|
شارا له ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا بوو به بێوه‌ژن
سێشه‌ممه-16-شوبات(مانگی 2)-2010
له به‌رده‌م توێژهرهوهكهیدا، هه‌ردوو ده‌ستی خستبووه سه‌ر یه‌ك. پارێزهرهر ماوه‌ی یه‌ك مانگی بۆ دانابوون، تا توێژهرهرهكه قسه له‌گه‌ڵ خۆی‌و هاوسه‌ره‌كه‌یدا بكات. به‌ڵكو له‌و ماوه‌یه‌دا به خۆیاندا بچنه‌وه‌و بیر له داهاتووی خۆیان بكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر چی منداڵ له نێوان ئه‌و ژن‌و پیاوه‌دا نه‌بوو، بهلاَم وه‌ك خۆیان هێمایان بۆ كرد، له سه‌ر داوای خۆیان وایان پێباشبووه، كه جارێ منداڵ به‌رهه‌م نه‌هێنن. ماندویی به سیمای شاراوه دیاربوو، ته‌مه‌نی شارا وه‌ك گوڵه پاتۆنیا ده‌هاته به‌رچا، هه‌موو ده‌مه‌و ئێواره‌و به‌یانییه‌ك گه‌شاوه ده‌كه‌وته به‌رچاو، به‌ڵام هه‌ركه خۆر له كه‌ل دێته ده‌ر ئه‌و گوڵه جوانانه سیس‌و داماو ده‌بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ژیان توڕه بن ناو به ناو دڵخۆش ناو به‌ناویش بێزار‌و ماندوو. شارا له ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا بوو كه مێردی به ئاواره كرد، ئه‌ستێره‌ی به‌ختی ئه‌م كچه پرشنگداره گه‌شاوه ده‌هاته به‌رچاو، له سه‌ره‌تادا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا خێزانێكی خنجیله‌و بچووكیان بونیاتنابوو. وه‌ك شارا باسی ده‌كرد ساڵی یهكهمو دووه‌می ژیانی شارا، هیچی له مانگی هه‌نگوینی كه‌متر نه‌بوو، كۆشكی به‌خته‌وه‌ری ئه‌م خێزانه له به‌رزیدا بوو، دهنگو سه‌دای بوو و بووه نموونه بۆ كوڕ‌و كچه جهحێڵهكان. كه‌س نه‌یده‌زانی كه رۆژێ دێ گوڵی هیوای به‌خته‌وه‌ری ئه‌م خێزانه سیس ده‌بێت، سه‌ره‌تای كێشه‌ی شارا له‌گه‌ڵ ئاواره‌ی هاوسه‌ری له‌وێوه ده‌ستی پێكرد، كه شارا به‌په‌یوه‌ندییه‌كی كۆنی ئاواره‌ی زانی له‌گه‌ڵ كچێكی هاوپۆلی سه‌رده‌می زانكۆی، بهلاَم هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نه‌بوو له‌سه‌ر درێژه‌كێشانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی ئاواره به هاوپۆله‌كه‌ی ئاواره‌وه، ته‌نها گومانی شارا نه‌بێت له‌و داڵغه لێدانه‌ی ئاواره له كات‌و ساته جیاوازه‌كاندا. شارا ده‌یوت: "ماوه‌ی یه‌ك مانگه ئه‌م پیاوه‌ی من ته‌نها به جه‌سته له‌گه‌ڵم ده‌ژی، له كاتی نانخوادرن، سه‌یران، میوانداری، داڵغه لێده‌دا، سه‌ره‌تا به شێوه‌یه‌كی جوان پێم وت: ئاواره بیر له چی ده‌كه‌یته‌وه؟ بهلاَم ئه‌و له پرسیاره‌كه وه‌رز بوو، نه هه‌ر ئه‌وه جاروبار تووڕه‌ش ده‌بوو، به دوای هۆكاری ئه‌م داڵغه لێدانه‌دا ڕۆیشتم تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی رۆژێك له ده‌فته‌ری یادهوهرهكانی ئاواره‌دا زیكرهیاتی رۆژێكی3 ساڵ لهوهبهریم، ئه‌وه‌ی سه‌رسامی كردم ئه‌و دێڕه بوو، كه نووسرابوو: "خۆشترین رۆژ له‌گه‌ڵ خۆشهویستهكهمدا". سه‌ره‌تا ئاواره نكووڵی له بوونی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ هاوپۆلیهكهیدا ده‌كرد، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش به لای شاراوه، تا ئه‌و كاته ئاسایی بوو كه كار له‌سه‌ر ره‌فتارو بیركردنه‌وه‌كانی ئاواره نه‌كات، هاوكات پرسیارێكیش لای توێژه‌ر دروست بوو كه بۆچی دوو ساڵی سه‌ره‌تای ژیانی ئه‌م خێزانه‌دا هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بوو، بهلاَم له پڕ كێشه سه‌ر هه‌ڵ ئه‌دا، وه‌ڵامه‌كه‌ی به شاراوه‌یی مایه‌وه، ئه‌و كاته ئاشكرا بوو كه خۆشه‌ویسته كۆنه‌كه‌ی ئاواره هه‌موو به‌یانییه‌ك شیعرێكی له نامیلكه‌ی "مۆبایلهشیعر" بۆ ئاواره ده‌نارد، دوا شیعریش خۆشه‌ویسته كۆنه‌كه‌ی بۆی نوسیبوو ئه‌م دێڕه بوو: پێم نه‌وتی نیگات هه‌ناسه‌مه هه‌زار هێنده له من دوور بیت خۆشه‌ویستت پێناسه‌مه.....ئه‌م دێڕه شیعره شارا بۆ دواجار هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی به شارا هه‌ڵكێشا. هه‌رچه‌نده توێژه‌ر ویستی شارا هێمن بكاته‌وه، بهلاَم شارا قبووڵی نه‌بوو، پاساوی بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌بوو كه بۆچی ئاواره ئه‌م نهێنییه‌ی لێشاردۆته‌وه، كێ ده‌ڵێت: چه‌ند نهێنییه‌كی تریش له‌و كهینو به‌ینه‌دا نییه، وتی: به ته‌واوی گه‌یشتوومه‌ته قه‌ناعه‌ت، بۆیه هاتوومه‌ته دادگا، به داوای لێبوردنه‌وه تكایه كه‌س داوام لێنه‌كات په‌شیمان ببمه‌وه‌و بڵێت: ئه‌مه كه‌ی كێشه‌یه؟ هه‌ر بۆیه هیواو ئاواته‌كانی خۆی به گوڵه پاتۆنیا ناوزه‌د كردبوو، وه‌ك ئه‌و وتی: وه‌ری.
|