|
|
|
|
|
|
تارا له نێو دۆزه‌خی دنیادا
گێڕانه‌وه‌ی: كارزان بایز
شه‌ممه-08-ئایار(مانگی 5)-2010
شتێكم له ژیانی سه‌رگوزه‌شته‌ی پڕ له خه‌می تارا ده‌زانی، ده‌مزانی چیرۆكی ئه‌و دڵ ده‌گوشێ‌و گێڕانه‌وه‌ی من ناتوانێ كه‌مترین ئازاری تارا هه‌ڵبگرێ، وشه‌كانی من ناتوانن حیكایه‌تی ئه‌و باس بكه‌ن، بۆیه هه‌ر بۆ هه‌لێك ده‌گه‌ڕام‌و تارا ببینم‌و هه‌رچۆنێك بووه داوای لێبكه‌م له‌سه‌ر زاری خۆیه‌وه ژیانی بنووسمه‌وه. تا ئه‌وه‌بوو له رێگه‌ی ناسیارێكمهوه ئه‌و ده‌موچاوه ئازاراوییهم بینی‌و دوای كێشمه‌كێشێكی زۆر له‌گه‌ڵ خۆمدا توانیم داوای لێبكه‌م ژیانی خۆیم بۆ باس بكات، تاراش پاش دوودڵی‌و گومانێكی زۆر، وهستانو بیركردنه‌وه، به‌م شێوه‌یه ده‌ستی پێكرد: من (تارا)م، له یه‌كێك له گونده‌كانی كوردستانی باشوور، سه‌ر به پارێزگای كه‌ركووك له دایك بووم‌و له خێزانێكی مامناوه‌ند گه‌وره بووم. وه‌ك هه‌موو كچانی تری كوردستان، ژیانێكی زۆر ساده و ساكارم هه‌بووه، له‌گه‌ڵ (ئاواز)ی خوشكم ژیانێكی زۆر خۆشمان به‌سه‌ر ده‌برد، هه‌رگیز به‌بێ یه‌كتر ئاراممان نه‌ده‌گرت، چونكه ته‌نها ئه‌و دووخوشكه بووین، پێنج براشم هه‌ن، له راستیدا ئه‌وانیش زۆرباش بوون و هه‌موومان له ژێر چه‌تری دایكماندا په‌روه‌رده بووین، چونكه باوكمان كۆچی دوایی كردبوو. (دانا) براگهورهكهمان بوو، له جێگای باوكمان بوو، بۆیه زۆر بهگویێمان ده‌كرد. سه‌ره‌تا ماڵێك هاتنه خوازبێنیی من و به هه‌موو داواكارییه‌كانی ئێمه رازی بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانی بوو، ده‌بوایه خوازبێنیه‌كه ژنبهژن بێ، بێئه‌وه‌ی بیر له پاشه‌ڕۆژ بكرێته‌وه. له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه رێككه‌وتن كه من بده‌ن به (كاوه) و (شنۆ) بۆ (دانا)ی برام، هه‌موو شتێك به باشی ده‌ڕۆی، پاش ماره‌كردن، من بوومه هاوسه‌ری (كاوه) و (دانا)ی برام (شنۆ)ی گواسته‌وه. كاوه كه‌سێكی زۆر هێمن بوو، پڕ به دڵ یه‌كترمان خۆش ده‌ویست، بۆیه هه‌رگیز بڕوام نه‌ده‌كرد كه من له‌و ژیانه خۆشهدام و وه‌كو خه‌ون ده‌هاته پێش چاوم، بۆ من (كاوه) جوانترین و به‌نرخترین كه‌س بوو، ئه‌ویش به هه‌مان شێوه. به‌ڵام به داخه‌وه كێشه‌كان زۆر زوو ده‌ستیان پێكرد، یه‌كێك له خزمه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی من هاتنه خوازبێنیی (شیلان)ی خوشكی (كاوه)، ئه‌وانیش به نیاز بوون ژنبهژن رێك بكه‌ون. خزمه‌كه‌ی من رازی بوو به (شیلان)، به‌ڵام براكه‌ی (شیلان)یان به دڵنه‌بوو. بۆیه (شیلان) له‌و ساته به دواوه زۆر رقی له من ده‌بووه‌وه و ئه‌و وای ده‌زانی من هۆكاری رازینه‌بوونی خزمه‌كه‌ی خۆمم به براكه‌ی ئه‌و، زۆر به ئاشكرا بیانووی پێده‌گرتم. ته‌نانه‌ت رۆژێك پێی وتم: شه‌رت بێ ژیانت تێك بده‌م. راستییه‌كه‌ی كه‌مێك له قسه‌كانی ده‌ترسام، به‌ڵام زۆر كه‌م، چونكه من زۆر دڵنیابووم له خۆشه‌ویستیی (كاوه)و ئومێدی ته‌واوم پێی هه‌بوو. رۆژێك (شنۆ) له ماڵی براكه‌م هاته‌وه بۆ ماڵی ئێمه، واتا به سه‌ردان گه‌ڕایه‌وه ماڵی باوكی، هه‌ندێ قسه‌ی ده‌كرد بۆنی گله‌یی لێده‌هات، به ئاشكرا ده‌یوت: من بێبهختمو تۆ ژیانت له من خۆشتره، (دانا) وه‌كو (كاوه) نییه، من و (دانا) دڵخۆش نین، منیش هه‌ندێ قسه‌م بۆ كرد، به‌ڵام ئه‌مه چاره‌سه‌ری گله‌ییه‌كانی ئه‌وی نه‌ده‌كرد، پاش یه‌ك دوو رۆژ گه‌ڕایه‌وه ماڵی (دانا). ئه‌وه‌بوو رۆژێكیان كاوه گه‌ڕایه‌وه ماڵ‌و وتی (تارا) جادوومان لێكراوه، به‌ڵام دڵنیابه من هه‌رگیز ئاماده‌نیم تۆ له ده‌ست بده‌م، هه‌ر له‌و رۆژانه‌دا بوو چوومه‌وه ماڵی دایكم، (ئاواز)ی خوشكم پێی راگه‌یاندم كه (شنۆ) وتوویه‌تی (كاوه) و (تارا) جادوویان لێكراوه، من زۆر سه‌یرم به‌م قسانه‌وه هات، چونكه ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم، جادوو به نهێنیی ده‌كرێ، باشه ئه‌گه‌ر شتێكی وا هه‌بێ، چۆن ئه‌م هه‌موو كه‌سه ده‌زانن؟!!! من له راستی قسه‌كه دڵنیا نه‌بووم، به‌ڵام قسه‌ش له خۆیه‌وه ناكرێت. دواتر هه‌ندێ قسه‌ی سه‌یرم له كاوه ده‌بیست ده‌یوت: (تارا) ئه‌وساته‌ی له ماڵم، له‌گه‌ڵ تۆ زۆر باشم، به‌ڵام له ده‌ره‌وه زۆر هانم ده‌ده‌ن، من نه‌مزانی كه‌سانێك هانی ده‌ده‌ن. رۆژێك (كاوه) هاته‌وه زۆر توڕه بوو، پێی وتم ئیتر نابێ بچیته‌وه ماڵی دایكت، چونكه ماڵی دایكت تۆ تێك ده‌ده‌ن، دواتر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كردم كه "مێشكت ده‌ته‌قێنم". نازانم بۆ وای كرد، به‌ڵام دڵنیام وایان پێ گووتووه كه ماڵی دایكم جادوویان كردووه. هه‌ستم ده‌كرد كه‌سانێك كاوه هان ده‌ده‌ن، چونكه كاتێك (شنۆ) منداڵی له (دانا)ی برام بوو، ئیتر هه‌موو شته‌كان زۆر به روونی ده‌ركه‌وتن و كه‌سه شاراوه‌كانی پشت توڕه‌بوونی (كاوه) زۆر به ئاشكرا ده‌ركه‌وتن، كه مه‌به‌ستیان تێكدانی نێوانی ئێمه بووه. ئه‌وانه‌ی ژیانی منیان شێواند، یه‌كه‌میان (شیلان) بوو، چونكه ئه‌و به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی له یاد نه‌كردبوو به تێكدانی ژیانی من، بۆیه به دڵ و گیان كاری بۆ ئه‌م ئامانجه‌ی ده‌كرد. كه‌سی دووه‌م (خه‌سووم) بوو، كه ده‌یگوت: تۆ مناڵت نابێت، پێی ده‌وتم گه‌ر ده‌ته‌وێت له‌گه‌ڵ (كاوه) بمێنی، ده‌بێت منداڵت هه‌بێ، ئه‌گه‌رنا ئاگر ده‌كه‌مه نێوانتان. سێیه‌م كه‌س (شنۆ) بوو، هه‌ر چه‌نده (شنۆ) هیچ بیانوویه‌كی نه‌بوو، به‌ڵكو ته‌نها چاوی به خۆشه‌ویستیی نێوان من و (كاوه) هه‌ڵ نه‌ده‌هات. من كه‌سێكی ساده بووم، به‌و ژیانه رازی بووم، چونكه بێجگه له‌مه هیچی ترم پێ ناكرێت، ئه‌گه‌رنا ده‌بوایه ته‌ڵاق بدرامایه. ئیتر ئه‌و كاوه خۆشه‌ویسته وای لێهات رقم به‌سه‌ردا ببارێنێ، ئه‌زانی جارێكیان دایك و (ئاواز)ی خوشكم هاتن بۆ ماڵمان و (كاوه) به‌خێرهاتنی كردن، وتیان ئه‌ی (تارا) له كوێیه؟ بۆ دیار نییه؟ (كاوه)ش وتی وا له ژووره‌كه‌ی تره. كه ئه‌وان هاتن بۆ ئه‌و ژووره و منیان بینی، زۆر گریان. كه ئه‌وان هاتن له‌به‌رئه‌وه‌ی قاچم شكابوو نه‌متوانی له‌به‌ریان هه‌ستم، دیمه‌نی من زۆر كاری له (دایكم) و (ئاواز) كرد، بۆیه گریان. رووداوی قاچ شكانهكهشم ته‌نها داوایه‌كی بچوك بوو: رۆژێكیان (كاوه) له ماڵ بوو، پێم وت: پیاوه‌كه بۆچی من و تۆ ئه‌م بارگرانییه‌ی ماڵی دایكت كه‌م نه‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وان (12) كه‌سن، خانووه‌كه‌ش بچووكه، ئه‌وكات هه‌م ئه‌وان و هه‌م ئێمه‌ش باشتر ده‌بین، با بۆخۆمان هه‌وڵی دروستكردنی خانوویه‌ك بده‌ین، ئه‌مه بۆ هه‌موان باشتره. به‌ڵام سه‌د خۆزگه قسه‌ی خێر و باشم نه‌كردایه، كه‌چی ئه‌م قسانه‌ی من (كاوه)ی زۆر په‌ست كرد و وه‌كو دێوی لێهات په‌لاماری دام‌و قاچی شكاندم. ده‌مزانی ئه‌و قسه‌یه‌ی من بوویه بیانوو، چونكه هه‌ر ئه‌و رۆژه‌و پێش سزادانه‌كه‌ی من، (شنۆ) له ماڵمان بوو به گریانه‌وه ده‌یوت من دوو مناڵم هه‌یه كه‌چی (تارا) ژیانی له من خۆشتره. ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو (كاوه) هار بكات كه من منداڵم نییه، تاوه‌كو سزام بدات، وه‌ك باسیشم كرد ئه‌مه‌ی كرد. رووداوه‌كان زۆرن، خه‌مه‌كان زۆرن، هه‌رگیز ئه‌و رۆژه‌م بیر ناچێ كه چێشتی په‌تاته‌م ئاماده كرد بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌مێك تفت بوو ئه‌زانی چی كرد؟! یه‌ك كه‌وچكی چێشتلێنانی پڕ بیبه‌ری تفت كرد و به زۆر كردیه ده‌ممه‌وه، هه‌رچه‌نده زۆر گریام و زۆریش پاڕامه‌وه، به‌ڵام ئه‌و مرۆڤ نه‌بوو، له قسه تێنه‌ده‌گه‌یشت، بۆیه بێسوود بوو. هه‌ر جارێ (كاوه) به هه‌ر دارێك سزامی بدایه، ده‌بوو داره‌كه له گیانمدا بشكایه، جا باشترین به‌ختی من ئه‌وه بوو كه داری سزادانهكهم ئه‌ستوور نه‌بوایه، به‌ڵام به داخه‌وه، من به‌ختێكی باشم نه‌بوو، بڕوات هه‌بێت داری وه‌های له گیانمدا شكاندووه مێشك بڕوای پێناكات. بروات هه‌بێ هیچ هه‌ڵه‌یه‌كم نه‌ده‌كرد كه شایه‌نی سزادان بێت، به‌ڵگه‌شم بۆ قسه‌كانم، رۆژێك (كاوه) پێی وتم: من ده‌توانم له‌سه‌ر په‌رداخێك ئاو بیانوت پێبگرم و لێت بده‌م، یان به‌بێ هیچ هۆكارێك، ته‌نها له‌به‌ر ئاره‌زووی خۆم سزات بده‌م. ماڵی دایكم زۆر باش به‌م سزادانه‌ی منیان ده‌زانی، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه ژن به ژن بوو، بۆیه گه‌ڕانه‌وه‌ی من بۆ ماڵی دایكم، یان هه‌ڵهاتنم له ده‌ستی (كاوه)، واتا قوڵكردنه‌وه و سهختكردنهوهی سزادانی خۆم، چونكه (دانا)ی برام دووباره منی ده‌گه‌ڕانده‌وه بۆ لای (كاوه)، ئه‌مه‌شی له به‌رژه‌وه‌ندیی (شنۆ)ی خێزانی ده‌كرد. ئه‌گه‌رنا ده‌بوو (شنۆ)ش بگه‌ڕایه‌ته‌وه ماڵی (كاوه). هاوسێیه‌كمان هه‌بوو كه‌مێك باش بوون، به‌ڵام نهم ده‌وێرا باسی هیچ شتێك بكه‌م، چونكه بنه‌ماڵه‌ی (كاوه) رقیان له‌و ماڵه بوو. رۆژێكیان (كاوه) زۆر سزای دام‌و روخسارم هه‌مووی مۆر و شین بووبوو، ژنه‌كه‌ی هاوسێمان پێی وتم ها (تارا) ئه‌وه روخسارت بۆ وای لێهاتووه؟! منیش وتم پورێ نه‌خۆشم، ئه‌ویش دڵنیابوو كه راست ناكه‌م. بۆیه به لاوازیهكهوه وتی (إن شا‌و الله) چاك ده‌بیته‌وه. هه‌ندێ جار منیان ده‌بردوو پیشانی پیرێژنیان ده‌دام، یاخود ده‌رمانخانه‌یه‌ك له نزیكی ماڵمان هه‌بوو كه خاوه‌نه‌كه‌ی دكتۆر نه‌بوو، ته‌نها كاری ئه‌و ده‌رمان دابه‌شكردن بوو.. بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستیی له لای ماڵمان هه‌بوو، یه‌ك دووجاریش سه‌ردانی ئه‌وێشم كرد، یه‌ك دكتۆری پسپۆڕی لێ نه‌بوو كه شاره‌زابێت له بواری منداڵ نه‌بووندا، كه‌چی (خه‌سووم) و (شیلان) پێیان ده‌گوتم: ئێمه پاره‌ی دوو ژنمان له تۆدا خه‌رج كردووه، كه چی هه‌ر منداڵت نابێت! پێم سه‌یر بوو وه‌ختێ (كاوه) بڕیاری دا خانوویه‌كی قوڕ له نزیك ماڵی (خه‌سوو)م دروست بكات، به راستی ئه‌مه بۆ من زۆر دڵخۆشكه‌ر بوو، من له خانوو دروستكردنهكهدا زیاتر له كرێكارێكی پیاو كارم ده‌كرد، به خشت و قور و دار دروستمان ده‌كرد. هه‌رچه‌نده ئه‌م ئیشكردنهشم زۆر ماندووی ده‌كردم، به‌ڵام خۆ به ئاره‌زووی خۆم نه‌بوو، ئه‌وه باسی پشوودان هه‌ر مه‌كه. هه‌ر چه‌نده كاره‌كه قورس و ناخۆش بوو، به‌ڵام من رازی بووم به‌م كاركردنه، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێ چه‌ند هه‌نگاوێك له ماڵی (خه‌سوو)م دوور كه‌ومه‌وه. له خانوو دروستكردن به‌رده‌وام بووین تـا ته‌واومان كرد.. به‌ڵام ئه‌وه‌ش چاره‌ی ده‌ردی منی نه‌كرد، كاوه كه‌ی دڵخۆشیی و به‌خته‌وه‌ریی منی ویستووه، تاوه‌كو ئه‌م كاره بكات و من رزگارم بێت له ده‌ستی (خه‌سوو)م و (شیلان)، ئه‌مه فێڵ بوو فێڵ!! هه‌ركه خانووه‌كه‌مان ته‌واو بوو، هێشتا ئازاری له‌ش و ماندووبوونه‌كه‌م كۆتایی نه‌هاتبوو، وه‌ك جاری جاران (كاوه) وه‌ك گورگ كه‌وته سه‌رم و هه‌موو گیانمی بریندار كرد، وتی: ئێستاكه من ماڵم جیایه له‌گه‌ڵ ماڵی باوكم، منیش چاره‌سه‌ری تۆم پێناكرێت، ده‌ت به‌مه‌وه ماڵی دایكت با ئه‌وان چاره‌ت بكه‌ن. هه‌ر زوو تێگه‌یشتم (كاوه) نیازی ئه‌وه بوو ژن بهێنێ، بۆیه خانووی به من دروست كرد، چونكه له ماڵی باوكی جێگای من و ئه‌و نه‌ده‌بووه‌وه، ئیدی چۆن جێگای ژنێكی تر ده‌بێته‌وه، ئه‌و منی وه‌كو كۆیله به‌كار ده‌هێنا له دروستكردنی خانووه‌كه‌دا، كه‌چی ته‌نها له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بوو، نه‌ك من له ماڵی باوكی دوور بخاته‌وه. ئه‌وه دوای ته‌واو كردنی خانووه‌كه ژنی هێنا. كاوه خۆی پێیی وتم، به راستی زۆر نیگه‌ران بووم، خه‌مێكی زۆرم خوارد، به‌ڵام رازی بووم. ئه‌گه‌ر من رازیی نه‌بوومایه ته‌ڵاق ده‌درام، ئه‌وساش ده‌بوو له‌گه‌ڵ (دانا) و (شنۆ)و دایكم ژیان به‌سه‌ر به‌رم، واتا له ماڵی (شنۆ) بژیامایه، چونكه (ئاواز)ی خوشكم مێردی كردبوو، خۆشت باش ده‌زانی كه گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ئه‌و ماڵه، واتا هه‌ڵبژاردنی دۆزه‌خێكی نوێ به سزا‌و ئازاردانێكی نوێوه. (دانا) (دانا)ی جاران نه‌بوو، به راستی (شنۆ) زۆر به ته‌واویی كۆنترۆڵی كردبوو. كاوه په‌یمانی زۆری پێدام كه لای دادوه‌ر رازی بم جیاوازییمان نه‌كات. هه‌ر له هه‌فته‌ی یه‌كه‌م شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد. دڵنیابن من شه‌ڕ ناكه‌م، به‌ڵكو ته‌نها سزا ده‌درێم، ببووره كه وتم شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد، به‌ڵكو ده‌بوو بڵێم لێدان و سزادان ده‌ستی پێكرد. (چنار)ی ژنی تازه‌ی هاوسه‌رم ده‌یگوت (كاوه) ده‌بێت تۆ ته‌ڵاق بدات، چونكه من به‌و مه‌رجه مێردم كردووه به (كاوه) كه تۆ ته‌ڵاق بدات. من له ماڵی (كاوه) رازی بووم به هه‌موو شتێ، به‌ڵام (چنار) توانجی لێده‌دام ده‌یوت تۆ چۆن مێردت به (كاوه) كردووه، كه هیچ زێڕێكی نه‌كردووه بۆت، یان ده‌یگوت تۆ بۆ ماڵت نییه. هه‌روه‌ها (كاوه) بۆ خه‌رجی ماڵ پاره‌ی ده‌دایه ده‌ست (چنار) به‌بێ هیچ مه‌رجێك، كه‌چی جاران بۆ من به مه‌رج و لێپێچینه‌وه بوو. (كاوه) ده‌یگوت تۆ بۆت نییه هیچت هه‌بێت، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك لایه‌نگریی ئه‌وی ده‌كرد له هه‌موو شتێك‌دا. به (چنار) ده‌گوت بۆ وا ده‌كه‌یت، با هه‌ردووكمان له‌م ماڵه له‌گه‌ڵ (كاوه) ژیانێكی خۆش به‌سه‌ر به‌رین. ده‌مگوت به‌سه با واز له كێشه و شه‌ڕ بێنین، ئه‌وه له خوا به‌زیاد بێت تۆ ماوه‌یه‌كی تر منداڵت ده‌بێت، ئیتر با شه‌ڕ نه‌كه‌ین، نازانم بۆ وایان لێده‌كردم زۆر جار بیرمده‌كرده‌وه كه من مرۆڤ نه‌بم. هه‌ر چه‌نده منداڵه‌كه‌ی (چنار)م وه‌ك گوڵ وه‌ك منداڵی خۆم به‌خێو ده‌كرد زۆر خۆشم ده‌ویست هه‌ر كاتێ (چنار) بۆ شوێنێك یان كارێكی هه‌بوایه ئه‌وه منداڵه‌كه‌ی له‌لای من ده‌مایه‌وه به‌راستی زۆرم خۆش ده‌ویست. وای لێهات زۆر كه‌م ده‌چوومه‌وه ماڵی دایكم. (كاوه) هه‌ر نه‌ی ده‌هێشت بچمه‌وه ماڵی دایكم، یان زۆر كه‌م ده‌ی هێشت ئه‌گه‌ر رێگه‌شی بدایه ده‌بوایه پرسم به گشت ئه‌ندامانی خێزانی (كاوه) بكردایه، كه ده‌گه‌رامه‌وه ماڵی دایكم منداڵه‌كه‌ی چنار ده‌برد له‌گه‌ڵ خۆم نهم ده‌هێشت بۆ ساتێك لێم دووربێت، هێنده خۆشم ده‌ویست. پاش ماوه‌یه‌ك چووین بۆ گوندێك بۆ كشتوكاڵ كردن به‌زۆر كاریان پێده‌كردم براكانی (كاوه)ش له‌گه‌ڵمان بوون. ئه‌زانی رۆژێك له‌و شوێنه چی روویدا.. (كاوه) هه‌ندێ سه‌گی تێ به‌ردام له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه، سه‌گه‌كان به ددانه‌كانیان و نینۆكه‌كانیان لاشهمیان هه‌مووی برینداركرد و خوێنی له‌شمیان به خاك سپارد، هێنده بریندار ببوم له هۆشی خۆم چوو بووم، له بیرمه دواتر كه چاوم كرده‌وه سه‌یرم كرد هه‌ر له شوێنه‌كه‌ی خۆمم، له تاو ئازاری لاشه‌م به هۆش خۆم هاتمه‌وه. به براكانی (كاوه)م وت: تووخوا له‌گه‌ڵ خۆتان بمبه‌نه‌وه بۆ ماڵ زۆر ئازارم هه‌یه، كه چی ئه‌وان وتیان تۆ چیت تاكو له‌گه‌ڵ خۆمانت ببه‌ینه‌وه، وتیان شایه‌نی له‌وه زیاتری، هه‌ر به پێكه‌نینه‌وه وتیان: ئه‌مه كاری ئێمه نییه، با پیاوه‌كه‌ت بتبات بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شار، تاكو چاره‌سه‌رت بكات! واتا گاڵته‌یان پێ ده‌كردم. سه‌یره بۆ ئه‌وه‌ی دیمه‌نێكی نوێ و جوانتر ببینێـت یان هێز و بازووی خۆی تاقی ده‌كرده‌وه به جه‌سته‌ی من وا دیاره ئه‌مجاره وای ئاره‌زوو كردووه، یاخود دیمه‌نی كۆمه‌ڵێك سه‌گ ئازاری ئافره‌تێكی بێ ده‌سه‌ڵات بده‌ن له‌لای شتێكی جوان بووه بۆیه وای كرد. زۆر بێزاربووم له دڵی خۆمدا وتم مردن هه‌ر مردنه گه‌ر له ماڵی دایكم بشمرم هیچ نه‌بێ چاوه‌كانی دایكم لێوه دیاره بۆیه هه‌ر كه له‌و گونده گه‌ڕاینه‌وه ئیتر چوومه‌وه ماڵی دایكم. دوای ئه‌و بڕیاره‌ی من كێشه‌كه گه‌وره‌تر بوو بنه‌ماڵه‌ی ئێمه به‌م سوكایه‌تییه‌یان زانی كه به من كراوه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خزمانی (كاوه) له‌گه‌ڵ خزمانی ئێمه كۆبوونه‌وه، بۆ باسكردنی ئه‌م كێشه‌یه، خزمانی ئێمه به (كاوه) یان وت: تۆ بۆچی وا له (تارا) ده‌كه‌یت؟ (كاوه)ش له وه‌ڵام دا وتی: ژنی خۆمه وه‌كو سه‌گ دهیتۆپێم. ئه‌م قسه‌یه‌ی ئه‌و له‌لای هه‌ندێ له خزمانی ئێمه قبوڵ نه‌كرا، به‌سوكایه‌تی پێكردن وه‌رگیرا بۆیه ناكۆكی ده‌ستی پێكرد. ئه‌وه‌بوو خزمه‌كانمان زۆر سه‌رزه‌نشتی (دانا) یان كرد وتیان: تۆ هه‌ر مرۆڤ نیت، چونكه رێگه ده‌ده‌یت وه‌كو ئاژه‌ڵ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ت بكه‌ن و ده‌نگیش ناكه‌یت. هه‌تاكو ئێستا خۆم و خێزانم قوربانی بووین، به‌ڵام لێره به دواوه خانه‌واده‌كه‌شم تووشی كێشه ده‌بن بۆیه بریارم دا ته‌ڵاق بدرێم. سه‌باره‌ت به (كاوه) ئه‌م بریاره‌ی من شتێكی زۆر باش بوو، چونكه ئه‌و ژن و منداڵی خۆی هه‌بوو به‌ڵام سه‌باره‌ت به (دانا)ی برام!! چیرۆكی من تا ئێره ئه‌و ئازاره بوو، به‌ڵام دانای برام ئه‌و ئازاره‌ی سه‌د قات كرد به‌وه‌ی (14000) هه‌زار دیناری (پاره‌ی سویسری)دا به (كاوه)، ئه‌مه رێككه‌وتن بوو له نێوان هه‌ردووكیان به مه‌به‌ستی: یه‌كه‌م (كاوه) (شنۆ) له (دانا) نه‌سێنێته‌وه. دووه‌م بۆ ئه‌وه‌ی (دانا) من فریوو بدات داوای هیچ مافێك نه‌كه‌م و سكاڵا له دژی (كاوه) تۆمار نه‌كه‌م، چونكه گه‌ر سكاڵام له دژی (كاوه) تۆمار بكردایه، ئه‌وه (كاوه) تووشی لێپرسینه‌وه و به‌ند كردن ده‌بووه‌وه، به هۆی مامه‌ڵه‌ی سزادانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به من. به مه‌ش (كاوه) (شنۆ)ی له (دانا)ی برام ده‌سه‌نده‌وه، بۆیه ئه‌م رێكه‌وتنه‌یان كرد. به‌راستی دواتر كه ئه‌مه‌م بیست زۆر خه‌مم خوارد كه چۆن بازرگانیان به هه‌ست و ژیانی من كردووه، پێیان وتم كه (دانا)ی برام پاره‌ی ئاماده‌ی نه‌بوو ته‌نها له‌به‌ر رێكه‌وتنه‌كه ته‌نانه‌ت قهرزشی بۆ (كاوه) كردووه. من چووم بۆ دادگا و كه‌چی (كاوه) و (دانا) له وێش منیان فریودا نه‌یان هێشت داوای هیچ مافێك یان سكاڵا له دژی ئه‌و سته‌مه‌ی (كاوه) تۆمار بكه‌م. هه‌روه‌ها (دانا)ی برام داوهرهكهی ده‌ناسی به واسته پێشتر هه‌موو شتێكیان رێك خستبوو، (دانا) پێی وتم داوای هیچ نه‌كه‌م. چونكه بێ سووده، ئه‌گه‌ر داوای هه‌ر شتێك بكه‌م ئه‌وه ته‌ڵاق دانه‌كه تێكده‌چێت، پێی وتم ته‌نها بڵێ ژیانم له‌گه‌ڵ (كاوه) ناخۆشه ده‌مه‌وێت جیاببمه‌وه، هه‌ر به په‌له داوهرهكه هه‌موو شتێكی ته‌واو كرد.. به راستی من خۆش باوه‌ڕ بووم، چونكه من درۆناكه‌م وا ده‌زانم هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ر وان به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه من دوژمنی خۆم زۆر باش ده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌و ساته من له ژێر فشارێكی زۆری ئازاری جه‌سته و ده‌روونیدا بووم ئاماده بووم تۆ هه‌موو شتێ به‌س له (كاوه) جیاببمه‌وه. كاتێ له به‌رامبه‌ر داوه‌ر بووم پێی وتم بۆ ئه‌ته‌وێ له (كاوه) جیابیته‌وه؟ منیش هیچم بۆ نه‌وترا (ته‌نها ده‌م ویست له‌و بار و دۆخه رزگارم بێت) ته‌نها وه‌ڵامه كه‌ی (دانا)ی برام وت، وتم: ژیانم ناخۆشه، ده‌مه‌وێت جیاببمه‌وه، ئیتر دادوه‌ره‌كه له ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر هه‌موو شتێكی ته‌واو كرد. له‌و رۆژه‌وه ئه‌م رووداوه بۆ خه‌ڵكی وه‌ك مردوویه‌ك خرایه ژێر گڵه‌وه. به‌ڵام بۆ من هه‌تا هه‌تایه وه‌كو داستان و تێشون، له هه‌گبه‌ی ژیانم، ئه‌م رابردووه‌ش له‌مێشكی مندا تۆماركراوه و به به‌رده‌وامی وه‌كو زنجیره درامایه‌ك خۆم باشترین بینه‌ری ئه‌و درامایه‌م، هه‌رگیز زنجیره دراماكه كۆتایی نایه‌ت، چونكه هه‌میشه دووباره ده‌كرێته‌وه له مێشكمدا ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داوای منی بینه‌ره. من (12) ساڵ خێزانی (كاوه) بووم ئه‌و ئازار و خه‌م و كێشانه‌ی باسم كرد له ماوه‌ی ئه‌و (12) ساڵه‌دا بوو، بۆیه هه‌ر كه‌م و كوریه‌ك هه‌بوو له قسه‌كانم داوای لێبوردن ده‌كه‌م. چونكه گومان له‌وه‌دا نییه چۆن ده‌توانی ژیانێكی دوانزه ساڵی به دانیشتنێكی ئه‌وا هه‌موو شتێ باس بكه‌ی، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌م، كه من نزیكه‌ی (7) ساڵه ژیانێكی نوێم هه‌ڵبژاردووه، مێردم به پیاوێكی كه‌مێك به ته‌مه‌ن كردووه. له راستیدا وا ده‌زانم هیچ كه‌س ژیانی وه‌كو ژیانی من خۆش نییه، هه‌روه‌ها هه‌ر وه‌كو هه‌میشه و به به‌رده‌وامی زۆر سوپاسی خوای گه‌وره ده‌كه‌م، كه پاش ئه‌و هه‌موو ئازار و ناخۆشییه ئه‌و كه‌سه به‌رێزه‌ی كرده هاوسه‌رم، به‌راستی من ئه‌وم زۆر زۆر خۆشده‌وێت، به‌ڵام ئه‌و له من زیاتر. ئه‌وه‌ی له كۆتاییدا ده‌یڵێم دوو شته: یه‌كه‌میان من له سه‌ره‌تای گێرانه‌وه‌ی باسه‌كه‌م، ئاماژه‌م به جادوو كرد، له راستیدا ئه‌م شته زۆر جێگای پرسیاره، وه‌ڵامه‌كه‌شی نازانم، چونكه گه‌ر جادوو له دژی من كرا بێت، بێگومان له‌به‌ر ئه‌وه بوو منداڵم نابێت یان (شیلان) رقی له من بوو. باشه خۆ دواتر (كاوه) بوو به خاوه‌نی منداڵ و (شیلان) یش مێردی كرد، كه‌چی ئه‌م زاڵمانه هه‌ر خراپ بوون له‌گه‌ڵ من. كه‌واته (كاوه) خۆی ئه‌ژدیهایه‌كی پر ژه‌هر بوو، نه‌ك كاریگه‌ری جادوو. دووه‌میان. پێش چه‌ند ساڵێك له مه‌و به‌ر له‌سه‌ر داوای هاوسه‌ره تازه‌كه‌م چوومه لای پزیشكی پسپۆر له‌بواری منداڵ نه‌بووندا، پزیشكه كه پێی وتم، سه‌ره‌تا كێشه‌یه‌كی زۆر بچووكت هه‌بووه، كه زۆر به ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌كرا، به‌ڵام دواتر كێشه‌كه زۆر گه‌وره بووه، هیچ هیوایه‌ك نییه بۆ چاره‌سه‌ری تۆ. پزیشكه‌كه به‌رده‌وام بوو له قسه‌كانی و وتی: خوشكه (تارا) پێشتر تۆ كاری گرانت ئه‌نجام داوه، هه‌روه‌ها زۆر به توندی جه‌سته‌ت ئازار دراوه، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی و گه‌وره‌بوونی كێشه‌ی منداڵ نهبوونهكهته. وه‌كو پێم وتی هیچ هیوایه‌ك نییه بۆ چاره‌سه‌ری منداڵ نه‌بونه‌كه‌ی تۆ. به‌ڵێ پزیشكه‌كه زۆر راستی ده‌كرد، چونكه (كاوه) هه‌موو جه‌سته‌می به لێدان نه‌خشاند بوو، وه‌ك وتم هه‌موو جه‌سته‌م! واتا هه‌موو شوێنێكی جه‌سته‌م. هه‌روه‌ها مێرده تازه‌كه‌م كه گوێی له‌م قسانه‌ی پزیشكه‌كه بوو، به نیگایه‌كی سه‌یر ته‌ماشای كردم و هێمنی هه‌موو قسه‌یه‌كی خوارد، پاشان مێرده تازه‌كه‌م هه‌ر خۆی هێمنی له ژووره‌كه كرده ده‌ره‌وه. وتی: دڵنیابه (تارا) گیان هه‌رگیز له‌به‌ر منداڵ تۆم نه‌كردۆته هاوسه‌ری خۆم، دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه مه‌گه‌ر ئه‌و رۆژه‌ی بمرم لێت دووربكه‌ومه‌وه، یاخود سزات بده‌م.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/chirok/chirok-2010-05-08-2536.html