|
|
|
|
|
|
خه‌سوو زاوای خۆشده‌وێت
به دواداچوونی عومه‌ر ڕه‌زا
هه‌ینی-23-نیسان(مانگی 4)-2010
عومه‌ر ڕه‌شید، كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه ژیانی خێزانی پێكه‌وه ناوه ده‌ڵێ: پێموایه ئه‌م دوو پرسیاره ئه‌گه‌ر ورد سه‌یر بكرێن دژ ده‌وستن، چونكه له‌لایه‌كه‌وه باس له‌و تێڕوانینه نائاسییه ده‌كرێت كه ماڵه خه‌زوور به‌رامبه‌ر زاوا هه‌یانه، لهلایهكییشهوه باس له خۆشه‌ویستی نێوان خه‌سوو زاوا ده‌كرێت. ده‌رباره‌ی پرسیاری یه‌كه‌م، زاوا له ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن ژنبراو خه‌زووره‌وه به شێوه‌یه‌كی نائاسایی سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش پێموایه هۆی ئه‌وه‌یه كه به شه‌رمیان زانیوه كچ‌و خوشكیان له‌لای كوڕێك بێت با به‌ڕێگه‌ی مهشورعیش بێت. بۆ پرسیاری دووه‌میش، به‌ڵێ به‌ڕێژه‌یه‌كی نزیك له (100%) خه‌سوو زاوای خۆشده‌وێت، چونكه هه‌ست ده‌كات خزمه‌تی كچه‌كه‌ی دهكاتو داواكارییه‌كانی بۆ جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام كاتێ دایكی كوڕ ده‌بینێ كوڕه‌كه‌ی خزمه‌تی بووكه‌كه‌ی ده‌كات ڕقی لێی ده‌بێته‌وه‌و بووكی خۆش ناوێت. باوكی ئه‌وین (10) ساڵه چووه‌ته قۆناغی هاوسه‌رییه‌وه، ئێستا خاوه‌نی دوو منداڵه، پێیوابوو په‌یوه‌ندی نێوان زاوا‌و خه‌سوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه توند‌و تۆڵه‌ی كه له‌نێوان دایك‌و كچه‌كه‌دا هه‌یه، به هاتنی زاوا كه كه‌سێكی نوێ هاته ناو‌و هاوكێشه‌ی خۆشهویستیو ڕازونیازی دایك‌و كچ، هه‌ر بۆیه زاوا بووه‌ته كه‌سیی سێهه‌م، له سێ كوچكه‌ی (كچ + زاوا + خه‌سوو) دایك = خه‌سوو، كه ده‌بینێت كه‌سێكی تر هاتووه‌ته نێو بازمهكهو تێكه‌ڵبووه له‌گه‌ڵ ڕاز‌و نیازه‌كانیان ئه‌وكات به به‌شێك له خۆیان سه‌یری دهكاتو خۆشه‌ویستی ڕێزدرای داده‌نێ سه‌باره‌ت به كه‌سیه‌تی زاوا له كۆمه‌ڵگادا به بۆچوونی (باوكی ئه‌وین) هیچ نامۆییه‌ك به‌دی ناكات ئه‌گه‌ر تێڕوانینێكی به‌جۆرێك هه‌بێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هۆشیاریو دۆخی زاوا له سه‌ره‌تایی چۆنییه‌تی ناوپرۆسه‌ی هاوسهگیریهوه، مادام ئه‌م قۆناغه پیاو تێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت مه‌سه‌له زۆر ئاساییه‌و ئه‌گه‌ر شتێكی سه‌رسامیش هه‌بێت په‌یوه‌ندی به كه‌سییه‌تی زاواوه هه‌یه كه ده‌چێته قۆناغی نوێوه. مامۆستا عیرفان هه‌ورامی: نزیكه‌ی پێنج ساڵه خێزانی پێكه‌وه ناوه، به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامی داینه‌وه: كه‌سایه‌تی زاوا په‌یوه‌ندی به خهسووو ماڵی خهوزرهوهیه به ههڵسوكهوتو كه‌سایه‌تی خۆی چه‌نده توانای خۆگونجاندن‌و ڕێزی هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش جێگه‌ی ته‌قدیره بۆیه پێموایه (خۆشه‌ویستی) یان خۆنه‌ویستی ئه‌وه‌ند په‌یوه‌سته به زاتی (زاواوه) ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندی بهشتی تره‌وه نابینم ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه كۆمه‌ڵگا كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌و له هه‌ندێ شوێندا به‌چاوێكی نزم سه‌یری زاوا ده‌كرێ‌و دیاره ئه‌وه‌ش ئاستی پێشكه‌وتن‌و دواكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا ده‌رده‌خات، به‌ڵام به‌ڕای من ده‌بێ (زاوا) كاتێ تێكه‌ڵ به خێزانێك ده‌بێ، وه‌ك تاكێكی ئه‌و خێزانه سه‌یر بكرێت، له خۆشی‌و ناخۆشی ئه‌و خێزانه به‌شدار بێت. وتیشی دیار زاوا لای خه‌سوو زیاتر جێگه‌ی ته‌قدیره، وه‌ك خه‌زوور یان كه‌سانی تری خێزان، ئه‌وه‌ش به‌لای منه‌وه ئه‌و سۆزی (ژن) ده‌گه‌ڕێته‌وه، ناوبراو ئه‌وه‌ی دوپات كرده‌وه كه ئاستی ڕۆشنبیری به‌پێی شوێن گۆڕاناكری له خۆیدا به‌دی ده‌كات، بۆیه به زۆری له شار له‌به‌ر پیشكه‌وتنی ئاستی ڕۆشنبیری ڕێز‌و خۆشه‌ویستی زاوا زیاتر ده‌گرن، وه‌ك له شوێنێك كه دیارده‌ی عه‌شایه‌ری تێدا هه‌بێت. ئاكام حه‌مه جه‌زا ـ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و به جیا‌و به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی هه‌بوو، وتی: په‌یوه‌ندی به‌جۆری كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه، له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ش په‌یوه‌ندی به جۆری بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و خانه‌واده‌یه هه‌یه، كه ئه‌و كچه ده‌دات به‌و كوڕه، پرسیاره‌كه زۆر جوانه به تایبه‌ت به‌لای ئه‌وانه‌وه كه له كۆمه‌ڵگه‌ی دواكه‌وتوو بابلێن ئه‌وانه‌ی تاسه‌ر ئێسقان كلتورییانهو عه‌شایه‌رانه بیر ده‌كه‌نه‌وه، ڕاسته به چاوێكی تره‌وه سه‌یری زاوا ده‌كه‌ن له نیو قسه‌كانیدا پرسیاری تری دروست كردوو وتی: له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا كچ به هایه‌كی ئه‌وتۆی نییه كه شانازی پێوه بكرێ، به‌تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كاندا كچ نیشانه‌ی لاوازی بووه، له‌كاتی له‌دایكبوونی مناڵ‌دا كه ده‌یانوت كچیان بووه، پێیان ناخۆش بووه، به‌ڵام كه كوڕ بووه مه‌ڕیان بۆ سه‌ربڕیوه؟ ئه‌م كچه كه گه‌وره بووه به‌درێژایی ته‌مه‌نی ژیانی به‌چاوێكی جیاوازتر سه‌یر كراوه، دواتر كهشووی كردووه به‌و كوڕه لای ئه‌و ماڵه مه‌رغوب نه‌بووه، ئه‌و ماڵه خه‌زورانی كه به‌م شێوه‌یه بیر ده‌كه‌نه‌وه به‌تایبه‌تی كه بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌یان هاوچه‌رخانه نییه له هه‌مانكاتدا ماڵه خه‌زووری وا هه‌یه له ڕووی تێڕوانینه‌وه هیچ جیاوازی نێوان كوڕ‌و كچ ناكه‌ن، ئه‌و خۆی به‌نموونه هێنایه‌وه‌و وتی: به چاوێكی جیاوازه‌وه سه‌یرم ناكرێ. زۆربه‌ی كات له ماڵی خه‌زوورم ده‌مێنمه‌وه، ئه‌و ئازادییه‌ی ئێستا له ماڵی خه‌زوورم هه‌مه له ماڵی خۆماندا نابیینم، هه‌ركاتێكیش تێڕوانینی كۆمه‌ڵگا گۆڕا بۆ كچ ئه‌و تێڕوانینه‌ش بۆ زاوا ده‌گۆڕێت، وتیشی: په‌یوه‌ندی دایك‌و كچ زۆر به‌هێزه وه‌ك له په‌یوه‌ندیی دایك‌و كور، زۆرجار په‌یوه‌ندی دایك‌و كچ ده‌بێته هۆی تێكدانی خێزانه‌كه‌شیان ئاگادارین، بۆنموونه: كاتێك ده‌یه‌وێ ئه‌م كچه‌یدا به‌و كه ئه‌یدا به كورشهكه ئینتیمای ئه‌و كوڕِه بۆ خۆیی بێت (بۆ خه‌سووه‌كه) خۆشه‌ویستی ماڵه باوكانی ئه‌و زاوایه، وانه كات كه له خۆشه‌ویستی دایكی بێبه‌ش بكات، به بڕوای ئه‌و، زۆرجار مه‌سه‌له‌كه خۆشه‌ویستی نییه، مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه كه زاوا له عادهتو ته‌قالیدی ئه‌مان په‌روه‌رده بێت وه‌ك له عادهتو داب‌و نه‌ریتی ئه‌و خانهوادهیهیی كه ئه‌و زاواییهی تێدابووه، "په‌یوه‌ندی دایك‌و كچ زۆر تۆكمه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌شه خۆشه‌ویستی بۆ كوڕه‌كه هه‌یه". دایكی ده‌یه‌وێت كچه‌كه‌ی به‌خته‌وه‌ر بێت، په‌یوه‌ندی زاواكه له‌گه‌ڵ خهسووهكهدا به‌هێزتره وه‌ك له خه‌زوور. مامۆستا دانا فازیل ـ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كه به چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كی زیاتر باسه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند كرد‌و به‌مشێوه‌یه هاته گۆ؟ سه‌ره‌تا بۆ هه‌موو حاڵه‌تێك هۆكاری جیاواز هه‌یه ده‌گۆڕێت به‌پێی كات‌و شوێن‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تر، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕای خۆم ده‌خه‌مه ڕوو.. حاڵه‌تێكی ئاساییه كه (زاوا) به كه‌سێكی غه‌ریب ته‌ماشا بكرێت‌و نه‌بێته كه‌سێكی سه‌ره‌كی خێزان، چونكه یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای ژن‌و ژنخوازیی دروست بووه‌و سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندی خێزانه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن دروست بووه، كه دووه‌میان به‌هێزتره‌و هه‌میشه‌ییه. دووه‌م: له ڕووی كاته‌وه له‌سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا ئه‌و په‌یوه‌ندییه خزمایه‌تییه دروست بووه، كه به درێژه‌ی مێژوی ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانه‌دا كه‌متره له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی تری ئه‌و خێزانه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هۆكاری تریش هه‌یه كه ئه‌م دیارده‌یه قه‌تعی نییه، له زۆر حاڵه‌تدا هه‌یه كه زاوا به كه‌سێكی زۆر سه‌ره‌كیی خێزان ته‌ماشا دهكرێتو ئه‌وه‌ش وه‌ستاوه‌ته سه‌ر كه‌سیه‌تی زاوا‌و جۆری خێزان‌و ئه‌و بارودۆخه‌ی كه تێیدا دێته پێشه‌وه هه‌روه‌ها سروشتی مرۆیی ئه‌و تاكانه‌ی كه پێكه‌وه ده‌ژین په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه. به نیسبه‌ت خهسووشهوه كه تا چه‌ند زاوای خۆش دهوێتو په‌یوه‌ندییان چییه؟ زۆر دیارده هه‌یه له سروشتی مرۆیی‌دا قوڵاییه‌كی زۆری هه‌یه، به سانایی ناتوانرێ شی بكرێته‌وه، له‌وانه‌ش ئه‌م دیاردانه، چه‌ند هۆكارێكی بۆ خستینه ڕوو. یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی زاوا به خه‌سووه له ڕێگه‌ی كچهكهوهیه، كه دایك‌و كچ په‌یوه‌ندییان زۆر به‌هێزه، به هه‌مان شێوه هه‌ردوو هاوسه‌ر په‌یوه‌ندییان به‌هێزه، كه‌واته ئه‌نجامی كۆتایی دوو په‌یوه‌ندی به‌هێز ده‌بێته دروستبوونی په‌یوه‌ندی به‌هێزی سێهه‌م. دووه‌م: به‌هێزی په‌یوه‌ندی نیوان خه‌سوو زاوا له به‌رانبه‌ر لاوازی په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌سوو بوكدا ده‌پێورێت، كه یه‌كه‌میان خه‌سوو پێی وایه كچه‌كه‌ی له ده‌ست نه‌چووه‌و خۆشه‌ویستی دایك‌و كچ هه‌روه‌ك خۆی ماوه‌و بگره زیاتری كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه پێی وایه خه‌سوو خۆشه‌ویستی كوڕه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ستداوه‌و كچێكی تر هاتووه خۆشه‌ویستی كوڕه‌كه‌ی خۆی بردووه بۆییو كوڕه‌كه‌ی لێی زه‌وت كردووه، كه‌واته پێیوایه خۆشه‌ویستی كوڕه‌كه بۆ دایكی كه‌مبووه‌ته‌وه‌و له‌جیاتی ئه‌وه چووه بۆ كچێكی تر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زاوا ده‌توانێت ڕێزی دایكایه‌تی به‌رانبه‌ر خه‌سوو بنوێنێت، به‌ڵام بووك ناتوانێت ئه‌و كاره بكات. خاتوو ڕه‌عنا كه ته‌مه‌نی نزیكه‌ی (60) ساڵ ده‌بێ به دڵێكی فراوانوبه ڕوویه‌كی خۆش وه‌ڵامی داینه‌وه‌و وتی: هه‌شت زاوام هه‌یه له هیچیان لاریم نییه، هه‌مویان به‌یه‌ك چاو سه‌یر ده‌كه‌م، سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی خه‌سوو بۆ زاوا وتی: په‌یوه‌ندی به كه‌سیه‌تی زاواوه هه‌یه، تا چه‌ند كچهمی خۆشه بوێت، ئه‌وه‌نده شایانی ڕێزگرتنه له‌لای من، چونكه كچه‌كه‌م جگه‌رمه هه‌ر ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه زاواكانم زۆر خوێش بوێن. وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌منه خان كچێكی شووی كردووه‌و سێ كچی بۆ كوڕه‌كانی هێناوه، وتی: بۆ هه‌ردوو پرسیاره‌كه‌م ته‌نها ئه‌و په‌یوه‌ندی پێشینانه دێنینه‌وه به نموونه بۆتان: ئه‌گه‌ر گوێ ئازیز بێ، گواره‌ش ئازیزه. مه‌ریه‌م عه‌لی كه چوار زاوای هه‌یه، وه‌كو باقی خهسووهكانی تر پێی وتین: زاواكه مه‌حره‌مه به ماڵمان، تۆ ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌ی خۆت بوێ ده‌بێ له به‌رامبه‌ریدا زاواشت بوێ. كه خوای گه‌وره‌ش به ئێمه‌ی مه‌حره‌م كردووه، كردوویه‌تی به كوڕی ئێمه ده‌بێ ڕێزی بۆ دابنێن، وه‌كو كوڕی ئه‌و ماڵه سه‌یری بكه‌ین، وتیشی: هیچ جیاوازی له نێوان زاواكانمدا ناكه‌م، شه‌رع ده‌ڵێ وه‌كو منداڵه‌كانی خۆت وایه، خۆشه‌ویستیم بۆ كچه‌كه‌م وام لێی ده‌كات كه زاواكهشم خۆش بوێ هه‌میشه لام به‌ڕێز بێت.
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/badwadachun/badwadachun-2010-04-23-4116.html