نه‌خۆشی ده‌روونیان هه‌بێ منداڵه‌كانیان ئه‌گه‌ری توشبونیان به ئۆتیزم زیاتره وه‌ك له منداڵانی تر سه‌باره‌ت به‌م بۆچونه‌ش هیچ توێژینه‌وه‌یه‌ك نیه ئاماژه به‌مه بدات.
: په‌یوه‌ندی خواردن به ئۆتیزمه‌وه چیه؟
د.ئه‌فرام: زۆر له ئێمه له‌كاتی بوونی هه‌ر نه‌خۆشیه‌كدا پرسیار له پزیشك ده‌كه‌ن ئایا هیچ خۆراكێك هه‌یه هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م حاڵه‌ته بێت، یان هیچ خۆراكێك هه‌یه كه تاك نه‌یخوات بۆ ئه‌وه‌ی چاك ببێته‌وه . سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان خۆراك و ئۆتیزم زۆر توێژینه‌وه كراوه و زیاتر له بۆچونێك هه‌یه ئه‌مانه‌ی خواره‌وه هه‌ره بۆ چونه گرنك و ڕاسته‌كانن . به‌ڵام ئه‌م رێنماییانه ده‌بێت له ژێر چاودێری پزیشكدا بێت بۆ ماوه‌یه‌كی دیاری كرا‌و كه له چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك تێناپه‌رێ و به پێی سوود وه‌رگرتنی منداڵه‌كه بریاری به‌رده‌وام بوون یان راگرتنی ئه‌م سسته‌مه ده‌درێت.
1- لابردنی ماده‌ی كازیین كه له شیردا هه‌یه.
2- لابردنی ماده‌ی گلوتین كه له گه‌نم ، جۆ ، گه‌نمه شامیدا هه‌یه.
3- به‌كارهێنانی ڕۆنی كهتانو رۆنی جگه‌ری ماسی‌و ئه‌و خواردنانه‌ی ئۆمیگا 3، یان ئۆمێگا شه‌شی هه‌یه.
به‌كارهێنانی هه‌ندێ ڤیتامین ئه‌ی ، بی 1، 3، 5،6،12 و زنكو مهگنیسیۆموكالیسیۆم به بڕێكی گونجاو.
به كورتی: د. ئه‌فرام موحه‌مه‌د حسه‌ین ، له ساڵی 1974 له دایكبووه، بۆردی له ته‌ندروستی دهروونیو نه‌خۆشییه ده‌مارییه‌كاندا هه‌یه، پزیشكی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانه.