|
|
|
|
|
|
لەماوەی (5) ساڵدا 22 منداڵی نا شەرعی هێنراونەتە دادگای دهۆك
ماڵپهڕی سایه
سێشهممه-30-ئازار(مانگی 3)-2010
بەگوێرەی زانیارییەكانی دادگای دهۆك تەنها لەماوەی (5) ساڵدا 22 منداڵی نا شەرعی هێنراونەتە دادگای دهۆك و بەپێی بڕیاری دادگا لەسەر ناوی ئەو خێزانانە تۆماركراون كە داوای بەخێوكردنیان دەكەن، ژنێكیش كە منداڵێكی لەو شێوە بەخێودەكات، ئاماژە بەوە دەدات بەترسەوە لە ئایندەی منداڵەكەی دەڕوانێت. دادوەر عەبدوڵڵا گۆران لە دادگای دهۆك لە لێدوانێكی تایبەتدا، راگەیاند لەماوەی پێنچ ساڵی رابردوودا، 22 منداڵی نا شەرعی هێنراونەتە دادگا و خەڵكی دهۆك بە مەبەستی بەخێوكردنیان بۆ خویانیان بردون، وتیشی "كاتێك ئەو ژن و پیاوانەی دێنە لامان و رازین بە بەخێوكردنی منداڵەكە، دادگا لاری نییە و ئەگەر قبووڵیشیان بێت، منداڵەكە دەكەینە سەرناوی ئەو دایك و باوكە". دادوەر عەبدوڵڵا نایشارێتەوە ترسیان لەوەش هەیە كە ئەو منداڵانە كاتێك گەورە دەبن و زانیان لەو دایك و باوكە نەبوون و بە ناشەرعی لەدایكبوون، بچنەوە دادگاو داوای ناوی دایك و باوكی راستەقینەی خۆیان بكەن، وتیشی "لەبەر ئەوەی ئەو منداڵە ناشەرعییانە دوو جۆرن، یەكێكیان ئەوانەن كە دەبینرێنەوە و كەس نازانێت منداڵی كێن، جۆرەكەی تریان تەنها دایكیان دیارە، لەبەر ئەوە دادگا ناتوانێت لە ئایندە هیچ زانیارییەك لەمڕووەوە بەو منداڵە بدات". لای خۆیەوە دادوەر كەمیلا عەلی سالم سەرۆكی دادگای هەرزەكاران لە دادگای دهۆك لە لێدوانێكی تایبەتدا، راگەیاند ئەگەر یەكێك لەو منداڵە ناشەرەعییانە دواڕۆژ ویستیان ناوی باوك و دایكی خۆیان بزانن، دادگا پێیان ناڵێت، وتیشی "هەر ئافرەتێك منداڵی نەبێت دەتوانێت رووبكاتە دادگاو ناوی خۆی تۆمار بكات بۆ ئەوەی منداڵێكی لەو شێوەیەی پێبدرێت"، هەروەها وتیشی "دادگا لێكۆڵینەوە دەكات كە ئایا ئەو خێزانە پێویستیان بەو منداڵە هەیە، ئەگەر هاتوو ئەو مەرجانەی پێوێستن لای خێزانەكە هەبوون، ئەو منداڵە ناشەرعییانەیان پێدەدرێت، بەمەرجێك توانای بەخێوكردنی هەبێت". سەرۆكی دادگای هەرزەكاران لەشاری دهۆك وتیشی "هەندێك مەرج هەیە دەبێت ئەو خێزانانە جێبەجێیان بكەن، بۆ نموونە ئەگەر منداڵەكە كچ بێت دەبێت بەخێوی بكات تا شوو دەكات، خۆ ئەگەر كوڕیش بوو تا ئەو كاتەی هاوسەرگیری دەكات دەبێت لای ئەوان بێت و دەبێت پێداویستییەكانی ژنهێنانی بۆ دابین بكەن". دادوەر كەمیلا روونیشی دەكاتەوە بەپێی قانونی باری كەسێتی عێراقی ئەو منداڵە ناوی دەخرێتە سەرناوی ئەو دایك و باوكەو ئەگەر گەورەش بوو، دەتوانێت سێیەكی میراتی ئەو خێزانە بۆخۆی ببات، وتیشی "قانونی ژمارە 26ی ساڵی 2006 چارەسەری ئەو بابەتەی كردووە، چونكە كاتێك ئەو منداڵە ناشەرعییەی دەبینرێتەوە، بە عێراقی هەژمار دەكرێت، بەمەرجێك ئەگەر دایكی ئەو منداڵە دیارنەبێت"، هەروەها وتیشی "بەڵام ئەگەر ناوی باوكی دیار نەبێت دادگای هەرزەكاران هەڵدەستێت بەدانانی ناوێك بۆ باو و باپیری منداڵەكە، لەگەڵ دەستنیشانكردنی شوێنی لەدایكبوون و ساڵی لەدایكبوونیان". نازدار عارف ژنێكی تەمەن 45 ساڵە، دانیشتووی شاری دهۆكە، ئەو یەكێكە لەو كەسانەی منداڵی ناشەرعی بەخێو دەكات، بەمجۆرە دوا و وتی "زیاتر لە 20 ساڵە شوم كردووە تا ئێستا هیچ منداڵێكم نییە، لەبەر ئەوە رۆژێك چوومە دادگای دهۆك بۆ هێنانی ئەو منداڵانەی دراون بەدادگا"، نازدار وتیشی "ئەو منداڵە ئێستا لای منەو وەكو ئەوەی منداڵی خۆمبێت بەخێوی دەكەم". نازدار بەترسەوە لە ئایندەی ئەو منداڵە دەڕوانێت و وتیشی "خزم و دراوسێكانمان بەچاوێكی خراپ دەڕواننە ئێمە، چونكە رازیبووین منداڵێكی لەو جۆرە بەخێو بكەین، لەبەر ئەوە لە ئایندەی ئەو منداڵە دەترسم كە هیچ تاوانێكی نەكردووە و مافی ژیانی هەیە. ماڵپهڕی سایه
|
|
------------------------
www.xezan.org/arts/amar/amar-2010-03-30-2729.html