|
|
|
|
|
|
چیرۆكی ئافرهتێكی تهنیا
چوارشهممه-26-ئایار(مانگی 5)-2010
ترس لە روخساری نیشتبوو، بەناوی خۆمەوە بانگی دەكردم، بە خەم و حەسرەتەوە ئاماژەی بۆ دەكردم، خەریك بوو لە ترسانا بمگرێ، منیش بەپەلە بۆ لای چووم.
ئەو ئافرەتە ناسك و شەرمنە،كاتی خۆی سكرتێرە بوو لە نوسینگەی سەرنوسەری ئەو رۆژنامەی كە من كارم لێدەكرد، لە چۆنی و چاكی سەر رێگا زیاتر هەرگیز قسەمان بەیەكەوە نەكردووە، بەڵام هەستم پێكرد كە مرۆڤێكی لەسەرخۆ و ناسك و هێمنە.
دەبێ چی روویدابێ وا ئەم كچەی ترساندبێ و بەتەنیا پشت بە خوا دەڕوات؟ بە دەنگێكی شێواو لەرزۆكەوە گوتی : ئەو ئۆتۆمبیلە لەو كاتەوەی لەكار بوومەتەوە و بەڕێوەم بۆ ماڵەوە شوێنم كەوتووە و راوە دووم دەنێ. ووتی ئۆتۆمبیلەكە لێم نزیك دەبێتەوەو شوێنم دەكەوێ، ئەوانەی لەناو ئۆتۆمبیلەكەن قسەی سوك و ناشرینم پێدەڵێن.
ئێنجا تكای لێكردم كە كەمێك لەگەڵیدا بوەستم تا ئەو ئۆتۆمبیلە دەڕوات . هێنامەوە سەرخۆی و لەگەڵیدا كەوتمە رێ تا سواری( میترۆ) بوو، لەو چەند هەنگاوە كورت و كەمەی بەیەكەوە رۆیشتین پێم گوت: بۆچی بەشەو كار دەكەیت؟ گوتی: لەبەر ئەوەی بە ڕۆژ خوێندكارم. لە كۆلیژی وێژە. دوای كەمێك بێ دەنگی گوتی: یەكەمجارە ئەمەم لێ رووبدات و بەداخەوە بێزارم كردی. رووخساریم لێ وون بوو، ئەو رووخسارە پاكە لەبیر خۆم بەرمەوە كە ترس و لەرز زەردی كردبوو.
بیرم لە تەنیا شتێك دەكردەوە ئەویش : هەندێ كەس لە كۆمەڵگای ئێمە وا بیر دەكەنەوەو باوەڕیان وایە( هەر ئافرەتێك بە تەنیا بوو لەسەر رێگا) تەنیا یەك مانای هەیە و بەس ئەویش: ئەوەیە كە ئەو ئافرەتە بێ ئابڕووە.....
لە راستیدا خاوەنی ئەو بیرو بۆچوونانە خۆیان بێ ئابڕوون.. ئافرەت هەیە بە شەوان دێن و دەچن چونكە لەشەودا كار دەكەن و تێدەكۆشن.دڵ و گەنجیەتی خۆیان شەكەت و لاواز دەكەن لەپێناوی ژیانێكی نوێدا..ئێستا كە ئافرەتانی نوێ لە ووڵاتە نوێیەكەماندا هەیە. ئەویش كاركردنە بەبێ وەخت لەپێناو پارووە نانێك و ژیانێك لە دوێنێ باشتر.
نەفرەت لەو كەسانەی كە ترس دەخەنە رووخساری پاك و بێ تاوان و بێگەردی ئافرەتێكەوە و ئەو ئافرەتانە دەتۆقێنێ كاتێ بە تەنیایی لە رێگە دەڕوات.نەفرەت لەوانەی سواری ئۆتۆمبیل دەبن و شایستەی ئەوە نین بە پیادە رۆیی بەسەر زەویدا بڕۆن..نەفرەت لەوانەی رێز بۆ ئافرەتی تەنیا دانانێن..
نەفرەت سەد جار نەفرەت لەوانەی قسەی ناشرین دوای ئافرەت دەخەن. |
|
------------------------
www.xezan.org/arts/chirok/chirok-2010-05-26-2506.html